26/05/2026
جەژنی قوربان لە هەمووان پیرۆز بێت
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربان جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی دانیشتووانی شاری سلێمانی و سەرجەم پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانی كەرتی تەندروستی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەكەم بەم بۆنەیەوە.
هیوای تەندروستیەكی باش بۆ هاووڵاتیانمان دەخوازین و هیوادارین هەمووان پابەند بن بە جێبەجێكردنی ڕێنماییە خۆپارێزی و زانستیەكان لە كاتی قوربانی كردن ،
لەم بۆنەیەدا سوپاسی تایبەتی پزیشك و كارمەندان و فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستی دەكەین كە بەردەوامن لە پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە هاووڵاتیان لە ڕۆژانی جەژندا و ماندوونەناسانە ئەركەكانیان جێبەجێ دەكەن.
دووبارە جەژنی قوربان پیرۆز بێت
د.سەباح نەسرەدین ئەحمەد
بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی
25/05/2026
تەندروستی سلێمانی ئامادەكاریی تەواو بۆ جەژنی قوربان دەكات..
لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ پێشوازی لە جەژنی قوربان، بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی پلانی بۆ ڕۆژانی جەژن داناوە و ڕێكاری پێویستی گرتووەتەبەر لەپێناو پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیانی خۆشەویست.
لە ڕۆژانی پشووی جەژنی قوربان سەرجەم نەخۆشخانە و فریاکەوتنەکانیان وە سەنتەرەكانی چارەسەری شێرپەنجە و شوشتنی گورچیلە و تیمەكانی چاودێری تەندروستی بەردەوام دەبن لە پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری بە شێوەی ئێشكگریی.
هاوكات تیمە تەندروستیەكان لە ڕۆژانی پێش جەژن و ڕۆژانی جەژن لەناو بازاڕەكان و شوێنە گەشتیارییەكان و سەیرانگاكان و ناوچە جیاجیاكان جێگیر دەبن و ئامادەییان دەبێت بۆئەوەی خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشكەشی هاووڵاتیان بكەن و بەهانایانەوە بچن.
هاووڵاتیان دەتوانن لەكاتی پێویست و هەر ڕووداوێكی نەخوازراو پەیوەندی بە سەنتەری فریاكەوتنی خێرای تەندروستی ژمارە 122 یاخود ژمارە مۆبایلی (07701949090-07701949191) بكەن بۆئەوەی تیمەكانی تەندروستی بەهانایانەوە بچن.
25/05/2026
ڕێنمایی خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون لەكاتی قوربانی كردن.
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكات ئەم ڕێنماییە تەندروستی و زانستیانە لە كاتی سەربڕینی ئاژەڵ بۆ قوربانی جێبەجێ بكەن، بۆ ئەوەی دووربن لە تووشبوون بە تای خوێنبەربوون:-
1- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت كە ڕێگە پێدراون و پزیشكی ڤێتێرنەری سەرپەرشتی دەكات.
2- لە كاتی سەربڕینی ئاژەڵ و كەوڵكردن یان پارچە پارچەكردنی گۆشتەكەی جل و بەرگی خۆپارێزی وەك (دەستكێش،جزمە، سەدریەی پلاستیك، ماسكی دەمووچاو) بەكاربهێنرێت.
3- نابێت خانەوادە یان خەڵك كۆببنەوە لە چواردەوری قەساب و نابێت هاوكاری بكەن لە كاتی سەربڕینی ئاژەڵ و پارچە پارچە كردنی گۆشتەكەی.
4- بەبێ دەستكێش مامەڵە لەگەڵ جەستەی ئاژەڵی سەربڕاو مەكە.
5- دوای پۆشینی دەستكێش و كەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتی ئاژەڵی سەربڕاو پارچەپارچە بكە.
6- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەكان و دانانی لە كیسی داخراو فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت.
7- بەكارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچە كردنی تایبەت بەگۆشت و شتن و پاكژكردنەوەی تەختە و چەقۆكان دوای بەكارهێنانیان.
8- پاككردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەكەی لێ سەردەبڕێت و بەتایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی كلۆریینی ڕوونكراوە.
9- باشتر وایە گۆشت ماوەی 12 بۆ 24 كاتژمێر لەناو ساردكەرەوە هەڵبگیرێت پاشان بەكاربهێنریت، بەڵام گۆشتی كوڵاو هیچ كێشەی نیە و سەلامەتە و نابێتە هۆی توشبوون بە تای خوێنبەربوون.
10- ئەگەر ئاژەڵ گەنەی هەبوو باشتر وایە نەكڕێت یان سەر نەبڕێت بو دووربوون لە تای خوینبەربوون، چونكە نەخۆشیەكە دەگوازرێتەوە.
25/05/2026
گرنگی فۆلیك ئەسید لە كاتی دووگیانیدا..
فۆلیك ئەسید (Vitamin B9) حەبێكی دروستكراوی بچووكە و ڕۆڵی زۆر گرنگ و گەورەی هەیە لە دروستبوونی دروستی مێشك و بڕبڕەی پشت لە هەفتەكانی یەكەمی دروستبوونی كۆرپەلە.
د.ڕاز سیروان قەرەداغی پسپۆری ژنان و مناڵبوون و نەزۆكی دەڵێت: هەموو دایكێكی دووگیان دوای ڕاوێژ لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕەکەی ڕۆژانە پێویستی بە بڕی 400 Mcg هەیە كە بڕێكی پێشنیاركراوی ڕۆژانەیە و دەبێت خانمان 3 مانگ پێش دووگیانی و 3 مانگی سەرەتای دووگیانی حەپی فۆلیك ئەسید بخۆن، چونكە كاریگەری گرنگی دەبێت لە دابەشبوونی وێڵاش و جەستەی كۆرپەلە و ڕێگریكردن لە ناتەواوی لە كۆئەندامی مێشك و دڕكەپەتك.
ووتی: توێژینەوەكان سەلماندوویانە بەكارهێنانی فۆلیك ئەسید (Folic Acid) ئەگەری تووشبوون بە ئۆتیزم و شێرپەنجەی خوێن لە داهاتووی منداڵەكە كەمدەكاتەوە و ئەگەری كەمخوێنی لە دایكەكە كەمدەكاتەوە.
د.ڕاز سیروان ڕایگەیاند: بەداخەوە زۆربەی خانمان دەوەستن تاكاتی پشكنینی دووگیانی و پاشان دەست دەكەن بە خواردنی فۆلیك ئەسید، بەڵام لەو كاتەدا زۆربەی قۆناغەكانی دروستبوونی كۆرپەلە دەستی پێكردووە، بۆیە زۆر گرنگە هۆشیاریان هەبێت لە گرنگی خواردنی ئەم حەپە بەتایبەتی سێ مانگ پێش دووگیانی.
24/05/2026
ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی هەستیار بە سەرکەوتوویی...
لەنەخۆشخانەی شاری فریاکەوتنی فێرکاری نەشتەرگەرییەک بۆ چارەخوازێک بە سەرکەوتووی ئەنجامدرا کە نازوی دیواری سنگ بوو، لە ئێستادا نەخۆشەکە تەندروستی جێگیرە ، هەریەکە لە پسپۆرانی سنگ و هەناسە ( د. بنار جمال امین، د. نسار جمال، د. سەرهەنگ وسو، د. هەرێم کەریم) سەرپەرشتی تیمێکی پسپۆڕیان کرد بەهاوکاری کارمەندانی بەشی نەشتەرگەری نەخۆشخانە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی ورد و هەستیار.
لە نەشتەرگەرییەکە چی بۆ کرا :-
چارەخواز بۆ ماوەیەکی درێژ ئازاری سنگ و هەوکردنی هەبوو لە دیوار ی سنگ و ناو سییەکان بە ڕێگەکانی تر چارەسەر نەئەکرا.
بە تەنها یەک کون و بە بەنجی لۆکاڵی بە بێ بەنجی گشتی نەشتەرگەری دیواری سنگ و دومەڵی پەردەی سییەکان و لابردنی بەستەرە شانە زیادە لە دیواری سنگ بۆ ئەنجامدرا ..
سوپاس بۆ ماندوو بوونتان...
24/05/2026
بسم الله الرحمن الرحيم
(الَّذِينَ إِذَا أَصَابَتْهُم مُّصِيبَةٌ قَالُوا إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ)
بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی خوالێخۆشبوو( حمەعلی عبداللە ) برای بەڕێز( د.شێرکۆ عبداللە) بەڕێوەبەری پێشووتری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و باوکی( ڕەوشت محمد) لەدیوانی بەڕێوەبەرایەتیمان پێگەیشت بەناوی خۆم و بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی یەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەبەڕێزەکەیان دەكەم لەخودای گەورە داواكارین كۆچكردوو بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بكات و سەبووری و دڵنەوایی بە بنەماڵەكەی ببەخشێت.
...انا للە و انا الیە راجعون....
د.صباح نصرالدین احمد
بەرێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی
20/05/2026
بەوێنە / بەڕێوەچوونی چلەی ماته مينى خوا لێخۆشبوو عقیدی پزیشکی(د.ديار نه جيب عبدالکریم مدریس ) پزیشکی پسپۆڕی مێشک ودەمار ....
20/05/2026
بەوێنە / بەردەوامی پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی (شەهید د.ئاسۆ) تایبەت بەنەخۆشییەکانی چاو ....
19/05/2026
بەوێنە / بەردەوامی کارکردن لە پرۆژەی دروستکردنی شاری پزیشکی جەمالی حاجی عەلی لەقەزای چەمچەماڵ .....
18/05/2026
گەشتێکی بەهارە بۆ چارەخوازانی نەخۆشانەی ( شەهید د. هێمن) ی دەروونی ڕێکخرا..
بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و بەهاوکاری ڕێکخراوی ( سی دی ئۆ) گەشتێکی بەهاری بۆ چارەخوازانی نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر هێمنی دەرونی ڕێکخرا کە تێیدا چەندین یاری و چالاکیی جۆراوجۆریان ئەنجامداو وە بەسەربردنی کاتێکی خۆش بۆ چارەخوازان ...