26/05/2026
بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربان ، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی گەلی کورد و تەواوی کارمەندانی وەزارەتی پڵاندانان ،دەستەی ئاماری هەرێم ،بەرێوەبەرایەتی ئاماری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخویەکان دەکەم.
لەم بۆنە پیرۆزەدا، جەژنە پیروزە ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم.
لە خودای گەورە داواکارم، ئەم جەژنە ببێتە مایەی ئاشتەوایی کوردستان، و پەروەردگار سێبەری ئارامی و دڵنیایی بەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان و ناوچەکەدا باڵ بکێشێت.
سیروان محمد محی الدین
بریکاری وەزارەتی پڵاندانان و سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان
٢٦/٥/٢٠٢٦
17/05/2026
خولی ڕاهێنان بۆ توێژەرانی کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی پڕۆژەی
هاوکاریکردنی خێزانە هەژارەکان لە شاری دهۆک
بەمەبەستی بەرزکردنەوەی توانای توێژەران و سەرخستنی پڕۆژەی ئەزموونیی هاوکاریکردنی خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان (PMT Pilot)، خولێکی ڕاهێنانی تایبەت بۆ توێژەرانی کۆمەڵایەتی لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو.
خولەکە لە ماوەی نێوان ١٠ تا ١٤ی ئایاری ٢٠٢٦ بەردەوام بوو، کە تێیدا زیاتر لە ٧٥ توێژەری کۆمەڵایەتی ڕاهێنانیان پێدرا لەسەر شێوازەکانی کۆکردنەوەی داتا بۆ ئەو خێزانانەی کە شایستەی هاوکارین لە سنووری ناوەندی شاری دهۆک.
ئەم خولە لەلایەن فەرمانبەرانی پسپۆڕی "دەستەی ئاماری هەرێم"ـەوە بەڕێوەچوو، کە بە هاوبەشی و هەماهەنگی لەگەڵ "وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی"ی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخرابوو. جێی ئاماژەیە، پڕۆژەکە بە پاڵپشتی و پشتیوانیی داراییی "بانکی نێودەوڵەتی" (World Bank) جێبەجێ دەکرێت، کە ئامانجی سەرەکیی کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری و گەیاندنی هاوکارییە بەو چین و توێژانەی بژێوی ژیانیان لەژێر هێڵی هەژارییە، بەمەبەستی دەربازکردنیان لە بازنەی هەژاری.
لە ماوەی پێنج ڕۆژی خولەکەدا، بەشداربووان ئاشناکران بە نوێترین تەکنەلۆژیا و فۆرمە ئەلیکترۆنییەکان بۆ تۆمارکردنی زانیارییەکان، تاوەکو پڕۆسەی هاوکاریکردنەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و زانستی بگاتە دەستی خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی زنجیرە پڕۆژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە بۆ باشترکردنی دۆخی گوزەرانی هاووڵاتیان. پڕۆژەکە وەک سەرەتایەک بە شێوەیەکی ئەزموونی لە سەنتەری شاری دهۆک دەستی پێکردووە و بڕیار وایە لە داهاتوودا، دوای دابینکردنی بودجەی پێویست، بە شێوەیەکی فراوانتر گشت پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
دەستەی ئاماری هەرێم
12/05/2026
بریکاری وەزارەتی پلاندانان ڕێز و سوپاس ئاراستەی بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای دهۆک دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٦/٥/١٢، لە مەراسیمێکی شایستەدا لە دەستەی ئاماری هەرێم، بەڕێز سیروان محەمەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی فەرمانبەرانی دەستە، ڕێز و سوپاسی پێشکەش بە بەڕێز چیاڤان عبدالرزاق سلێمان، بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای دهۆک کرد، بە بۆنەی کۆتاییهاتنی خزمەتەکەی و خانەنشینبوونی.
لە وتەیەکدا، سەرۆکی دەستەی ئامار تیشکی خستە سەر هەوڵ و دڵسۆزییەکانی ناوبراو لە ماوەی کارکردنیدا و ڕایگەیاند: "بەڕێز چیاڤان بە بەرپرسیاریەتییەکی بەرزەوە خزمەتی کەرتی ئاماری کردووە و ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە پەرەپێدانی دامەزراوەیی و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان لە پارێزگای دهۆک."
لای خۆیەوە، بەڕێز چیاڤان عبدالرزاق سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی بریکاری وەزارەت و ئامادەبووان کرد بۆ ئەو ڕێزلێنانە و پشتیوانییە بەردەوامەی لە ماوەی کارکردنیدا پێیان بەخشیوە.
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان
١٢/٥/٢٠٢٦
12/05/2026
وەزیری پلاندانان چەپکەگوڵی ڕێزلێنان و سوپاسی پێشکەش بە بەڕێوەبەری ئاماری دهۆک کرد
ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ی ٥ ـ ٢٠٢٦، لە دیوانی وەزارەت و لە چوارچێوەی مەراسیمێکی فەرمی و شایستەدا، د. دارا ڕەشید محمود، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی سیروان محمد، بریکاری وەزارەتی پلاندانان، هەروەها بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ڕاوێژکارانی وەزارەت، چەپکەگوڵی ڕێزلێنان و سوپاس پێشکەش بە بەڕێز چیاڤان عبدالرزاق سلێمان، بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای دهۆک، کرد، بە بۆنەی خانەنشین بوونی لە ئەرکە فەرمییەکەیدا.
لەو مەراسیمەدا، وەزیری پلاندانان هەوڵ و ماندووبوونی ناوبراوی بەرز نرخاند و ڕوونی کردەوە کە لە ماوەی کارکردنیدا بە دڵسۆزی و بەرپرسیاریەتییەکی بەرز خزمەتێکی گرنگی لە بواری ئامار و پەرەپێدانی دامەزراوەیی پێشکەش کردووە، هەروەها ڕۆڵێکی دیار و کاریگەر هەبووە لە باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە پارێزگای دهۆک.
لە بەرامبەردا، بەڕێز چیاڤان عبدالرزاق سوپاسی وەزیری پلاندانان، بریکاری وەزارەت و هەموو ئامادەبووانی کرد، بەهۆی ئەو هەڵوێستە پڕ لە ڕێز و قەدرزانینە.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی پلاندانان
10/05/2026
بریکاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی دەستەی ئامار لەگەڵ شاندێکی ڕێکخراوی یونسێف لە عێراق کۆبووەوە
لە چوارچێوەی کاری بەردەوامی وەزارەتی پلاندانان بۆ بەدواداچوونی کاروباری ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لە هەرێمی کوردستان لە بواری پەرەپێدان، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی ٥ـ ٢٠٢٦، سیروان محمد، بریکاری وەزارەت و سەرۆکی دەستەی ئامار ، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی هاوکاری و هەماهەنگی پەرەپێدان، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ لاتیسیا بازی، جێگری بەڕێوەبەری ڕێکخراوی یونسێف لە عێراق، پیتەر بارنز، بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە، و ئەحمەد موفتی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری یونسێف لە هەرێمی کوردستان، ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی پاراستنی کۆمەڵایەتی، پلانی کاری هاوبەشی یونسێف و وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی ٢٠٢٦–٢٠٢٧، ڕۆلی ڕێکخراوەکە لە بواری گۆڕانی کەش و هەوا، هەروەها هەنگاوەکانی دەستەی ئامار دوای تەواوبوونی ڕووپێوی هێشوویی فرەنیشاندەر کرا.
هەروەها گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی بەرنامە تایبەتەکانی کەش و هەوا کرا، بە مەبەستی پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان لایەن و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان، تاکو بتوانرێ یارمەتی تەکنیکی و دارایی زیاتر، بەپێی پێویستی سێکتەرە پەیوەندیدارەکان، دابین بکرێت.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
03/05/2026
بەڕێوەبەری نوێی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری پارێزگای دهۆک دەستبەکاربوو
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٣ی گوڵانی ٢٠٢٦، لە چوارچێوەی ڕێکار و ڕێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا بەڕێز "سەباح مەحفوز فازڵ" وەک بەڕێوەبەری نوێی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری پارێزگای دهۆک لە شوێنی بەڕێز "چیاڤان عبدالرزاق" دەستبەکاربوو.
ئەم ڕێوڕەسمە بە ئامادەبوونی بەڕێز "شەمعون شەلیمون ئیشۆ" جێگری پارێزگاری دهۆک بەرێوە چوو ،لە وتەیەکدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ خزمەتەکانی بەڕێوەبەری پێشوو لە ساڵانی ڕابردوودا دەربڕی و بە بەرزی نرخاند، هەروەها پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەری نوێ کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان
٣/گولان/٢٠٢٦
28/04/2026
شاندێکی باڵای ڕێکخراوی جیهانی یونیسێف سەردانی وەزارەتی پلاندانانی کرد
هەولێر – ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٦ / سیروان محمد
بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی د.کنار هیدایەت، بەڕێوەبەری گشتی هاوکاری و هەماهەنگی پەرەپێدان، پێشوازییان لە خاتوو لوسیا ئێلمی، بەرپرسی وەڵامدانەوەی مرۆیی (ئیمێرجینسی) ڕێکخراوی یونیسێف لەسەر ئاستی جیهان، و بەڕێز کریستیان سکوگ، نوێنەری ڕێکخراوەکە لە عێراق، و شاندێکی ڕێکخراوی یونیسێف لە هەرێم کرد، کە لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمی سەردانی هەولێریان کردبوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، بریکاری وەزارەت پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و ڕێکخراوی یونیسێف بە گرنگ و بەهێز وەسف کرد، و ئاماژەی بە بەردەوامی ئەم هاوکارییە دا لە سەردەمی "نەوت بەرامبەر خۆراک" تا ئێستا، بە تایبەتی لە کاتی قەیرانە مرۆییەکان دوای ساڵی ٢٠١١.
هەروەها، باس لە بەرنامە و پڕۆژە هاوبەشەکان کرا، بە تایبەتی ستراتیژی پاراستنی کۆمەڵایەتی و ڕوپێوی (MICS)، بە هاوکاری چەند وەزارەتێکی پەیوەندیدار.
لە لایەنی خۆیانەوە، نوێنەری یونیسێف جەختی لەسەر بەردەوامی پاڵپشتی تەکنیکی و هەوڵی ڕاکێشانی پاڵپشتی دارایی بۆ پەرەپێدانی پرۆژە مرۆییەکان کرد.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، هەردوو لایەن جەختیان لەسەر پێویستی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاری کرد، بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری و دۆخی ژیان لە هەرێمی کوردستان.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
28/04/2026
پێشوازی لە بەڕێوەبەری نوێی ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی لە عیراق
سیروان محمد، بریکاری وەزارەتی پلاندانان، بە ئامادەبوونی د. کەنار هیدایەت، بەڕێوەبەری گشتی هاوکاری و هەماهەنگی پەرەپێدان، پێشوازیان لە خاتوو شیلا ماثیو و تیمی یاوەری کرد، بە بۆنەی دەستبەکاربوونیان وەک بەڕێوەبەری ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی (WFP) لە عیراق.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بە کەمبوونی پاڵپشتی دارای ڕێکخراوەکە بە ڕێژەی ٦٠٪ لە ساڵی ٢٠٢٥ کرا، کە کاریگەریی هەیە لەسەر بەرنامەکان لە عیراق و هەرێمی کوردستان. لەگەڵ ئەوەشدا، جەخت کرا لەسەر بەردەوامی هەوڵەکان بۆ ڕێکخستنەوەی پلانەکان، بە پشتبەستن بە ستراتیجی پەرەپێدانی عیراق و ئەولەویەتەکانی هەرێم تا ساڵی ٢٠٢٩.
بریکاری وەزارەت جەختی کرد لەسەر پێویستی پاڵپشتی تەکنیکی بۆ جێبەجێکردنی ستراتیجیەتی پاراستنی کۆمەڵایەتی، هەروەها گرنگی هەماهەنگییەکی بەردەوام لە جێبەجێکردنی ڕووپێوە تایبەتەکان بە پەنابەران و ئاوارەکان.
لە کۆتایی دا، جەخت کرا لەسەر گرنگی هەماهەنگییەکی پتەو لە پڕۆژەکانی پەیوەندیدار بە گۆڕانی کەش و هەوا، بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک و ڕێگرتن لە دووبارەکاری.
ــــــــ
۲٦ـ٤ـ۲۰۲٦
ڕاگەیاندنی وەزارەتی پلاندانان - وزارة التخطيط
07/04/2026
بریکاری وەزارەتی پلاندانان و پارێزگاری دهۆک کۆبوونەوە
دهۆک، ٧ی نیسانی ٢٠٢٦
ئەمڕۆ سێشەممە، سیروان محەمەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەستەی ئامار، لەگەڵ شاندێکی یاوەری سەردانی پارێزگای دهۆکیان کرد، و لەلایەن د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لە دیوانی پارێزگادا پێشوازیان لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگار بەڕێوەچوو، تیشک خرایە سەر چەند تەوەرێکی گرنگ، لەوانە پتەوکردنی پەیوەندییەکان نێوان وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئامار لەگەڵ فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگای دهۆک.
هەروەها جەختکرایەوە سەر گرنگیی ڕێکخستنی داتا و ئامار بۆ بەدەستهێنانی زانیارییەکی ورد و پشتڕاست ، باس لە ئەنجامەکانی سەرژمێری و شێوازەکانی سوودوەرگرتن لێیان کرا. هەروەها تیشک خرایە سەر دۆخی ئەنجامەکانی سەرژمێری لە ناوچە هاوبەشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.
لە بەشێکی تری بەرنامەکەدا، بریکاری وەزارەتی پڵاندانان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری پارێزگای دهۆکیان کرد، کە لەلایەن چیاڤان عەبدولڕەزاق پێشوازییان لێکرا . بەرێزیان سوپاسی بەرێوەبەر و کارمەندانی بەرێوەبەرایەتی ئاماری دهوک کرد کە کارەکانیان بە باشی رادەپەرێنن .
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگیی داتا و ئامار وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ پەرەپێدانی پلاندانان و باشترکردنی بڕیارسازی لە هەرێمی کوردستان.
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان
٧/٤/٢٠٢٦
29/03/2026
بەداخەوە ھەواڵی کۆچی دوایی حاجی قاسم کە دەکاتە خەزوری هێمن صمد بەرپرسی خزمەتگوزاری لە دەستەکەمان ڕادەگەینین، بەم بوونە خەمناکەوە پرسە و سەرخوشی خۆمان ئاراستەی تەواوی کەس و کار و خزم و هاورێیانی دەکەین.لە خودای گەورە داواکارین سەبوری هەمو لایەک بدات.جێگای بەهەشت بێت ان شاءالله.
انا لله و انا اليه راجعون
دەستەی ئاماری هەرێم
٢٩/٣/٢٠٢٦