12/09/2026
غیابی گۆڕان؛ کێ باجەکەی دەدات و چارەسەر چییە؟
ئەگەر بە وردی سەیری دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بکەین، بە ڕوونی دەبینین کە چەقبەستووییەکی تەواو باڵی بەسەر پڕۆسەی سیاسی و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا کێشاوە. نە پەرلەمانێکی کارامان هەیە بۆ لێپرسینەوە، نە حکومەتێک بە شێوەیەکی تەواو پێکدێت بۆ خزمەتکردن، و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گوزەرانی هاوڵاتیان بەرەو خراپتر دەڕوات.
لە ناو ئەم دۆخەدا، ئەوەی بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێت، دروستبوونی بۆشاییەکی گەورەیە , بۆشاییەک کە غیابی بزووتنەوەی گۆڕان لە گۆڕەپانی سیاسی زیاتر و زیاتر قووڵی کردووە ...
ڕاستییەکی تاڵ هەیە کە دەبێت درکی پێ بکەین , لاوازبوون یان کەوتنی گۆڕان، بە پلەی یەکەم خەڵک خۆی باجەکەی دەدات، نەک دەسەڵات ..
غیابی ئەو هێزەی کە مۆتەکەی گەندەڵکاران بوو و دەنگی زوڵملێکراوانی دەگەیاندە ناو دامەزراوەکانی دەسەڵات، وای کردووە دەسەڵات بێباکتر بێت لە ئاستی داواکارییەکانی خەڵک ...
بێگومان، ئێمە چاومان لەسەر هەڵەکانمان دانەخستووە , دەزانین و دان بەوەدا دەنێین کە لە ڕابردوودا، بەتایبەتی لە کاتی بەشداریکردن لە حکومەتدا، تێبینی و ڕەخنەی جدی لەسەر ئەدای نوێنەرەکانمان هەبووە و لە هەندێ شوێندا کەمتەرخەمی کراوە ,, بەڵام کاتێک بێلایەنانە سەیری گۆڕەپانەکە دەکەین، ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە دەسەلمێت کە، سەرەڕای هەموو ئەو تێبینی و ڕەخنانە، هێشتا هیچ هێزێک نەیتوانیوە ئەو کاریگەرییە ڕاستەقینەیە لەسەر دەسەڵات دروست بکات کە گۆڕان لە ماوەیەکدا دروستی کرد.
گۆڕان ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵک و جووڵێنەری واقیعیی شەقام بوو، ...
سەیرێکی دۆخی ئێستای گۆڕەپانەکە بکەن , دوای لاوازبوونی گۆڕان، چەندین هێز و لایەن بەناوی ئۆپۆزسیۆن دەرکەوتوون، بەڵام زۆرجار ڕەخنە و ناڕەزایەتییان لە سنووری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تێناپەڕێت . لایک و کۆمێنت نابێتە جێگرەوەی کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی، و قسەی بێ کردار ناتوانێت دۆخێکی گەورە بگۆڕێت ...
بۆیە، لە دوای سەرکەوتنی کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکلابوونەوەی پرسە ناوخۆییەکانی حیزبەکە ، پەیامی ئێمە ئەوەیە کە گۆڕان بە بەرگێکی نوێ و ڕۆحیەتێکی نوێ، و بە بەرنامە و ستراتیژێکی سەردەمیانەوە دەگەڕێتەوە ناو و گۆڕەپانی سیاسی .
لە ئێستادا کۆمەڵێک پلان و بەرنامەی کاری واقیعیمان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی جارێکی تر متمانەی خەڵک نوێ بکەینەوە و بەهێزتر لە جاران بگەڕێینەوە بۆ مەیدانی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ..
لەسەر بنەمای ئەم نوێبوونەوەیە، پێویستە لەژێر چەتری گۆڕان و بەو پرەنسیپانەی کە بزووتنەوەکەی لەسەر دامەزراوە، بەرەیەکی فراوان و بەهێز لە کەسایەتییە دڵسۆزەکان، نوخبە و هێزە چالاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە پێکبهێنین بەوانەی لە رابردوشدا گۆڕان بوبن یان ھەر لایەنێکی تربوبن و خەمی خەلک و خاک و نیشتیمان کۆیان بکاتەوە , بەرەیەک کە بتوانێت دەنگی خەڵک بگەیەنێت، چاودێریی دەسەڵات بکات و لە کاتی پێویستدا بە شێوەیەکی مەدەنی و یاسایی فشار بخاتە سەر دەسەڵات بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێڕەوی دروست ..
ئەم ھەرێمە پێویستی بە هێزێکە بە کردار شەڕی ئیرادەی خەڵک بکات ، پێویستی بە هێزێکە کە لەگەڵ خەڵک بێت، لەگەڵ داواکارییەکانیان بوەستێت و بە شێوەیەکی مەدەنی، یاسایی و ڕێکخراو دەنگی ناڕەزایەتییەکان بگەیەنێت ..
کاتی ئەوە هاتووە گۆڕان تەنها باسی گۆڕان نەکات , خۆی ببێتە بەشێک لە گۆڕانەکە .
گۆڕان دەگەڕێتەوە , نەک بۆ دووبارەکردنەوەی ڕابردوو، بەڵکو بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی جیاواز ..
ڕێبەند ...