18/04/2026
شەهید غەزاڵ و بەرگرینامەیەک لە خەڵک!
لەمەڕ کەیسی شەهید (غەزاڵ مەولان)، پرسیار و گومان، لەسەر بێدەنگی خەڵکێکی زۆر درووست کرا؛ لەسەر ئەوەی بۆ لە پرسی هێرش بۆ سەر ڕۆژئاڤا خەڵکی سلێمانی و چالاکوانەکان هەڵوێستیان هەبوو، ئەی بۆ لە کەیسەکەی غەزاڵی شەهید، بێهەڵوێست بوون؟! بەم هۆیەوە کوێرانە و بێڕەحمانە، سوکایەتی و بیڕێزییەکی لە ڕادەبەدەر کرا.
دیارە لە کاتی ڕووداوی دڕندانەی شەهیدبوونی ئەو خاتوونە، ئەو دوو ڕۆژە لەگەڵ چەند هاوڕێیەک، بە هەندێک کاری خۆمان، لە سنوری قەڵادزێ و ڕانیە بووین. بەڵام لە دوای گەڕانەوەمان و درووستبوونی ئەو هەڵایە، منیش یەکێک بووم لەو هەزاران کەسەی، کە هەستم بە ئازاری ویژدان و ئیحراجی دەکرد!
لە خۆم دەپرسی هەر بەڕاست تۆ بڵێی: لە شاری هەڵمەت و قوربانیدا مزگەوتێک، یان ماڵێک نەبوبێت دەرگا بۆ ئەم شەهیدە بکاتەوە؟! تۆ بڵێی: لەم شارە گەورەیەدا، کە لە لایەن خێرخوازانەوە دەیان ئۆتۆمبێلی داخراوی تایبەت، بۆ گواستنەوەی تەرم (بە بێ بەرامبەر) تەرخانکراوون، کەچی هیچکام لەوانە، غیرەتی ئەوەیان نەبوبێت، تەرمی شەهید غەزاڵ بۆ گۆڕستان بگوازنەوە، ئەمەش وای کردبێت تەرمەکە لە گەڵابەی پێکابێکدا، بەو جۆرە دابنرێت؟!
لەوەش کارەساتبارتر تۆ بڵێی: لە نزیکەی دوو ملێون هاووڵاتی کورد لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، تا دەگاتە ئیدارەکانی ڕاپەرین و گەرمیان، ئەوەندە خەڵک دەستنەکوتبێت، کە سەر قەبرانەکە قەرەباڵخ بکەن؟! ئەی ئەگەر بابەتەکە، هێندە پڕ لە ترسناکی و پەشۆکان و تەنهایی بووە، ئەوە چۆنە بە کامێرا چرکە بە چرکەی تۆمار کراوە و مایک و وتاردان و مەراسیمی چەکداریش ڕێکخراوە؟!
لەم سۆنگەیەوە بڕیارمدا، بەدواداچوون بکەم:
سەرەتا، تەلەفۆنێکم بۆ خاتوو پەیمان عێزەدین کرد و پرسیم: تۆ ئاگاداری ئەم بابەت و پرسە بووی؟ گووتی: نەخێر ئاگاداری نەبووم. دواتر تەلەفۆنێکم بۆ کاک ئەبوبەکرهەڵەدنی کرد، ئەویش گووتی: نەخێر ئاگادار نەکراووم. هەروەها تەلەفۆنێکم بۆ کاک حاکم شێخ لەتیف کرد، هەم دیس ئەویش گووتی: نەخێر قوربان هیچ کەس خەبەری پێ نەداوم. نەک هەر ئەوەندە بەڵکو ئەم بەڕێزانەش ئەوەیان نەشاردەوە، کە نیگەرانن لەوەی ئاگادار نەکراون.
بۆ ئەم ناوانەم هێنا؟ چونکو ویڕای بوونی جیاوازی لە بۆچونماندا، بەڵام لە ڕابردوودا، لەسەر چەندین پرسی پەیوەندیدار بە خەمی گشتی و کوردبوون و نیشتیمان، (لەگەڵ چەندین هاوڕێی تریشدا)، یەکتر ئاگادارکردنەوە و ڕاوێژ و کار و چالاکی هاوبەشمان هەبووە و هەیە.
لە بەدوداچوونەکانم بەردەوام بووم؛ بە زمانێکی گللەیی ئامێزەوە تەلەفۆنێکم بۆ کاک کەمال ڕەوف خاوەنی دەزگای شارپرێس کردو لێمپرسی: تۆ ئاگاداری ڕێوشوێنی پرسەی شەهید غەزاڵ بوویت؟ گوتی: ئاگاداری نیوەی بابەتەکە بووم. هەروەها گوتیشی: هەر لەسەرەتاوە وا بە باش زانرابوو، چەند کەسێکی کەم بەشداری مەراسیمی ناشتنەکە ببن، بەڵام کاتێک چوینە سەر قەبرستان، لە کاتژمێر دوو تا سێ چاوەڕێ بووین، دواتر لە برادەرانی کۆمەڵەوە هەواڵ هات، کە بە هۆی باری ئەمنییەوە ناشتنەکە ناکرێت، ئیدی گەڕاینەوە. بەڵام دواتر ئێمەش شۆک بووین، کە لە فەیسبوکەوە بینیمان بەو جۆرە مەرسیمەکە بەڕێوەچووە!
هەر لە بەدوادچوون بەردەوام بووم، لە دۆستێکی خۆم لەناو کۆمەڵەی زەحمەتکێشان پرسی، لە وڵامدا گوتی: بەڵی بە هۆی باری ئەمنیەوە خۆمان بڕیارماندا قەرەباڵخی نەکرێت و لە سنورێکی دیاریکراودا مەراسیمەکە بەڕێوەبچێت و گۆڕانکاری لە کاتەکانیشدا کرا، بەڵام بەداخەوە بە زانینبێت یان بە نەزانی، بە لاڕێدا برا و نەمزانی ئاوا دەکەوێتەوە. هەروەها گووتی: تەنانەت بەشێک لە هاووڵاتیانی کوردی ڕۆژهەڵات و لایەنەکانی تریش، کە لەم سنورە نیشتەجێن، نیگەران بوون لەوەی، کە ئاگادار نەکراون.
هەر دوێنی نەوید میهراوەر ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵە، لە لێدوانێکدا کۆمەڵێک ڕاستی تریشی خستەڕوو و گووتی: (لەبەر ئەوەی گواستنەوەی تەرمەکە زۆر ئاشکرا نەبێت، لە هیچ ئۆرگانێک یان لایەنێک داوای ئامبۆڵانسمان نەکرد. بە باشمان زانی بۆ ڕەچاوکردنی دۆخی ئەمنی، بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی تەرمەکە بگوازرێتەوە). هەروەها نەوید میهروەر ئەوەشی گووت: (بەپێی زانیارییەکان، مزگەوتی شێخ سەعیدی پیران ئامادەکرابوو).
بەم جۆرە دەردەکەوێت: زۆرێک لەو چیرۆک و قسە و باسانەی، کە لەسەر کەیسی شەهید غەزاڵ گوتران و نوسران، ڕاست نەبوون، بەڵکو چەواشەکردنی ڕای گشتی بوون.
سەبارەت بە پرسی کەمتەرخەمی نەخۆشخانەکانیش پێمخۆشە ئەوە بڵێم: بەدەر لەوەی سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ ماندبوونی ستافی هەردوو نەخۆشخانەی شۆڕش و بەخشین هەیە، لە هەمان کاتدا پێم وایە: کاتێک بریندارێک دەبرێتە بەردەستیان، جا کوردبێت یان غەیرەکورد، ئیدی دەبێت هەموو یاساو ڕێنماییەک بەلاو بخرێت، تا ئەو کاتەی بریندارەکە چارسەر دەکرێت. لەم ڕووەوە هەر کەمتەرخەمییەک کرابێت، لادان و بێڕەوەشتییە بە پیشەی پزیشکی و پێویستە لێپرسینەوە بکرێت.
لە گەڵ ئەوشدا زۆر دڵنیام (بەشێک) لەو گوشارانەی کە لەسەر نەخۆشخانەی بەخشین درووستکراوە، هی ئەویە کە موڵکی حیزبێکی لاوازی ئیسلامییە. ئەگەر نا، خۆ نەخۆشخانەی شۆڕشیش تا ئەندازەیەکی زۆر هی یەکێتییە، کە حزبێکی گەورەترە و لە حکومەتیشدایە. بۆیە دەبوو ڕەخنەی هەمووان زیاتر ڕوو لە کەموکوڕیەکانی ناو نەخۆشخانەی شۆڕش بێت، کەچی خودی قسەبێژەکانی کۆمەڵەی زەحـەتکێشانیش پاساویان بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش دەهێنایەوە!
سەرئەنجام، بە ناوی هەزاران کەسەوە کە غەدریان لێکرا دەپرسین: ئەگەر مەراسیمی ناشتنی شەهید غەزاڵ، لەبەر باری ئەمنی پێویستی بە بێدەنگی هەبوو، ئەی بۆ بابەتەکەتان وەها خستە ناو میدیاو سۆشیاڵمێدیاکانەوە، کە گوایە خەڵکی ئەم شارە بێهەڵوێستبوون؟! خۆ بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر پێویستی بەوە هەبوو هەزاران کەس لە ژن و پیاو بچنە سەر قەبرستان و مەراسیمێکی شکۆداری بۆ ڕێکبخرێت، ئەی بۆ لە هەمان ئەو پەیج و مێدیایانەوە بانگەوازتان بۆ خەڵک نەکرد، تا پێکەوە لە سلێمانیەوە، بە یەک دەنگی، بانگی حەق و کۆڵنەدان بە گوێی دووژمن و داگیرکەردا بدەین؟! ئەگەر پێتان وابوو: کەیسی غەزاڵ کەیسی کوردبوونە، بۆ ڕێگەتاندا، بکرێتە بابەتی ململانێی نێوان تیڤییەکانی وەک: ئاڤا و کەناڵ8 و کوردستان ٢٤ و گەلی کوردستان و ڕوداوو؟!
لە کۆتاییدا دەپرسم: کە خودی حیزبی کۆمەڵە نەیوسیتبێت خەڵک ئاگاداربێت، ئیدی گوناهی خەڵک چییە؟! ئایا ئێستا خەڵک و ئێمەومانان حەقی گللەیی و گومانکردنمان نییە؟! ئایا ئەم هەڵایە هەر لە بنەمادا بۆ سفرکردنەوەی ئەو ڕۆڵە گەورە و مێژووییە نەبوو، کە خەڵکی هەرێم بە گشتی و سلێمانی بە تایبەتی لە پرسی ڕۆژئاڤادا گێڕایان؟! ئایا بەم جۆرە لە پەرتەوازەیی و کارکردن دەتوانین ڕووبەڕووی ئەو مەترسییانە ببینەوە، کە لەسەر گەلەکەمان درووست دەبن؟ ئایا ئەمە بۆ خۆبەپاڵەوان کردن نەبوو؟! ئایا ئەم بابەتە تێکەڵ بە کەیسەکانی سەرۆککۆمار و گۆڕینی پارێزگاری کەرکوک و ململانێی نەگریسی مەلایی و جەلالی نەکرا؟ ئەپرسم لە دوای ئەو هەموو گومان و سوکایەتییەی، کە بە خەڵک کرا، ئایا ویژدانتان ئاسودیە؟! ئایا هی ئەوە نیە ئەو بەڕێزانەی لەم مەسەلەیەدا ڕۆڵێکی نەرێنیان گێڕا و درز و گومانیان درووست کرد، داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن؟
ڕۆحی شەهید غزاڵ و کۆی شەهیدان شادبێت، مردن و سەرشۆڕشی بۆ تەواوی دوژمنانی گەلەکەم.
نوسینی: عەبدوڵای مەلا نوری
هەندێک ڤیدیۆو بەڵگەم لە کۆمێنت داناوە
07/04/2026
دیسان قبوڵی ناکەن!
سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی هەرێم،
هەم دیس، لە کەناڵە فاسدەکانیانەوە، هەندێک قسەی سواو و هەڕەشەی دووبارەی بەرپرسانم بینی!
ئەمە لە کاتێکدایە، هەم خەڵکی کوردستان و هەم دوژمنیش چاک دەزانن، ماڵی ئەم (دەسەڵاتە بنەماڵەییە)، هێندە فشەڵ و پەرتەوازە و نابووتە، نەک سوپای نیشتیمانیان پێدرووست ناکرێ، تەنانەت ناتوانن بەبێ ئۆکەی درۆنوەشێنەکان، کاندیدی سەرۆککۆماریش یەکلایی بکەنەوە!
لەوەها دۆخێکدا، تەنیا خاڵی بەهێز، یەکڕێزی خەڵکە. وەک چۆن بۆ ڕۆژئاڤا هەمووان هاتینە سەرخەت، بە هەمان شێوە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، شەقام بکرێتە سەنگەر و تابلۆی بەرگری…
07/04/2026
زۆر بە داخەوەم، بۆ شەهیدبوونی ئەم دوو هاوسەرە،
لە خوا دەخوازم جێگایان بەهەشتبێت،
ئەم هێرشانە تیرۆر و ستەمێکی گەورەن، بەرامبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان،
شەرمەزاری بۆ ئەوانەی، کە لە پشت ئەم هێرشانەوەن؛ جا، ئەگەر خودی ئ/ێرانە یان هاوپەیمانەکانی…
20/03/2026
نەورۆزتان پیرۆز…
هاوڕێ و دۆستانی ئازیزم، جەژنی نەورۆزتان پیرۆزبێت…
لە خوا دەخوازم ئەم بەهارە، مژدەبەخشی هەڵوەرین و تیاچوونی داگیرکەران و بنەماڵە ستەمکارەکانی ناوخۆبێت،
هەروەک دەستپێکی ژیانەوە و سەربەستی و ئازادیبێت، بۆ گەلەکەمان…
20/03/2026
هاونیشتیمانیانی ئازیز…
جەژنی هەموو لایەکتان پیرۆزبێت،
یاخوا لە خۆشیدابن…
11/03/2026
وتارێکی کاک رەسول خدر، لەسەر
کتێبی مەشخەڵی ژیانەوە
سەرەتا هەر چەندە ناتوانم بەپێی شایستەیی لە هەموو هێڵ و نێوەڕۆکە جەوهەرییەکانی مەشخەڵی ژیانەوە بدوێم، بەڵام داواکارم خۆتان بیخوێننەوە.
لە مێژوودا هەندێ کتێب بە (ئینجیلی) شۆڕش ناوزەدکراون، بەواتای ئەوەی کتێبگەلێک بوون هەوێنی جوڵاندن و گۆڕانی مێژوو بوون، بەشداری کارایان لەداڕشتنەوەی هۆشیاری و ڕابوونی گەلاندا کردووە و پێشینەی چەخماخەی ڕاپەڕینێکی جەماوەری بوون.
ئەو کتێبانە ئیشیان بەوە کۆتایی نەهاتووە بەس وەسفی کێشەکانی دنیا بکەن، بەڵکو داوای گوڕینی دونیایان کردووە.
لەو چەند ڕۆژە دا کتێبی نایاب و شاکاری مەشخەڵی ژیانەوەم خوێندەوە، کە لە نۆزدە بەش و بابەتی گرنگ و گرێدراوی کێشەی بونیادە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئاینیی و حکومڕانیی و حیزبییەکەی پەیکەری کۆمەڵی کوردەواریی پێکدێت.
مەشخەڵی ژیانەوە هەوڵێکی چڕ و پڕی هزریی و هۆشیارانە و ئاگاییانەی ڕەسەن و خۆماڵیی وخەمخۆرانەی دڵسۆزانەیە.
هەڵقوڵاوی نێو دۆخی کێشە و ئاریشەکانی دونیای ئێمەیە، زۆر ڕاشکاو و ئازایانە پەنجەی لەسەر برین و بیماریەکان داناوە. وەڵامی زۆرێك لەو پرسیار و ئیشکالیەتانەی داوەتەوە، کە خەیاڵ و مێشکی زۆرێکمانی داگیرکردووە.
ئەو کتێبه هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەی هێز لەنێو دانایی دا، یان دانایی لەنێو هێزی ڕێکخستن و پەروەردەکردنی تاکێکی خودخاوەن دا، باس لە سێ پایەی سەرەکی کێشەکانی ئێمە دەکات، کە خۆیان لە خراپی دەستەبژێر و دەسەڵاتدارانی کورد لە قۆناغە جیاوازەکان و ڕۆڵی دووژمن و داگیرکەرانمان و لاوازی ئاستی هۆشیاریی گەل دەبیننەوە.
پێیوایە دوژمن بەر لەداگیرکردنی جوگرافیا و نیشتیمانمان عەقڵمان داگیردەکات ، بەناوی ئاینداریی لە قوتونراو و هاوردەکردنی کۆمەڵێک لێکدانەوەی ئامادەکراوی پێشوەختە بۆ خەساندنی عەقڵ و هۆش و ئیرادەی کورد.
دەڵێت: کەرامەت و ڕۆح پێکەوە دەتوانن مانا بەمرۆڤبونی مرۆڤبدەن. بێکەرامەتکردن و کوشتنی مرۆڤ وەک یەکن.
بۆیە هەبوونی ستەم و نادادپەروەریی و بێهەڵوێستی و قبوڵکردنی ستەم تاکی بێکەرامەت درووستدەکەن.
هەوڵێکە بۆ ئاشتکردنەوەی خەڵک بەسیاسەت و کاری چاکەی گشتی، چونکە دەسەڵات هەموو شتێک دەکات لەپێناو ناشیرنکردنی (سیاسەتکردن) و دوورخستنەوەی خەڵک لە کایەی سیاسی و خەم و مشوری گشتی.
لەم پێناوەدا کاری هەرەوەزی ئاڕاستەکراو و ڕێکخراوەیی بەهێز دەکاتە ڕێگەی سەرپێخستنی چاکەی گشتی، لە ڕێگەی هۆنینەوەی هێزی لەبن نەهاتووی پشتی گەل.
ئێمە دوو ڕێگامان لە پێشە: یان قبوڵکردنی بێهوایی و ڕەشبینی و ستەم و نادادی و وازهێنان لەسیاسەت، یان دەبێ هاوڵاتیان مەشخەڵی هیوای ژیانەوە هەڵگرن و چەکی سیاسەت بخەنەوە ژێر ڕکێفی خۆیان و خۆیان بەشداری کارای بڕیار و گۆڕانکاریەکان بکەن.
مەشخەڵی ژیانەوە هیوای هەستانەوەیە نەخشەی داڕشتنەوەی پاشەڕۆژێکی گەش و ڕووناکە، ڕێگای بونیادنانی ئایندەیەکی پڕشنگدارە...
نەمتوانیوە بەپێی شایستەیی خۆی باس لە کۆی هێڵە گشتیی و جەوهەریەکانی، بکەم بەڵام داواکارم هاوڕێیان بیخوێننەوە.
لینکی وتارەکە:
https://www.facebook.com/share/1AxivDwdpX/?mibextid=wwXIfr
10/03/2026
کورتە نامەیەک بۆ سەرۆکی یەکێتی…
ئەمڕۆ بیستم لە لایەن پەروەردەی سلێمانیەوە موچەی کۆمەڵێک مامۆستا بڕاوە، لەسەر ئەوەی (هەژماری من) یان پڕ نەکردوەتەوە.
ئەم بابەتە پێویستی بە شەرح و بێنەو بەردە نییە،
بەڵام تو ویژدانت بڕۆ تەماشایەکی قسەو باسەکانی ڕابردوی خۆت و پەرلەمانتارەکان و مێدیای حیزبەکەت بکەرەوە، بزانە چۆن هانی خەڵکتان دەدا داوای تەوتین بکەن و دژی هەژماری منبن؟!
ئاخر ئێوە نەبوون دەتانوت هەژماری مەسرور؟!ئەی خێرە ئێستا خۆتان بوونەتە قامچی دەستی بارزانی بۆ سزادانی ئەو مامۆستایانەی کە هەژماری منیان پڕ نەکردوەتەوە؟!
ئەگەر کاک بافڵ شتێک هەست بە بەرپرسیارێتی بکات، ئەوا پێویستە: داوای لێبوردن لەقسەکانی ڕابردوی بکات و بەڕێزەوە موچەی ئەو مامۆستایانە بنێرێتەوە بۆ ماڵەکانیان.
کورتە ڤیدیۆیەکی سەرۆکی یەکێتی لە کۆمێنتە
24/02/2026
چیرۆکی لیکوان یووی سەنگافورە و
کاک ئیبراهیم گەنجێکی خوێنەواری چەمچەماڵییە، ئێستا لە بەریتانیا دەژی، بەم جۆرە باسی دەکات…
ئەوەی ووشە نەنوسێت، ناتوانێت ڕەوڕەوەی مێژوو بگۆڕێت.
ئەو لە خێزانێکی مامناوەند گەورەبوو، تا خۆی گەیاندە لەندەن؛ شەوانی لە ناو کتێبخانەکانی زانکۆی کامبریج بەسەردەبرد.
بوو بە پارێزەر و ئیتر خۆی گلۆر کردەوە بۆ سەنگاپورا، چونکە بەو عیشقەوە هاتبووە دەرەوە. هەر ئەینوسی و کۆڵی نەئەدا ، ستونی ڕۆژنامەکان ماڵی فکری بوون؛ هاواری ووشەی دەچووە کەشکەڵانی فەلەک، تا ڕۆژێک نووسینەکانی بوونە کردار، کردارەکانی بوونە بەرنامەی ژیان، و ژیانی کۆمەڵگاکەشی بووە باسی من و تۆ و جیهان و هەوێنی ئەم نووسینەم.
ئەم زاتە، (لی کوان یوو)، ئەو باوکی ڕووحی و بنیاتنەری ئەم سەنگاپورەی ئێستایەیە کە لەسەر نەخشەی جیهان یەک قامکە، و لە هێزی ئابوریدا یەک چەپۆک.
نووسینە پچڕپچڕەکانی نەکردە کتێبێک وەکو مانیفێستۆ، بەڵکو بەردەوام وەکو ژەمە دەرمان دەدرانە نەخۆشکەوتوانی کۆمەڵگاکەی.
ئەم چیرۆکە بۆ من یەکانگیربوو لەگەڵ
خوێندنەوەی کتێبە ناوازەکەی کاک (عەبدوڵای مەلا نوری) بە ناوی (مەشخەڵی ژیانـــــــەوە). بەراوردکردن زۆر ئاستەمە و من ناگەمەوە ئەو ئاستە؛ وەلێ ئەشێ ئیلهامەکان و هیواکان لە خاڵێکدا لەیەک بدەن.
نووسینێک کە وردبوونەوە تێدا بێت و تا قوڵایی ناخی مرۆڤ بچێت و دەیان سەرچاوە و پرسی تێدا باسکرابێت، هەروەها سانا نیە. کتێبێکی سووککێشە، بەڵام جوڵێنەر و دڵبەرە، خۆی لە ٣٤٠ لاپەڕەدا کۆکردۆتەوە.
ئەوەی جێگەی باسە ئەوەیە؛ ئالودەت دەکات بە خوێندنەوە و بە هاوڕێبوونت، لەناو پاس و شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێل و کات و ناکاتدا.
بەدەر لەوەی خەمێکی قوڵی هەڵگرتووە و لەبری هەموان قسە دەکات، چیرۆکی پەندئامێزی تێدایە. ئەدەب و ئەدەبیات فەرامۆش نەکراون ، ئەمەش سەرەتۆپی کێکەکەیە و سەرنجت دەبات. بۆ من، نووسینێک پەروەردەئامێز نەبێت، قەڵەمم پێ هەڵناگرێ. ئەمە کەمەنکێشی کردم و وردورد بۆی ڕۆچووم؛ کە بێگومان هیچ شتێک لە کەموکوڕی و تێبینی دروستکەر خاڵی نیە.
-لە تەواوی نووسینەکەدا زۆر ووشەی جوانی کوردی بەکار هێناوە یان داتاشراون بۆ دیاردەکان، کە بوونەتە هێزی موگناتیسی خوێنەری کوردیزمان. شیکارییەکی ئەکادیمی جوان و بە سەلیقە بۆ سیستەمی (نیولیبڕالیزم) دەکات، بە تێکەڵکردن لەگەڵ ئەفسانە و خەیاڵ؛ بەڵام لە خەیاڵدا جێت ناهێڵێت، دەتداتە دەست واقع و بەرپرسیارێتی.
-لە پەناوپەسێری کتێبەکەدا زۆر جوان توێکاری بۆ بانگەشە و بەڵێنەکانی حزب دەکات، بەڵام دەبێت وردبیتەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو مروارییە ناو چەقی دەریای نووسینەکە.
پێش گەیشتن بە نیوەی کتێبەکە زۆر لێزانانە باسی ڕامکردنی مرۆڤ و هاوڵاتیانی ساویلە دەکات لە جوغزی کەرامەت و پێنەزانینی دەسەڵات.
-سەروەری یاسا و پەیوەستکردنی بە سیاسەتەوە وەڵامی ئەو پرسیارە دەدات: ئایا سیاسەت ئەو پێویستیەیە هەمووان بەشداربن تێدا؟ ئەو پێی وایە بەڵێ ئیجبارییە؛ ئەوە سیاسەتە کە کەسی باش ئەنجا بزاوتی باش ودواتر سەنگافورایەکی کوردی لەدایک دەبێت.
-بۆ سادەکردنەوەی تیزەکەی، جاروبارێک بە چیرۆکیکی بەناوبانگی هەستانەوەی نەتەوە یان وڵاتانی پێشکەوتوو باوەشێنی ژیلەمۆی ناخت دەکات تا زیاتر بگەشێتەوە. لە تەواوی کتێبەکەدا بە دەوری پەیکەری چیرۆکی (باوە عەمرە)دا دەسوڕێتەوە؛ هەرکە سەنتەرت لەدەستدا، وەکو خۆری دەمکەل سەرت لێ دەردێنێت و وانەیەکی ترت بە گوێدا دەدات.
-بێهیوایی لە هەندێک قۆناغدا خاسیەتی هەموو مرۆڤێکە؛ ئەو بە گەڕانەوە بۆ ژیانی سەروەرمان محمد (د.خ) باوەرت پێ دەهێنێت کە ژیان وا سادە نیە، و ئەو زاتە پیرۆزەش لەوە بەدەر نەبوو. دین وەکو پەیامێکی پیرۆز و خاوەنی ماکی گۆڕانکاری زۆر جوان ڕەنگڕێژ کراوە، و بە هەموو جۆرێک دینی (لەقوتونراو) ڕەت دەکاتەوە و پێی وایە هێندەی شتەکانی تر زەرەر لە تاک و کۆمەڵگا دەدات.
-چیرۆکی (هەکـــــار) لە پەرەکانی ناوەڕاست ڕەهەندی زۆری تێدایە، کە بۆ ئێستای کوردستان و ڕێکخراوەکان و هەندێک لە پیکهاتەی خێزانەکانیش ڕاستە. باسکردنی لێرە ماف نادات بەو ڕەهەندانە (هیوادارم خۆت بیخوێنیتەوە).
-بیستومانە ڕاگەیاندنی بەهێز و TV دەتوانێت بزاوتی باش سەرپێبخات؛ ئەو بە بوێرییەوە ئەمە ڕەت دەکاتەوە، پێی وایە ئەوانە جوڵەی دوای هەڵدانی زارن، مەرجی سەرەتا ڕێکخستنی خانەکان و مێشکی یاریکەرەکەیە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێکن لە ژیانی ئێستامان و نووسەر وەلای نەناوە؛ زلەیەکی میهرەبانی تێدایە بۆ بەخەبەر هاتنەوەی تاک، تا وەکو بە ئاسانی بڕوا بەو هەموو چالاکییە نادروستانە نەهێنێ و هیواکانی وچاغ کوێر نەبێت.
-ئیترکاتێک پەڕەکانی دەستی ڕاستت زۆر بوون، و بە کۆتایی گەشتی، بەم ئارێشانەوە دەستت لێ هەڵناگرێ؛ هەموو ئەم پارچانە بە داو و دەرزی (پەروەردە) چارەسەر دەکات و لێکیان دەدات بۆ دروستبوونی مرۆڤێکی خاوەن ئەقڵ و کەماڵ. جەخت لە بەئاگابوون ، دەستبردن بۆ زانست و تەکنەلۆژیای سەردەم دەکاتە ئامۆژگاری کۆتایی .
لە کۆتایدا: هەرگیز گۆڕانکاری کۆتای نایە؛ دەتوانیت ئەم کتێبە وەکو مانیفێستۆی داهاتووی خۆت بیخوێنیتەوە و دەمەزەردی ئەو بۆچوونانەت بکەی کە هاوتەریبن لەگەڵ ئەمدا…
لینکی وتارەکەی کاک ئیبراهیم
https://www.facebook.com/share/p/1GaSv9ZtjV/?mibextid=wwXIfr