03/06/2026
لە یادی ٣٧ ساڵەی شەهیدبوونی (جەلال حەسەنەلاو گەرەوەیی)دا.
کورتەیەک لە ژیاننامەی شەهید:
- جەلال حسن ئەحمەد ناسراو بە جەلال حەسەنە لاو.
- ساڵی ١٩٦٨ لەگوندی گەرەوانی خواروو لەدایکبووە.
- خوێندنی سەرەتایی لە گەرەوان تەواو کردووە، لە قوتابخانەی ئامادەیی کوڕانی رواندز هەتا دووی ناوەندی خوێندووە.
- گەنجێکی چالاک بووە، ساڵی ١٩٨٥ لە کەرتی یەکی شەهیدان، لە تیپی ١٢ی سۆران بۆتە پێشمەرگە.
- بەشداری چەندین شەڕ و داستانی کردووە، وەك: ( دۆڵی خانەقا، شەڕەکانی سەرکردایەتی، ئازادکردنی ناحیەی تەق تەق، گرتنی قاتعی جەیشی شەعبی، گرتنی تۆپکی شارەستێن، دەشتی هەریر، گرتنی فەوجی ڕواندز، شەڕەکانی مەڵبەندی سێ لەسماقوڵی، زنجیرە شەڕەکانی ئەنفالی ١٩٨٨ لەسنوری مەلبەندی سێ ).
- لە ڕێکەوتی ١٩٨٨/٥/٦ لەبنەکاول بریندار بووە، لەبەر لێهاتووی و ئازایەتی کرایە فەرماندەی مەفرەزە.
- مەخابن لە ڕێکەوتی ١٩٨٨/٦/٣ لەکاتی بەرگری کردن لە پرۆسەی ئەنفالەکان، لە قۆپی مەڕەکێویان، لەگوندی گەرەوان شەهید بوو و گەیشتە کاروانی نەمران.
01/06/2026
لەسەر مەزاری ڕابەر و سەرۆک (مام جەلال) پەیمانی ڕێز و وەفا بۆ ڕێبازە پیرۆزەکەی دووپات کرایەوە.
ئەمڕۆ لەیادی ٥١ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، هەڤاڵ رابیحە حەمەد لێپرسراوی بۆردی شەهیدان بەهاوڕێیەتی ژمارەیەک لە هەڤاڵانی مەکتەبی کاروباری ڕێکخراوەیی، سەردانی مەزاری سەرۆک (مام جەلال)یان کرد.
لەو میانەیەشدا تاجەگوڵینەی وەفادارییان لەسەر مەزاری پیرۆزی مامی گەورە دانا. تیایدا بەڵێن بۆ بەردەوامیدان بە ڕێبازە پیرۆزەکەی سەرۆک مام جەلال و شەهیدە نەمرەکان نوێ کرایەوە.
01/06/2026
لە یادی ٢٩ ساڵەی شەهیدبوونی (عوسمان مەردان رەزا) ناسراو بە (عوسمان لەکی)دا
کورتەیەک لە ژیاننامەی شەهید:
- له ساڵی ١٩٦٨ لە خورماتوو لەدایکبووە.
- لەساڵی ١٩٨٥ پەیوەندی کردووە بە ڕێکخستنەکانی (ی.ن.ك)ەوە، پێش ڕاپەرینیش لە شانە چەکدارەکان چالاکی ئەنجام داوە و پەیوەندی لەگەڵ شەهیدی نەمر (بورهان لەکی) هەبووە.
- لەساڵی ١٩٩١دا بەشداری ڕاپەرینی خورماتووی کردووە.
- پاش ڕاپەڕین لە بەتالیۆنی خورماتوو بووە بە پێشمەرگە و بەشداری زۆربەی شەڕەکانی کردووە.
- مەخابن له ڕێکەوتی ١٩٩٦/٦/١ دا لەیادی دامەزراندنی (ی ن.ک)دا، لەکاتی ئەنجامدانی چالاکییەکدا لەسەر جادەی خورماتوو شەهید دەبێت و دەچێتە ڕیزی کاروانی پڕ سەروەری شەهیدانەوە.
- شایەنی باشە شەهید عوسمان دووەم شەهیدی بنەماڵەکەیەتی.
31/05/2026
پەیامی مەكتەبی سیاسی بە بۆنەی یادی (51) ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی و (50) ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
هەڤاڵانی یەكێتی
ئەمرۆ پەنجا و یەك ساڵ بەسەر دەستپێكی خەباتی یەكێتییەكەتان، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و پەنجا ساڵ بەسەر پەرپاكردنی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان تێپەڕ دەبێت.
بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییەكی گەرم لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەین كە ئەم تێكۆشانە بۆ سەرفرازی ئەوان بەرپا بووە.
خەباتی خوێن و فرمێسكی یەكێتیی و شۆرشی نوێی گەلەكەمان، دوای شانزە ساڵی بێ وچان لە وێستگەی راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991، بە نەخشەی ورد و ژیرانەی یەكێتییەكەتان، گەیشتە قۆناغی رزگاری بەشێكی بەرچاوی خەڵك و خاكی كوردستان، زەمینەی بیناكردنی ئەزموونی دیموكراتی و حوكمی خۆبەخۆی بۆ رەخساندین كە سەرەڕای دژواری و ناكۆكی ناوخۆیی بووە ئەزموونێكی پایەداری ئەوتۆ دوای روخانی دیكتاتۆری بەعسیش، لەدەستووری عیراقدا چەسپێنراوە.
ئاكامی تێكۆشانی یەكێتیی و شۆڕشە ئومێد بەخشەكەی بە ڕابەرایەتی سەرۆك مام جەلال و هەڤاڵە دێرینەكانی لە دەستەی دامەزرێنەر و پێشمەرگە و فەرماندەی مەفرەزە سەرەتاییەكان، لە كوردستان و سەرتاسەری عیراقدا بۆتە شانازییەكی نەتەوەیی و نیشتمانیی مەزن و نەبەردی دیموكراتی درەوشاوە. بە سەربەرزییەكی كوردانەوە، عیراقی ئێستا بەرهەمی ئەندێشەی كەمەندكێشی ئەم شۆڕشە نوێباوەی یەكێتییە كە مەسەلەی كوردستانی تا سەركەوتنێكی چۆنایەتی بردە سەرەوە و عیراقی گەیاندە بژاردەیەكی فیدرالی و دەستووری كە تەنانەت نەخشە رێگای یاسایی ماددەی ١٤٠یشی بۆ پرسی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان چەسپاندووە. لەسەر ئەو بنچینەیەش هەوڵی یەكێتی بۆ پێكەوە ژیان و سەركەوتنی ناسنامەی كوردستانێتی كەركوك، تا سەر درێژەی دەبێت.
ئەمڕۆش كە بیرەوەری ئەم بۆنە میللییەی دامەزراندنی یەكێتی و بەرپاكردنی شۆڕشی نوێیە، وەك یەكێتیی بەڵێنی لێبڕاوانە دووپات دەكەینەوە هەمیشە و تا دوا ئامانجی مافی چارەنووس، هەر یەكێتییەكەی خزمەتكاری كۆمەڵانی خەڵك و داكۆكیكاری راستگۆی ویست و مافەكانیان بین. هەمان یەكێتییەكەی سەرۆك مام جەلال بین كە ئێستا بەسەرۆكایەتی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی كاروانی ڕاستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی و هێنانەدی هەموو ئیستحقاقە دەستووری و نیشتمانییەكانی شەراكەتی راستەقینە، بەرەو پێشەوە دەبات. لە قۆناغێكی بوژاوەدا كە حیساب لەسەر قسە و هەڵوێست و بڕیاری یەكێتی دەكرێت، چونكە ئەوی دەیڵێت جێبەجێی دەكات
لە قۆناغێكدا لەسەر بنچینەی وەفاداری بۆ تێكۆشانی دێرین، خەباتی ئۆرگانییمان وا نوێ و تۆكمە دەبێتەوە كە دەرەقەتی ئەركەكانی داهاتووی كوردایەتی و دیموكراتی بێت.
جا لە كاتێكا گەلەكەمان و ئۆرگانە حزبییەكان بە پەرۆشەوە بۆنەكانی یادی یەكێتیی بەرز ڕادەگرن، ئەمرۆ حزبی شەهیدان وزە و ئیلهام لە گیانی پاكی شەهیدانی رزگاری و ئەزموونەكەمان و ویستی نەتەوەیی گەلەكەمان وەردەگرێ بۆ ئەوەی، بە هاوسەنگی حوكمڕانی و دادپەروەری كوردستانییەوە، هەم دامەزراوەكانی حكومەت و پەرلەمان كارا بكرێت و هەمیش تاقیكردنەكەمان، كە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ڕەنجی دەیان ساڵەمانە، لە هەڕەشە و گوڕەشەی نەیاران بپارێزرێت.
سەركەوێ خەباتی رەوای یەكێتی بۆ( ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین) و سڵاو لە گیانی بەرزەفڕی شەهیدانی گەلەكەمان و یەكێتی و شۆڕشی نوێ
مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
1/6/2026