01/06/2026
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پێشوازی لە شاندێکی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی فەرەنسا کرد
هەولێر، دووشەممە (1ـی حوزەیرانی 2026)
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە لە دیوانی وەزارەت بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پێشوازیکرد لە شاندێکی باڵیۆزخانە،کونسوڵخانە و ئینستیتۆتی کولتووری فەرەنسی لە هەولێر.
لە دیدارێکدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان سوپاس و پێزانینی وەزارەتی بۆ چالاکییە کولتوورییەکانی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و هیوای خواست گەشەی زیاتر بە پەیوەندی کولتووری گەلی کوردستان و گەلی فەرەنسا بدرێت.
شاندی میوان پێکهاتبوون لە منیر سولەیمانی، ڕاوێژکاری کاروباری کولتووری لە باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا، یان بریم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر و فرێدریک تاغد، بەڕێوەبەری ئینستیتۆتی کولتووری فەرەنسایی لە هەولێر.
لەو چوارچێوەیەدا، هەریەک لە ڕاوێژکاری باڵیۆزخانەی فەرەنسا و کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دەربڕی لە پای ئەو ئاسانکاریانەی فەراهەمی کردوون بۆ سەرخستنی چالاکییە کولتوورییەکانی فەرەنسا و جەختیان کردەوە، بە بێ پشتیوانی و هەماهەنگی و ئاسانکارییەکانی وەزارەت ئەستەم بوو بتوانرێت پڕۆژە و چالاکییە هونەری و کولتوورییەکان بەو جۆرە ئەنجام بدرێن.
لە بەرامبەریشدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان دووپاتیکردەوە، هەمیشە دەرگای وەزارەت بە ڕووی بنیاتنانی پەیوەندییە کولتوورییەکان و سەرخستنی چالاکییە هونەرییەکان بۆ خزمەتی گەشەی کولتووری و بنیاتنانی پردی پەیوەندی کولتووری نێوان گەلان کراوەیە.
لە کۆتاییدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان چەپکە گوڵی پێشکەش بە کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و دیارییەکی کولتووریشی پێشکەش بە بەڕێوەبەری ئینستیتۆتی کولتووری فەرەنسا لە هەولێر کرد.
26/05/2026
بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاری وەزارەت دیداری ڕێزلێنان لە حوسێن حوزنی موکریانی بەڕێوەچوو
هەولێر، سێشەممە (26ـی ئایاری 2026)
بە ئامادەبوونی چنوور نامق، ڕاوێژکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، دیداری ڕێزلێنان لە پێشەنگی ڕۆژنامەگەری کوردی، حوسێن حوزنی موکریانی و یادی 100 ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی زاری کرمانجی لە ڕەواندز بەڕێوەچوو.
لە دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر گرنگی مێژوویی یادی حوسێن حوزنی موکریانی و دەرچوونی ڕۆژنامەی "زاری کرمانجی" و لەو چوارچێوەیەدا دوو پانێلی زانستی بەڕێوەچوون.
دواتر بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی و بەرپرس و ڕۆشنبیرانی سنوورەکە، پەردە لەسەر ناوی شەقامی "حوسێن حوزنی موکریانی" لادرا و پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی بۆ فۆتۆگرافەر "سەعید ئەسعەد عەلی" تایبەت بە وێنەکانی ڕەواندز کرایەوە.
25/05/2026
پەیامی پیرۆزبایی بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بۆ پاڵەوانی یاری مشتەکۆڵە بادین حەسۆ
هەولێر، دووشەممە (25ـی ئایاری 2026)
ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بادین حەسۆ، پاڵەوانی یاری مشتەکۆڵە کرد، بە بۆنەی سەرکەوتنی بەسەر ڕکابەرە مەکسیکییەکەیدا.
دەقی پەیامەکە
بەڕێز: پاڵەوانی وەرزشی و مشتەکۆڵەی ناسراوی کورد، بادین حەسۆ،
بردنەوە پڕ لە جۆش و خرۆشەکەت لە یاری پاڵەوانێتییەکانی (WBC) لە ئەڵمانیا بەرامبەر بە مشتەکۆڵەی مەکسیکی "ڤیکتۆر ڤیسێنتی کۆریا ڕامۆس" خۆشحاڵ و شادومانی کردین. پڕ بە دڵ پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتن و دەستکەوتە وەرزشییەت لێدەکەین.
ئەم دەستکەوتە گرنگە، سەلمێنەری لێهاتوویی، کۆڵنەدان و ئەو توانا باڵایەیە کە هەتانە، هاوکات مایەی شانازییە بۆ هەموو هەواداران و سەرجەم لاوانی کوردستان، ئەم سەرکەوتنە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، کە لاوانی کورد هەر کاتێک دەرفەتیان بۆ ڕەخسابێت و پشتیوانی پێویستیان هەبووبێت، سەلماندوویانە کە خاوەن توانا و کارامەیی باڵان و دەکرێت لە بوارە جیاجیاکاندا ببنە پێشەنگی داهێنان و سەرکەوتن. لەو ڕووەوە ئێوە نموونەیەکی باڵان، کە لە تەمەنی وەرزشی خۆتاندا توانیوتانە لە 23 یاری سەرکەوتن بەدەستبهێنن.
ئێمە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، هەمیشە بە شانازییەوە دەڕوانینە هەوڵ و ماندووبوونی لاوانی داهێنەر و پاڵەوان، پشتیوانیکردنی ئێوە بە ئەرکی خۆمان دەزانین ، وەک چۆن پێشتر بەڵێنی پشتیوانی و پشتگیریمان پێدای ، لەداهاتووش هەروا دەبین،و هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.
براتان
ئاریان سەلاحەدین
بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان
24ـی ئایاری 2026
20/05/2026
هونەرمەند کاوە ژاژڵەیی کۆچی دوایی کرد
سلێمانی، چوارشەممە (20ـی ئایاری 2026)
دوای تەمەنێک لە خزمەتی هونەر، هونەرمەند کاوە ئەحمەد حەسەن ناسراو بە "کاوە ژاژڵەیی، کۆچی دوایی کرد.
هونەرمەند کاوە ژاژڵەیی، لە 1977ەوە دەستی بە کاری هونەری کردبوو، سەرەتا لەگەڵ تیپی شانۆی لادێ كەسەر بە بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵ بوو، بەشداری لە چەندین ئاهەنگ و بۆنەدا کردووە. دواتر لە 1978 لەگەڵ تیپی هونەری هەولێر چەند کارێکی هونەری کردووە.
لە دەیەی هەشتاکاندا ژمارەیەک بەرهەمی دیکەی تۆمار کردووە و دوای دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانی کوردستان تیڤی جارێکی دیکە بەشێک لە بەرهەمەکانی تۆمار کردووەتەوە.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو هۆیەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکار و سەرجەم هونەرمەندانی کوردستان دەکات.
19/05/2026
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێری بەسەرکردەوە
هەولێر، (19ـی ئایاری 2026)
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پیرۆزبایی لە بەڕێوبەری نوێی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، سەردانی بەڕێوبەرایەتییەکەی کرد و لە لایەن سیروان عوسمان، بەڕێوبەری نوێی بەڕێوبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و جێگری بەڕێوبەرەوە پێشوازیلێکرا.
لە میانی بەسەرکردنەوەکەدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە سیروان عوسمان کرد و هیوای خواست لە ئەرکی نوێیدا سەرکەوتوو بێت.
لەو بەسەرکردنەوەیەدا، ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوبەرانی بەڕێوبەرایەتییەکانی وەزارەت یاوەری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان بوون.
هەر لەو میانەیەدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پێشانگایەکی شێوەکاری ژمارەیەک هونەرمەندی کردەوە، کە لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر کرابوویەوە.
17/05/2026
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان بەشداری لە پرسەی کۆچکردوو کاروان مومتاز حەیدەری کرد
هەولێر، یەکشەممە (17ـی ئایاری 2026)
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەشداری لە پرسەی کۆچکردوو کاروان مومتاز حەیدەری کرد.
لەو میانەیەدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان لە نزیکەوە سەرەخۆشی لە نووسەر و لێکۆڵەری کورد مامۆستا مومتاز حەیدەری کرد و هیوای خواست ئەمە دوا ناخۆشی و کۆستی بنەماڵەکەیان بێت.
ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوبەر لە وەزارەت بە یاوەری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان ئامادەی پرسەکە بوون.
15/05/2026
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پرسەنامەیەکی ئاراستەی نووسەر و لێکۆڵەری کورد مومتاز حەیدەری کرد
هەولێر، هەینی (15ـی ئایاری 2026)
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی نووسەر و ڕۆشنبیری ناسراوی کورد، مومتاز حەیدەری کرد.
دەقی پرسەنامەکە
بەناوی یەزدانی مەزن
جەنابی مامۆستای گەورە و خۆشەویست کاک مومتاز حەیدەری، بەداخەوە بۆ بیستنی هەواڵی جەرگبڕی کۆچی دوایی کاکە کاروانی کوڕت.
بەو بۆنە خەمناک و چاوەڕوان نەکراوەوە سەرەخۆشیت لێدەکەم، هاوبەشی ئەو خەمە گەورەیەم کە بۆت پێشهاتووە، تۆ پیاوێکی گەورە و دنیادیدە و هۆشیارو ئاگا و هیمەتداریت، ئینشائەڵڵا خوای گەورە سەبوریت ئەدات.
هاوبەش و هەڵگری بەشێک لەو بارە گرانەی خۆت و بنەماڵە تێکۆشەر و کەسوکارە بەڕێزەکەت دەبم.
جێگەی خوا لێخۆشبوو کاک کارونی نەمر فردەوسی بەرین بێت.
سلاو و دروود بۆ ڕەوانی پاکی
حەمەی حەمەسەعید
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان
15ـی ئایاری 2026
14/05/2026
بە ئامادەبوونی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان دیداری "مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس ڕۆڵی لە کورداندنی فۆرمی ئاییندا" بەڕێوەچوو
خورماڵ، پێنجشەممە (14ـی ئایاری 2026)
بە ئامادەبوونی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە و نوێنەری بنەماڵەی مودەڕیس و ژمارەیەک کەسایەتی ئایینی و ڕۆشنبیر ئەمڕۆ دووەمین دیداری خورماڵ بەڕێوەچوو.
دیدارەکە بە ناونیشانی "مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، ڕۆڵی لە کورداندنی فۆرمی ئاییندا" لە لایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە سازکرابوو.
لە دیدارەکەدا ژمارەیەک توێژینەوە لە لایەن توێژەران و کەسایەتییە ئەکادیمییەکانەوە پێشکەش کران و کۆی توێژینەوە بەشداربووەکانیش لە دوو توێی کتێبێکدا بڵاوکرانەوە.
لە ڕێوڕەسمی کۆتایی دیدارەکەدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان ڕێز و پێزانینی وەزارەتی پێشکەش بە "عەتیەخاتوون کچی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس" کرد.
هەروەها خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش بەو توێژەرانە کرا، کە لە دیدارەکەدا توێژینەوەیان پێشکەش کردبوو.
14/05/2026
بە ئامادەبوونی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان دووەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی بۆ زانستەکانی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان دەستیپێکرد
هەڵەبجە، پێنجشەممە (14ـی ئایاری 2026)
بە ئامادەبوونی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە، پ. د. بەمۆ پەروێز عەزیز، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە و بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکان و مامۆستایانی زانکۆ، ئێوارەی چوارشەممە (13ـی ئایاری 2026) کارەکانی دووەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی بۆ زانستەکانی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان دەستیانپێکرد.
کۆنفرانسەکە بە ناونیشانی "وەرزش بۆ پەرەپێدانی بەردەوام" بەڕێوەدەچێت و لە لایەن کۆلێجی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانی زانکۆی هەڵەبجە بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی :کوردستان" لە کۆماری ئیسلامی ئێران و زانکۆی "نوری تایبەت" و زانکۆی "ئاشووری تایبەت" ڕێکخراوە و بڕیار وایە دوو ڕۆژ بخایەنێت.
لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا، وێڕای خوێندنەوەی وتار لە لایەن پارێزگار و سەرۆکی زانکۆکانی هەڵەبجە، کوردستان، نوور و ئاشوور، فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری نمایشکرا و دواتریش قەڵغانی ڕێزلێنان پێشکەش بە چەند کەسایەتییەک کرا.
لە پای پشتیوانییەکانی بۆ زانکۆی هەڵەبجە و پێشکەوتنی ڕەوتی زانست و پەروەردە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان لە لایەن سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەوە قەڵغانی ڕێزلێنانی کۆنفرانسەکەی پێشکەش کرا.
بڕیارە ئەمڕۆ لە دووەم ڕۆژی کارەکانیدا، چەندین پانێل بۆ خستنەڕووی ناوەڕۆکی توێژینەوە زانستییەکان بەڕێوەبچن.
12/05/2026
بە بەشداری نوێنەری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان کۆبوونەوەی پەراوێزیی سەکۆی خستنەسەرکاری گشتگیر تایبەت بە بەشداری ئافرەتان لە بازاڕی کار بەڕێوەچوو
هەولێر، سێشەممە (12ـی ئایاری 2026)
بە بەشداری چنوور نامق، ڕاوێژکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، کۆبوونەوەی پەراوێزیی سەکۆی خستنەسەرکاری گشتگیریی بە ناونیشانی "بژارەی سیاسەت لەسەر بنەمای بەڵگە بۆ گشتگیری ئابووری ئافرەتان" لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی سەرپەرشتی دەکرد، باس لە ڕێوشوێنە کردارییەکان کرا بۆ بەرەوپێشبردنی بەشداریکردنی ئافرەتان لە بازاڕی کاردا.
کۆبوونەوەکە ساڵانە دوو جار ئەنجام دەدەرێت و تێیدا نوێنەرانی دامەزراوە حکوومییە پەیوەندیدارەکان و هەروەها ڕێکخراوەکانی خاوەنکار و کرێکاران بەشدار دەبن.
لەو چوارچێوەیەدا، بەشداربووان پوختەیەکیان لەسەر دەرئەنجامەکانی "راپۆرتی هەڵسەنگاندن: بەشداری ئابووری و پێوسیتیەکانی ئافرەتان لە بازاڕی کاری عێراقی" وەرگرت کە لەسەر ڕاسپاردەی ئاژانسی GIZی ئەڵمانی ئەنجام درا بوو و هەروەها تاوتوێی ئەو بژارەی سیاسەتانەیان کرد، کە دەشێت لە هەرێمی کوردستانی عێراق کاریان لەسەر بکرێت.
گفتوگۆکان تیشکیان خستەسەر لەمپەرەکانی وەک دەستڕاگەیشتن بە زانیاریەکان، پەرەپێدانی کارامەیی، هۆیەکانی گواستنەوە، بارودۆخی شوێنی کار، و بەرپرسیارێتی چاودێری ڕەوشی ئافرەتان لە بازاڕی کاردا.
سەکۆی خستنەسەرکاری گشتگیر لە ساڵی 2024 ڕاگەیەندراوە و لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بەشدارێکی سەرەکی پڕۆژەکەیە.
پرۆگرامی ئاسۆی خستنەسەرکار بۆ بەشداری ئابووری و کۆمەڵایەتی پەنابەران، ئاوارەکان و کۆمەڵگە خانەخوێکان لە عێراق (EPI) سەر بە ئاژانسی GIZی ئەڵمانی وەک سکرتاریەتی سەکۆکە کاردەکات، لەکاتێکدا ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار(ILO) وەک هاوبەشی تەکنیکی سەرەکی بەشدارە. ئامانجی سەکۆکە خستنەڕوو و گفتوگۆکردنە لەسەر بەڵگە و بژارەکانی سیاسەت بۆ پێشخستنی خستنەسەرکارێکی گشتگیر.