18/03/2026
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماری هێرشی دوو ڕۆژ ڕادەگەیەنێت.
ئامارى رۆژی سێ شەمە ٢٠٢٦/٣/١٧
(٣)هێرشی درۆنی و (٢)هێرشی موشەکی کراوەتە سەر شاری سلێمانی - بارەگای هێزەکانی (٧٠)
لەدەرئەنجامی هێرشەکاندا دوو پێشمەرگەی وەزارەتی پێشمەرگە بەسووکی برینداربوون و هەروەها زۆربەی هێرشەکان لەئاسمان تێکشکێنراون.
(٢) هێرشی درۆنی کاتژمێر ٣:٥٠ خولەک کراوەتە سەر شاروچکەی کۆیە -کەمپی پەنابەران.
دوو کارمەندی ئاگركوژێنەوەی خلیفان به سوكى بریندار بوون له كاتى جێبەجێکردنی ئەرک و فەرماندا.
ئامارى ڕۆژى چوارشەمە ٢٠٢٦/٣/١٨
(٢)هێرشی درۆنی کراوەتە سەر شاری سلێمانی - بارەگاى هێزەکانی (٧٠)
(١) هێرشی درۆنی کاتژمێر (دوو)ی سەرلەبەیانی کراوەتە سەر سەنتەری شارۆچکەی کۆیە، لەدوای کاتژمێر ١:٣٠ خولەکی دووا نیوەڕۆ تائێستا (٦) هێرشی درۆنی کراوەتە سەر شارۆچکەی کۆیە -کەمپی پەنابەران.
هیچ زيانێکی گيانى نەبووە و زۆربەی هێرشەکان لەئاسمان تێکشکێنراون.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش - سلێمانی
پارێزگای سلێمانی - محافظة السليمانية
04/03/2026
چەند رێنماییەکی پێویست بۆ دەزگاکانی راگەیاندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەروماڵی هاوڵاتییان و گیانی رۆژنامەنووسان، ئەم رێنماییانە بەپێویست دەزانین کەڕاگەیاندنەکان لەکاتی ڕووماڵی ڕووداوەکانی ئەم ماوەیەدا ڕەچاوی بکەن.
١-بەهیچ جۆرێک تیمی میدیایی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەکاتی ڕووداوە ئەمنییەکاندا بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە دەزگاى ئاسایش لەشوێنی ڕووداوەکان نزیک نەبنەوە و لەنزیکەوە ڤیدیۆی شوێنەکان بڵاونەکەنەوە.
٢-پەیامنێر و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەکاتی گواستنەوەی زانیارییەکاندا لەسەر ڕووداوەکان پێش دەزگا ئەمنیەکان نەکەون و تەنها ئەو زانیارییانە بڵاوبکەنەوە کە لەسەرچاوەی فەرمییەوە لە دەزگا ئەمنییەکان دەستیان دەکەوێت.
٣- پەلە نەکەن لەبڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ئەو شوێنانەی کە بۆردوومانکراوە تا ئەو کاتەی لەلایەن لایەنە ئەمنییەکانەوە زانیاری فەرمی بڵاودەکرێتەوە.
٤-دەزگاکانی ڕاگەیاندن خۆیان بەدووربگرن لەو جۆرە هەواڵانەی کە ناڕاستن و ترس و دڵەڕاوکێی لەناو بازاڕ و هاوڵاتییاندا دروست دەکەن، هەروەها خۆیان لەبڵاوکردنەوەی ئەو زانیاری و هەواڵانە بپارێزن کە لەمیدیا بیانییەکانەوە بڵاوبووەتەوە و حاڵەتی پڕوپاگەندەیان هەیە و دژە بە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان.
٥-هەرێمی کوردستان لەم جەنگ و ئاڵۆزییەدا بێ لایەنە و نابێتە بەشێک لەم جەنگە، هەربۆیە لەبڵاوکردنەوەی هەر جۆرە هەواڵ و ڕاپۆرت و زانیارییەک کە ناکۆکە لەگەڵ ئەم بێ لایەنییە خۆیان بپارێزن.
٦- بەهیچ شێوەیەک ڕێگەنادرێت ڕیکۆردی کامێراکانی چاودێری ماڵان و شوێنە گشتییەکان بەمەبەستی بڵاوکردنەوە بەکاربهێنرێت لەکاتی ڕووداوەکاندا لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیادا.
٧- وتەبێژی دەزگاى ئاسایش بە تاکە سەرچاوەی ڕاست و دروست بزانن بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەسەر ڕووداوەکان.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش - سلێمانی
پارێزگای سلێمانی - محافظة السليمانية
03/03/2026
دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەمشەو ٢٠٢٦/٣/٣کاتژمێر ١٠:٢٠دەقیقە، بەهۆی هێرشی درۆنیەوە گردی ریعایە لەسلێمانی کەناسراوە بە گردی ( UN )کرایە ئامانج.
دەستبەجێ تیمەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەکان دەستیپێکرد، لەئەنجامدا دەرکەوت کەهێرشی درۆنی بووە و هیچ زیانێکی مرۆیی نەبووە و لێکۆڵێنەوە لەڕووداوەکە بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش - سلێمانی
پارێزگای سلێمانی - محافظة السليمانية
18/02/2026
دەزگای ئاسایشی هەرێم، ڕایدەگەیەنێت ڕووداوەكەی ئەمشەوی نزیك بازگەی كەڵەوانان، ڕووداوێكی هاتووچۆی ئاسایی بووە.
دەستبەجێ لەسەر ئەم ڕووداوە تیمەکانی لێکۆڵینەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدەن و دەردەکەوێت، ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندگرۆزی دڕع بووە بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە وەرگەڕاوە و گڕی گرتووە.
لەڕووداوەکە دوو سەرنشین لەئۆتۆمبێلەکەدا هەبووە و کەسێکیان گیانی لەدەستداوە.
عەقید/ کارزان شێرکۆ _ وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش - سلێمانی
پارێزگای سلێمانی - محافظة السليمانية
18/02/2026
دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیرکردنی باندێکی بازرگانی چەک و تەقەمەنی ڕادەگەیەنێت.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور، دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر باندێکی بازرگانی چەک و تەقەمەنی، بەدواداچوون و چاودێری وردیان ئەنجامدا و توانرا لەڕۆژی٢٠٢٦/٢/١٦ لەشارەدێی تەوێڵە ٣ بازرگانی چەک دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر ٥٠ چەکی جۆری دەمانچە.
لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی ١٣ لەیاسای چەک، ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسییەکانیان بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش - سلێمانی
پارێزگای سلێمانی - محافظة السليمانية
16/02/2026
دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیرکردنی ئەندامی باندێکی ساغکردنەوەی دراوی تەزویر ڕادەگەیەنێت.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر باندێکی ساغکردنەوەی دراوی تەزویر، بەدواداچوون و چاودێری ورد ئەنجام دەدات.
دوای ئەوەی لە ٢٠٢٦/٢/١٦ ئەندامێکی باندەکە دێتە شاری سلێمانی بەمەبەستی ساغکردنەوەی بڕی ( ٤٠ )هەزار دۆلاری ئەمریکی، بەگەیشتنی بۆ شاری سلێمانی هەوڵی دەستگیرکردنی دەدرێت لەلایەن هێزەکانی ئاسایش، بەڵام تۆمەتبار ئامادە نەبوو خۆی ڕادەست بکات و دوای ڕووبەڕوبونەوە بەبرینداری دەستگیرکرا و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
لەئێستادا تۆمەتبار بەماددەی ( ٢٨١ )لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش - سلێمانی
پارێزگای سلێمانی - محافظة السليمانية
13/02/2026
دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیرکردنی بکوژی ئافرەتەکەی شاری سلێمانی ڕادەگەیەنێت.
پاشنیوەڕۆی دوێنێ ٢٠٢٦/٢/١٢ لەیەکێک لە پڕۆژە نیشتەجێبوونەکانی شاری سلێمانی، ئافرەتێک بەچوار فیشەک دەکوژرێت، لەسەر ئەم ڕووداوە دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بەدواداچوونی دەستپێکرد بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری بکوژ.
لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت تۆمەتبار بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە تاوانەکەی ئەنجامداوە و هەوڵیداوە لەڕێگەی برایەک و زاوایەکی هەڵبێت بۆ دەرەوەی هەرێم، دوای چاودێری وورد و دەستنیشانکردنی شوێنی تۆمەتبار بەیانی ئەمڕۆ تۆمەتباری بکوژ و دوو هاوکارەکەی دەستگیرکران.
لەئێستادا تۆمەتباری بکوژ بەماددەی ٤٠٦ لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و هەروەها هەردوو تۆمەتباری هاوکاری پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسییەکانیان بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش - سلێمانی
پارێزگای سلێمانی - محافظة السليمانية
04/02/2026
دەزگای ئاسایش هەرێم، دەستگیرکردنی ٧ ت.یر.ۆر.یست ڕادەگەیەنێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش دوای بەدواداچوونەکانی لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، لەچەند ئۆپراسیۆنێکدا
لەمانگی ١ ی ٢٠٢٦ لەسنووری پارێزگای سلێمانی، توانرا ( ٧ )
ت.یر.ۆر.یستی داواکراوی دادگاکانی عێراق دەستگیربکەن،
ت.یر.ۆر.یستان بەمەبەستی خۆحەشاردان هاتبوونە سنوورەکە.
لەئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بەماددەی ( ٤ )لەیاسای ت.یر.ۆر
ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسییەکانیان بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش - سلێمانی
پارێزگای سلێمانی - محافظة السليمانية
04/02/2026
دەزگای ئاسایشی هەرێم، تۆمەتبارێکی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەستگیردەكات.
دوای بڵاوبونەوەی چەند گرتەڤیدیۆیەکی تۆمەتبار (ڕێکاری حاجی عەلی) لەتۆڕەکۆمەڵاتییەکان، کە بەشێوەی نەشیاو مامەڵە لەگەڵ کەسانی بەرامبەری دەکات، لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان و بەدواداچوونمان، شەوی ڕابردوو تۆمەتبار دەستگیرکرا.
لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان لەئێستادا تۆمەتبار بەپێی ماددەی (٢)لەیاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکەی بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش - سلێمانی
پارێزگای سلێمانی - محافظة السليمانية