21/05/2026
پەیامێک لە قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێرەوە
هاونیشتمانیانی خۆشەویست، گەشتیارانی بەڕێز ...
سرووشت و ژینگەی جوانی کوردستان، سامانێکی نیشتمانیی گشتییە و پاراستنی پاکوخاوێنیی ئەم خاکە و نیشتیمانەش، ئەرکێکی ئەخلاقی، مرۆیی و ئاینیی سەرشانی هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە.
لە پێناو پاراستنی ئەو سرووشتە جوانە و کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان و تێپەڕاندنی وەرزێکی گەشتیاریی سەلامەت، داواکارین لە سەرجەم هاووڵاتیان و گەشتیاران لە کاتی چوونە دەرەوە و ئەنجامدانی گەشت و سەیراندا، بەوپەڕی هەستکردن بەرپرسیارێتییەوە ئەو خاڵانەی خوارەوە جێبەجێبکەن:
- فڕێنەدانی زبڵ و خاشاک پاشماوەکانتان لە ناوچە گشتی و گەشتیارییەکان، مەهێڵن بەهۆی زبڵ و پیسی و پاشماوەکانتان جوانیی سرووشتی وڵاتەکەمان بشێوێت.
- بە هیچ شێوەیەک ئاگر لە نزیک دارستان، پوش و پەڵاشی وشک نەکەنەوە و لەشوێنی تریش ئەگەر ئاگرتان کردەوە، دوای تەواوبوونی گەشتەکەتان، دڵنیابنەوە لە کوژاندنەوەی یەکجاریی پاشماوەی ئاگرەکە.
هاوڵاتییانی بەڕێز..
ژینگە و سرووشتی کوردستان ئەمانەتە لەلای ئێمە و دەبێت بە شێوازێکی تەندروست بیهێڵینەوە، دابینکردنی ژینگەیەکی پاک، تەندروستیی ئێستا و داهاتوومان مسۆگەر دەکات.
دەبا هەموومان پێکەوە، بە پابەندبوونمان بە یاسا و ڕێنماییە ژینگەییەکان، ببینە پارێزەری ڕاستەقینەی جوانییەکانی کوردستان و سیمایەکی شارستانی پێشکەشی گەشتیاران و میوانانی هەولێری پایتەخت بکەین.
نەبەر عەبدولحەمید
قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر
2026.5.21
21/05/2026
لەدیوانی پارێزگای هەولێر ......
بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ ،کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای" پاراستن و چاككردنی ژینگە" بۆ توندکردنی ڕێکارەکانی پاراستنی ژینگە و ڕێگریکردن لە زێدەڕۆیی بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.5.21، بە سەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و هەڵگورد شیخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران، کۆبوونەوەیەکی فراوان و گرنگی لیژنەی باڵای" پاراستن و چاككردنی ژینگە" لە دیوانی پارێزگادا بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگار، سەرجەم قائیمقامەکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکان، سەرۆکایەتی و بەرێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکان، فەرمانگەی ژینگە، و فەرماندەکانی پۆلیس، پۆلیسی دارستان و بەرگری شارستانی سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سازکرا، بە ئامانجی داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی توند بۆ پاراستنی ژینگە و ڕێگریکردنی پێشوەختە لە هەر جۆرە زێدەڕۆیییەک بۆ سەر موڵکی گشتی.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ناوخۆ ڕوونکردنەوەی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و ڕایگەیاند، جەنابی رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بایەخێکی تایبەت و پێشینە بەم دوو پرسە ( پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی زێدەڕۆیی ) دەدات، ئاماژەشی بەوەکرد کە سەرۆکی حکومەت لە نزیکەوە و بە شێوەیەکی مەیدانی چاودێری وردەکاری ڕێکارەکان دەکات و چاوەڕوانی ئەنجامی کاریگەر دەکات.
پاشان پوختەیەکی گشتگیری دەربارەی هەنگاوە گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری پاراستنی ژینگە، ئاو، و هەوادا خستەڕوو. هاوکات بە ڕاشکاوی تیشکی خستە سەر ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی کە لەم ڕێگەیەدا دێنە پێشەوە و جەختی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتی حکومەت، بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشە و پێویستی بە هەماهەنگییەکی بەهێزتر هەیە لە نێوان سەرجەم دامودەزگاکاندا، بە شێوەیەک کە پاڵپشت بێت بە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەكانی ( پاراستن و چاککردنی ژینگە)، لەم چوارچێوەیەدا، وەزیری ناوخۆ فەرمانی کرد کە دەبێت ئاستی ئەم هەماهەنگییە بۆ بەرزترین ئاست بەرز بکرێتەوە و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان و بەرپرسانی دیكەی فەرمانگەكانی سنوورەكانیان بەرپرسیارن و دەبێت وەک یەک تیم كاربكەن بۆ پاراستنی ژینگە و بەدواداچوونی ڕۆژانە و بەردەوامیان هەبێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکان.
هەروەها جەخت لەسەر ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی هۆشیاریی هاووڵاتییان کرایەوە لە سەرخستنی هەر ستراتیژێکی ژینگەییدا، ئاماژە بەوەشدرا کە یاسا و پڕۆژەکانی حکومەت بەبێ هاوکاری و هۆشیاریی کۆمەڵگە ناتوانن ئامانجە باڵاکانیان بپێکن، بۆیە گۆڕینی ڕەفتاری ڕۆژانەی تاک بەرامبەر بە سروشت، بەردی بناغەی پاراستنی ژینگەیە، لەو چوارچێوەیشەدا، کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر چەند خاڵێکی سەرەکی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گشتی، لەوانە پەروەردەی ژینگەیی و ڕەنگدانەوەی چەمکەکانی ژینگەپارێزی لە پڕۆگرامەکانی خوێندندا و هاوبەشیی میدیا و ڕێکخراوەکانی كۆمەڵگەی مەدەنی، ئەوە بێجگە لە بەرپرسیاریەتی هاولاتییان لە شوێنە گەشتیاری و گشتییەکاندا بۆ پاکڕاگرتنی هاوینەهەوارەکان، دارستانەکان، و سەیرانگاکانی کوردستان، وەک ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقی بۆ پاراستنی سیمای جوانی سروشتی كوردستان. بۆ ئەومەبەستەش سەرجەم لایەنەكان ڕاسپێردران، هەموو ڕێکارێکی تایبەت بگرنەبەر بۆ پاراستنی ژینگە و سزادانی هەر کەسێک کە سەرپێچی لە یاسا و ڕێنماییەکانی پاراستنی ژینگە دەکات و سروشتی کوردستان دەشێوێنێ.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا کە تایبەت بوو بە پرسی بەرەنگاربوونەوە و ڕێگریکردن لە زێدەڕۆیی، تیشک خرایە سەر هەوڵە مەیدانییەکانی تیمەکانی پارێزگا و شارەوانییەکان و کارەکانی ڕابردوویان بەرز نرخاێندرا، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە بەوەدرا بۆ ڕێگركردن لە زێدەڕۆیی، ڕێکاری توند و یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو كەس و لایەنانە بگیرێتەبەر كە سەرپێچی و زێدەڕۆیی دەكەنە سەر موڵكی گشتیی.
هاوکات بە توندی جەخت لەسەر بنەمای یەکسانی لەبەردەم یاسادا کرایەوە و بڕیار درا کە چاوپۆشی لە هیچ کەس و لایەنێک نەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم یەكە ئیدارییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران ڕاسپێردران ڕێکاری یاسایی توند و دەستبەجێ بەرامبەر هەر کەسێک و لایەنێك بگرنەبەر کە دوور لە یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان، هەوڵی داگیرکردن، شێواندن، یان زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتیی دەوڵەت دەدات.
دواتر، تیشکی خرایەسەر کارنامەی لیژنەكانی قائیمقامیەت و ناحییەكانی سنووری ئیدارەی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە بەپێی یاسا بەرکارەکان و ڕێنماییە ژینگەییەکان دەسەڵاتییان پێدراوە، لێبڕاوانە کار بکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە زێدەڕۆییەک بۆ سەر سروشت و موڵکی گشتی، و ڕووبەڕووبوونەوەی یاسایی ئەو سەرپێچیكارانەی زیان بە هاوسەنگیی ژینگەیی دەگەیەنن، بۆ ئەو مەبەستەش جەخت لە فەرمان و ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆکانی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە، کە پاراستنی ژینگە نابێت تەنیا لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی کاتی و وەرزی کورت بکرێتەوە، بەڵکو ئەمە پڕۆسەیەکی بەردەوامی ڕۆژانە و درێژخایەنە کە پێویستی بە نەفسی درێژ و هەماهەنگیی هەمیشەیی نێوان دامەزراوەکانی حکومەت و هاووڵاتییان هەیە.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، دەرگا بۆ گفتوگۆی ئامادەبووان کرایەوە و بەشداربووان لە ڕوانگەی پسپۆڕی و بەرپرسیاریەتیی خۆیانەوە، کۆمەڵێک سەرنج، تێبینی و پێشنیازیان خستە ڕوو، دوای هەڵسەنگاندنی وردی سەرجەم پێشنیازەکان و بە مەبەستی وەرگێڕانی ڕاسپاردەکانی جەنابی سەرۆکی حکومەت بۆ هەنگاوی کرداری، کۆبوونەوەکە چەند بڕیارێکی گرنگ و پێویستی وەرگرت.
20/05/2026
هەولێر....
كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ڕێکارەکانی پاراستنی دارستان و شوێنە گشتییەكان و "ئاگر بڕ" لە وەرزی گەرمادا بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.5.20، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و قائیمقامی ناوەندی و بەڕێوەبەرانی گشتی پۆلیسی دارستان و كشتوكاڵ و شارەوانییەكان، سەرۆكی شارەوانی و بەرێوەبەرانی پۆلیس، نوێنەری ئاسایش، بەرگریی شارستانی، دارستان و پاوان و كاروباری ناوخۆ و نوێنەری قەیرانەكان و لایەنی دیكەی پەیوەندیدار، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لە دیوانی پارێزگا، سەبارەت بە ڕێکارەکانی پاراستنی دارستان و شوێنە گشتییەكان و داڕشتنی پلانێكی گشتگیری 'ئاگر بڕ' و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی شوێنە گشتییەکان و سەروەت و سامانی هاووڵاتییان لە وەرزی هاوینی ئەمساڵ بەڕێوەچوو.
لەکۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا کە سوپاس بۆ خودای گەورە ئەمساڵ بارانێکی زۆر ناوچەکەی گرتەوە، بەوەش مەترسی وشکەساڵی و ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە ساڵانی ڕابردوودا هەبوو، بۆ ئەمساڵ کەمبووەوە، بەلام بەهۆی ئەو بارانبارینە بەخوڕی ئەمساڵ و شینبوونی چڕی سەوزایی لە دەشتایی، بناری چیاکان و ناوچە گشتیی و نیشتەجێبووەکاندا، لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و وشکبوونی ئەم گژوگیایە، مەترسییەکی زۆر و بەربڵاوی ئاگرکەوتنەوە لەو شوێنانە و دەغڵودانی جووتیاران و تێکچوونی هاوسەنگیی ژینگەی ناوچەکە دروست دەكات، بۆ ئەم دۆخەش پێویستی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە و دەستێوەردانی پێشوەختەی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە.
لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە دەستبەجێ دەست بە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی 'ئاگر بڕ' و پاککردنەوەی دەوروبەری گوند، شارۆچکە، ناوچە کشتوکاڵییەکان و شوێنە گشتییەکان و نیشتە جێبووەكان و دوورگەی ناوەندی شەقامەكان و هەموو ئەو شوێنانە بکەن كە مەترسیانە لەسەر هەیە، بە ئامانجی پاراستنی گیان و سەلامەتیی هاووڵاتییان.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشیی تەواوی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، شارەوانییەکان و لایەنە خزمەتگوزارییەکانی تر کرایەوە و جەخت لە پشکنینی مەیدانیی سیستەمی کارەبا و ئامرازەکانی ئاگرکوژێنەوە لە کۆگا گەورەکان، بازاڕە میللییەکان و ناوچە پیشەسازییەکان كرایەوە، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی سەلامەتی و ڕێگریگرتن لە ڕوودانی شۆرتی کارەبا و ڕووداوی نەخوازراو.
لەکۆتاییشدا، داوا لە هاووڵاتییان، گەشتیاران و شۆفێران کرا کە لە کاتی سەردانیکردنی سەیرانگا و ناوچە گەشتیارییەکاندا، بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن و پابەندی ڕێنماییەکانی پاراستنی ژینگە بن، بەتایبەت دڵنیابوونەوە لە کوژاندنەوەی تەواوەتیی پاشماوەی ئاگرەکانیان پێش جێهێشتنی شوێنەکە، هاوكات جەختکرایەوە لە فڕێنەدانی پاشماوەی جگەرە و کەلوپەلە شووشە و کانزاییەکان یان قوتووی غاز، کە لەژێر کاریگەریی بەرزبوونەوەی تیشکی خۆردا دەبنە هۆکاری سەرەکیی هەڵگیرسانی ئاگر كەوتنەوە.
19/05/2026
لە هەولێر ...
(١٠) شوێنی وەک ( چێشتخانە ، سەرتاشخانە، شیرینەمەنی ، ساردەمەنی ، کافتریا ) بەسەرکرایەوە.
ئەمشەو سێ شەممە ٢٠٢٦/٥/٢٠ ، لیژنەی پشکنین و چاودێریکردنی بازاڕ بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر، لە چوارچێوەی هەڵمەتی چاودێریكردنی بازاڕ و ڕێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوه بەسەرچوو، لە شاری هەولێر (١٠) شوێن بەسەرکرایەوە.
دوای پشکنین و بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە نرخ و كوالێتی خۆراك و کەل و پەل و پێداویستیەکانی هاوڵاتییان, ئەو شوێنانەی کە مۆڵەتی کارکردنیان بەسەرچوو بوو یان کەم و کوڕیی تریان هەبوو، هۆشداریان پێدرا لە زووترین کاتدا سەردانی قائیمقامیەتی ناوەندیی و لایەنی پەیوەندیدار بکەن بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان و نەهێڵانى کەم و کوڕییەکانیان.
ئەو شوێنانەی پێویستە سەردان بکەن بۆ کێشەی مۆڵەتەکانیان
١- خواردنگەی دایکی ئیلیان
٢- لاڤێنتانا
٣- سەرتاشخانەی تروو
٤- چێشتخانەی داماسکینۆ
٥- چێشتخانەی تۆرینۆ
ئەو شوێنانەی بێ کێشە بوون جێگای دەست خۆشین
١- ئەلەند ستیک هاوس
٢- شیرینی شەهریار
٣- ئەزبەری
٤- گەیمینگ کافێ
٥- بایت سپۆت
04/05/2026
لە هەولێر ...
(١٠) شوێنی وەک ( چێشتخانە ، سەرتاشخانە، سەردەمەنی) لە گەڕەکی ئازادی بەسەرکرایەوە.
ئەمشەو دوو شەممە 2026/5/4 ، لیژنەی پشکنین و چاودێریکردنی بازاڕ بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر، لە چوارچێوەی هەڵمەتی چاودێریكردنی بازار و ڕێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوه بەسەرچوو، لە گەڕەکی ئازادی لە شاری هەولێر (١٠) شوێن بەسەرکرایەوە.
دوای پشکنین و بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە نرخ و كوالێتی خۆراك و کەل و پەل و پێداویستیەکانی هاوڵاتییان, ئەو شوێنانەی کە مۆڵەتی کارکردنیان بەسەرچوو بوو یان کەم و کوڕیی تریان هەبوو، هۆشداریان پێدرا لە زووترین کاتدا سەردانی قائیمقامیەتی ناوەندیی و لایەنی پەیوەندیدار بکەن بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان و نەهێڵانى کەم و کوڕییەکانیان.
ئەو شوێنانەی تەنها کێشەی مۆڵەتیان هەبوو پێویستە سەردان بکەن
١- چێشتخانەی بەرخۆڵەی قەڵادزێ
٢- کەبابخانەی خالید
٣- گەس سەمیر
٤- سەرتاشخانەی کلاس ڤێل
ئەو شوێنانەی جێگای دەست خۆشین و بێ کێشە بوون
١- گەس ئازادی
٢- ساردەمەنی سویتی نۆڤۆ
٣- البان دادە
٤- کۆفی زۆن ستۆر
٥- گەس لەشکر
٦- ساردەمەنی نۆ بە نۆ
24/04/2026
پاراستنی ژینگە، بەرپرسیارێتیەکی ئاینی و نیشتمانی هەمووانە
پاراستنی ژینگە وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ بەردەوامیی ژیان، تەنیا ئەرکێکی یاسایی نییە، بەڵکو ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکی مرۆیی، ئایینی و نیشتمانیی هەر تاکێکی کۆمەڵگەیە.
سروشتی کوردستان، سامانێکی نیشتمانی و ئەمانەتێکی مێژووییە لەسەر شانی هەموو لایەکمان، بۆیە پێویستە بە پاکی بۆ نەوەکانی داهاتوو بیگوازینەوە.
لە ڕوانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش، ژینگە بەشێکە لە دروستکراوەکانی خودا و مرۆڤ وەک جێنشین لێی بەرپرسیارە، پاکوخاوێنی نەک هەر نیشانەی ئیمانە، بەڵکو پاراستنی سروشت و دوورکەوتنەوە لە زیانگەیاندن پێی، ئەرکێکی شەرعی و ئەخلاقییە.
هەربۆیە، فڕێدانی پاشماوە و زبڵ و خاشاک لە سەیرانگاکان و شوێنە گشتییەکاندا، نەک هەر سیمایەکی ناشارستانیە و جوانیەکانی نیشتیمان تێکدەدات، بەڵکو گوناهو تاوانێکە مرۆڤ بەرامبەر بە خاک و نیشتیمان و دروستکراوەکانی خودا دەیکات، ئەوە سەرباری ئەوەی پیسکردنی ژینگە هۆکارێکی سەرەکیە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە مەترسیدارەکان و هەڕەشەیەکی جدییە لەسەر ژیانی مرۆڤ.
لەو سۆنگەیەوە، تکامان لە هەموو هاوڵاتییانی بەڕێز ئەوەیە، لە کاتی گەشت و سەیران و خۆشیەکانیان و بەسەربردنی کاتەکانیان لە ناوچە گەشتیارییەکاندا، پاکو خاوێنی ببپارێزن و پیسی و پاشماوە و زبڵ خاشاک لە دوای خۆیاندا بەجێنەهێڵن. بۆئەوەی هەمیشە کوردستانمان بە سەوزایی و گەشاوەیی و ئاوەدانی و پاکی و تەندروستی بمێنێتەوە.
14/04/2026
پەیامی قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر بە بۆنەی هاتنی جەژنی سەری ساڵی ئاینیی ئێزیدییەکان.
بەبۆنەی هاتنی جەژنی( سەری ساڵی ئاینیی ئێزیدییەکان) گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خوشک و برایانی ئێزیدی لە هەرێمی کوردستان و جیهان دەکەم.
هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و قووڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان و تەبایی لەنێوان سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستانی خۆشەویست
جەژنتان پیرۆز و هەمیشە لە شادی و ئارامیدا بن
نەبەز عەبدولحەمید
قایمقامی قەزایی ناوەندیی هەولێر
قایمقامی قەزایی عەنكاوا بە وەکالەت
14/04/2026
لە لالاڤ سیتی ...
(9) شوێنی وەک (سوپەرماڕکێت ، شوێنی نێرگەلە ، کافتریا، چێشتخانە) بەسەرکرایەوە.
ئەمشەو سێ شەممە 2026/4/14 ، لیژنەی پشکنین و چاودێریکردنی بازاڕ بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر، لە چوارچێوەی هەڵمەتی چاودێریكردنی بازار و ڕێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوه بەسەرچوو، لە لالاڤ سیتی لە شاری هەولێر (9) شوێن بەسەرکرایەوە.
دوای پشکنین و بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە نرخ و كوالێتی خۆراك و کەل و پەل و پێداویستیەکانی هاوڵاتییان, ئەو شوێنانەی کە مۆڵەتی کارکردنیان بەسەرچوو بوو یان کەم و کوڕیی تریان هەبوو، هۆشداریان پێدرا لە زووترین کاتدا سەردانی قائیمقامیەتی ناوەندیی و لایەنی پەیوەندیدار بکەن بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان و نەهێڵانى کەم و کوڕییەکانیان.
14/04/2026
پارێزگاری هەولێر: " فرۆشتنی بەنزین بە جلیكان و لەسەر شەقامەكان بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە "
ئەمرۆ سێشەممە 2026.4.14، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونی نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و ئاری كاكەشین، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی هەولێر، كۆبوونەوەیەكی فراوان لەگەڵ ئەنجومەنی بەنزینخانەكان ئەنجامدرا.
لەكۆبوونەوەكەدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی لە تیمەكانی قائیمقامیەتی ناوەندی و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان بۆ ڕێكخستن و ڕێگریكردن لە سەرپێچی و زێدەڕۆییەكان، ڕایگەیاند: "بەهۆی ئەو هەوڵانەوە توانراوە كۆنتڕۆڵی كۆالێتی بەنزین بۆ ئاستێكی زۆر باش بكرێت".
جەختیشی لە نەهێڵانی سەرپێچی و زێدەڕۆییەكانی بەنزینخانەكان كردەوە و ئاماژەی بەوەدا، لە سنووری پارێزگای هەولێر بەهەموو شێوەیەك فرۆشتنی بەنزین بە جلیكان و لەناو ئۆتۆمبێلەكان و لەسەر شەقامەكان ڕێگەپێدراو نییە. هۆشداریشیدا كە هەر لایەن و كەسێك بەبێ مۆڵەت و بە هەر شێوەیەك بەنزین بفرۆشێت، ڕێكاری یاسایی توندی لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
هەروەها پارێزگاری هەولێر ، تیشكی خستە سەر ڕؤڵی بەڕیوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێر و ئەنجوومەنی بەنزینخانەكان، لە نەهێڵانی ئەو گرفت و كێشانەی، كە لە ئاكامی ئەو بارودۆخە نەخوارزاوی ناوچەكە دووچاری هاوڵاتییان هاتبوو، توانرا بە هاوكاری و هەماهەنگی هەموو لایەنەكان بە باشترین شێوەی ئیدارەی ئەو بارودۆخە بدرێت و بازاڕی سووتەمەنی تاڕادەیەك كۆنتڕۆڵبكرێت.
لەكۆتاییدا، سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوبراو، سوپاسی پارێزگاری هەولێریان كرد بۆ ڕەخساندنی دیداری لەو شێوەیە و پاڵپشتی بەردەوامی پارێزگایان بۆ ڕاپەڕاندن و ڕاییكردنی ئەرك و كارەكانیان بەرز نرخاند.
06/04/2026
پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە یاریزانی نێودەوڵەتی ئاکام هاشم دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 2026.4.6، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەئامادەبوونی نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی لە یاریزانی بەتوانای کورد و ئەستێرەی دیاری هێڵی بەرگری هەڵبژاردەی عێراق " ئاکام هاشم " کرد.
لە دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر بە گەرمی دەستخۆشی لە یاریزان ئاکام هاشم کرد بۆ ئەو ئاستە بەرز و سەرنجڕاکێشەی لە یارییەکانی ڕابردووی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 پێشکەشی کردووە. پارێزگار ئاماژەی بەوە کرد کە ئاکام وەک گەنجێکی لێهاتووی شاری هەولێر و کورد، توانیویەتی ببێتە جێگەی متمانەی ڕاهێنەر و جەماوەر و شانازیت پێدەكەین.
هەروەها ستایشی هەڵوێستی نیشتمانیی یاریزانەکەی کرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لەناو یاریگادا دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردەکە، ئەمەش وەک گوزارشتێکی جوانی وەفاداری بۆ خاک و نەتەوە لەقەڵەمدا کە بووە جێی شانازی هەموو وەرزشەوانانی کوردستان.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای ئەوەی تەواوی پاڵپشتی و پشتیوانیی پارێزگای هەولێری بۆ ئاکام هاشم دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند: "ئێمە هەمیشە لەپشت گەنجە بەهرەمەندەکانمان دەبین بۆ ئەوەی لە مەیدانە نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوام بن لە درەوشانەوە و لەو نزیكانەش بە شێوەیەکی شایستە ڕێزلێنانی بۆ دەکرێت لە بەرامبەر ئەو هەڵوێست و سەرکەوتنانەی بەدەستی هێناوە ."