18/04/2026
شانازییە کە کافرم
ھۆ غەزالەکەی مەولایی
مەولات کێ بوو، من بە دینی ئەو کافرم
بیرت چی بوو، من بۆ ئەوە ساغیرم*
ھۆ غەزالەکەی کوردستانم، ئاسکۆڵەی باوانەکەم
خاکی ژێر پێی تۆ پیرۆزترە لە بڕوای جەنجاڵی لانەکەم
ھۆ غەزالەکەم، ھەر کە دەڕوانمە ژێر پێڵاوەکەت
ڕوخساری دوژمنانی کورد دەبینم لە جێپێی وەستانەکەت
ھۆ غەزالەکەم، ئەی ئاسکۆڵە نەشمیلە ھەژدە ساڵییە چەك لە شانەکەم،
گەر خواپەرستی لەوەدا بێت، داعشییەك تیمار بکرێ لە تەڕەماشخانەی بەخشین و برینەکانی تۆش بێ ڕێزی فەرابکرێن،
سوێند بە ئەڵلا و خودا و ئێزدان و یەزدان و پەروەدگار و مەولا و خاوەنکار و فڵان و فیسار من کافرێکی مولحیدی ھەموو ئایینەکانم، جگە لە ئایینی پیرۆزی کوردبوون کە خائین و نۆکەری بێگانە و خۆفرۆشی تیادا ڕسوا دەکرێن.
غەزاڵ گیان، ئەی خواوەندی تێکۆشانی جوانی، لە پێڵاوەکانی تۆ جوانتر و پیرۆزتر ھەبێ،
تەنھا ئەوانەن کە نەفرەت لە عەقیدە دەکەن و دەڵێن: بژی غەزاڵ و بمرێ کۆڵەوار!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
* ساغیر: واتە گوێڕایەڵێکی بچووك.
16/04/2026
بەپێی ھەموو پێوەرەکانی شەڕ و کوشتاری نێوان دوژمنان، کەسی بریندار سەر بە ھەرچی بیروباوەڕێك ھەبێ، دەبێ دەستبەجێ تیمار بکرێ و ژیانی لە مردن ڕزگار بکرێت.
ئەوەی دەرھەق بە شەھید غەزاڵ مەولایی کرا لەلایەن نەخۆشخانەی جاش و خۆفرۆشی بەخشین، نەك ھەر ئەوپەڕی بێ ئاکاری و بەدڕەوشتییە، بەڵکو سەرشۆڕترین جۆرەکانی ترسنۆکی و بێ شەرەفییە کە ھەتا ماون روحی بەرزەفڕی ئەو شەھیدە نازدارە لە بەرزایی ئاسمانەوە تف و نەفرەتبارانیان دەکات وەك کوردگەلێکی سەرشۆڕی ژێر چەپۆکی دەسەڵاتێکی ھیچوپووچی خۆفرۆش.
08/04/2026
با چاوەڕوانی دانوستاندنەکانی ئیسلام ئاباد بین
نووسینی: سەعید کاکەیی
بۆ ئەوەی نەکەونە نێو گەڕەلاوژێی فریودان و پڕوپاگەندەی ڕاگەیاندنی لایەنە نەیارەکان و لە خشتەبردنی ھەوڵەکانی چەسپاندنی ئاگربەستی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا—ئیسرائیلەوە، بەوردی بۆتان ڕووندەکەمەوە کە چی ڕوویداوە لە ساتەکانی دەستپێکی شەوی ئەم ڕۆژەماندا.
پێش ھەموو شتێك، پێمباشە بڕواننە جریوەی وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی، کە بەرواری 7ی نیسان (ئەپریل)ی لەسەرە و لەلایەن دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دەقی جریوەکەی عێراقچی لە ھەژماری خۆیدا بڵاوکردەوە.
لە جریوەکەی عێراقچیدا ھاتووە کە "لەبەرچاوگرتنی پێشنیارە 15 خاڵەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لەسەر بناخەی ڕازیبوونی ترامپ بە پێشنیارە 10 خاڵەکەی ئێران بۆ دانوستاندن، بڕیارمان داوە بە کردنەوەی تەنگەی ھورمز بۆ ماوەی دوو ھەفتە بە مەرجی ھاوکاری ئاسایشی لەگەل ئێمەدا."
لە کاتژمێری 1:34 خولەکی ئەمشەوی 8ی نیسان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایکۆ ڕوبیۆ، جریوەکەی ترامپی لە تۆڕە تایبەتەکەی ترامپەوە بەناوی (Truth) لەسەر ھەژماری خۆی لە تۆڕی (X) بڵاوکردەوە، (واتە، جریوەکەی ترامپ دوای جریوەکەی عێراقچی کراوە بە چەند کاتژمێرێك)، کە تیایدا ھاتووە بەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاریداوە بە ئاگربەستی کاتی بۆ ماوەی دوو ھەفتە.
ھەتا ئێرە تەنھا باسی ڕەزامەندی ئێران و ئەمریکا بووە لەسەر ئاگربەستی کاتی بەپێی ھەردوو پێشنیارە 15 خاڵەکەی ئەمریکا و 10 خاڵەکەی ئێران. بەڵام بۆ ئەوەی شرۆڤەیەکی بێلایەنی ئەم ئاگربەستە کاتییە بکەین، پێویستە بزانین خاڵەکانی پێشنیارەکان بریتین لە چی و ئاخۆ ھەتا چەند ھەردوو لایەن ئامادەن لە دانوستاندندا لەسەریان بگەنە ڕێککەوتن!
پێشنیارەکەی ئەمریکا بریتییە لەم خاڵانەی خوارەوە:
١- ھەڵوەشاندنەوەی تەواوی بەرنامەی ئەتۆمی سەربازی ئێران.
٢- قەدەغەی ھەمیشەیی: بابەندبوونی ھەمیشەیی ئێران بە ھەوڵنەدان بۆ بەدەستھێنانی چەکی ئەتۆمی ھەتا ھەتایە.
٣- ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم.
٤- ڕادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتاندراو بە ئاژانسی نێودەوڵەتی.
٥- داخستنی بنکە ھەستیارەکانی نەتەنز و ئەسفەھان و فۆردو.
٦- ڕێگەپێدانی بێمەرج بە پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ پشکنینی بنکە ئەتۆمیەکان.
٧- کۆتاییھێنان بە ھاوکاری سەربازی و دارایی بۆ گروپە وابەستەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.
٨- زامنکردنی ئاسایشی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتیەکان و بەتایبەت تەنگەی ھورمز.
٩- دانانی ڕادە و توانایەکی وێرانکارانەی دیاریکراو بۆ موشەکە بالیستیەکان.
١٠- سنووردارکردنی سیستەمە موشەکیەکان کە تەنھا لە چوارچێوەی بەرگریدا بن.
١١- ھەڵوەشاندنەوەی "سناپ باك": دەستبەرداربوون لە میکانیزمی گەڕانەوەی سزاکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی.
١٢- لابردنی ھەموو سزا ئابووریە سەپێندراوەکان بەسەر ئێران.
١٣- پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە تەنھا بوارەکانی ئاشتیانە و پزیشکیانەدا.
١٤- ئازادکردنی دەستبەسەرکراوانی ھەردوولا وەك دەستپێشخەرییەکی نیاز پاکانە.
١٥- دەستپێکردن بە دانوستاندنی ڕاستەوخۆ بۆ کۆتاییھێنانی شەڕ بەشێوەیەکی فەرمی.
ھەرچی پێشنیارەکەی ئێرانە، ئەوا بریتییە لەم خاڵانەی خوارەوە:
١- زامنکردنی دوبارە ھێڕش نەکردنە سەر ئێران.
٢- کۆتاییھێنانی ھەمیشەیی بە شەڕ و نەك تەنھا ڕاگەیاندنی ئاگربەست.
٣- کۆتاییھێنان بە ھێڕشەکانی ئیسرائیل لە لوبنان.
٤- لابردنی ھەموو سزا سەپێندراوەکانی ئەمریکا بەسەر ئێران
٥- کۆتاییھێنان بە ھەموو پەلامارە ھەرێمیەکان دژی ھاوپەیمانەکانی ئێران.
٦- دوبارە کردنەوەی تەنگەی ھورمز.
٧- سەپاندنی نەختینە بە گوژمی دوو ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەسەر ھەر کەشتییەك بە تەنگەی ھورمزدا تێپەربکات.
٨- دابەشکردنی ئەم نەختینەیە لەگەل سەڵتەنەی عومان.
٩- دانانی بنەماکانی تێپەڕبوونی ئاسایشیانە بە تەنگەی ھورمزدا.
١٠- بەکارھێنانی نەختینەی تێپەڕبوون بە تەنگەی ھورمز بۆ دوبارە بونیادنانەوە لەبری قەرەبووکردنەوە.
وەك دیارە، چەند خاڵێکی جێی ناکۆك ھەن. بۆ نموونە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێ ئێران ھەرگیز باسی خاڵی پیتاندنی ئەتۆمی و موشەکی نەکردوە لە دەقە ئینگلیزیەکەدا، بەڵام لە دەقە فارسییەکەدا باسی پیتاندنیش دەکات.
بە ھەر حاڵ، بڕوانە قەوارەی جیاوازیەکانی نێوان ھەردوولا کە دانوستاندنیان لەسەر دەکرێت. ھەر بۆیە، ئەوەی ئێستا ھەیە تەنھا نیاز دەربڕینە بۆ ڕازیبوون بە دانوستاندن.
پێشتر، ئەمریکا داوای لە ئێران کردبوو دانوستاندن لەسەر خاڵاکانی ھەردوولا بکەن. بەڵام ئێران ھەرگیز ئامادە نەبوو لەژێر ئاگردا دانوستاندن بکات و داوای ڕاگرتنی ھێڕشەکانی دەکرد وەك پێشمەرجێك بۆ دانوستاندن. لە بەرامبەردا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردنەوەی تەنگەی ھورمزی کردە مەرجی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان. بەوەش ھەر لایەنە سازشێکی بۆ ئەویترکرد لەپێناو دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان.
بەڵام ئەگەر بڕوانینە قەوارەی جیاوازیەکانی نێوان خاڵاکانی ھەردوولا، ئەوا جگە لە فریودان و بەلاڕێدا بردنی جەماوەرە بە ناچار تێوەگلاوەکەی ئەم شەڕە بە ھاژ و ھۆژی سازشکاری و بردنەوە یان دوڕانی یەك لە لایەنە بەشداربووەکان شەڕەکە بەسەر ئەویتردا ھیچی دیکە نییە. چونکە ھونەر و زانست و پیشەی دانوستاندن ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێت کە جگە لە شەڕێکی وێرانکارانە ھێشتا ھیچ لێکتێگەیشتنێك لە ئارادا نییە تەنھا نیاز پاکی نەبێت بۆ گەڕێکیتر لە دانوستاندنێکی ئالۆزی فرە جەمسەری کە پڕە لە مەرجە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھەر لە چین و ڕوسیا و ئەوروپا و ئەمریکاوە بیگرە ھەتا دەگاتە وڵاتانی ڕۆژھاڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت گروپ و میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەکردەوە، جارێکی دیکە خۆی وەك زلھێزێکی تاك جەمسەری جیھان سەپاندە سەر چین و ڕوسیا و ئەوروپا و توانا سەربازییە بێوێنەکانی لە خاپورکردنی ئێراندا سەلماند. ھەرچی ئێرانە، ئەوا سەرباری لەدەستدانی سەروەری ئاسمانی و دەریایی خۆی، بەڵام توانیویەتی بە خۆڕاگری و ھێزی سەربازی و موشەکی خۆی بەرگەی ڕوخانی ڕژێمەکەی بگرێت و لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە بۆ دانوستاندنی نێودەوڵەتی ھەتا کاتێکی نادیار. ھەرچی ئیسرائیلە، ئەوا بێگومان بە پاڵپشتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بووەتە زلھێزێکی ناوچەکە و دوژمنی سەرسەختی ڕژێمی ئێران.
کەواتە، ھێشتا زووە بڵێین کی براوە و کێ دۆڕاوی ئەم شەڕە نگریسەیە، مادەمێك لەو ڕاستییە دوور نەکەوینەوە کە دانوستاندن پێویستی بە پشوو درێژی و زیرەکی و بلیمەتی ھەیە.
دانوستانکارانی ئێرانی بەوە ناسراون کە پشوو درێژ و زیرەکن، بەڵام داھێنەر و بلیمەت نین. ھەرچی دانوستانکارانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، ئەوا بەبێ حەوسەڵە و جیقڵدان تەسك ناسراون، بەڵام بلیمەتن لە داھێنان و فریودانی نەیار و دوژمنەکانیان. ھەر بۆیە، پشوو درێژی و زیرەکی دوو جەمسەری نەخوازراوی بێ حەوسەڵەیی و بلیمەتین لە داھێنانی ڕێککەوتنێکی درێژخایەندا. پشوو درێژ و زیرەك ئەو کەسەیە کە چۆن بتوانێت خواستەکانی بەرجەستە بکات. بەڵام بێ حەوسەڵە و بلیمەت ئەو کەسەیە کە چۆن بتوانێت پێداویستەکانی بەدەستبھێنێت. ئەڵبەتە بەرجەستەکردنی خواست ناکاتە بەدەستھێنانی پێداویست چونکە ئەمەی دوایی زۆر گرنگترە لەوەی یەکەم.
ھەر بۆیە، چاکتر وایە با چاوەڕوانی دانوستاندنەکانی ئیسلام ئاباد بین و بزانین کامە دۆسیە سازشی لەسەر دەکرێت و ئایا دانوستاندنەکان تەواوکەری دەبن یان پەرتەوازەیی وەیاخود بە دانوستاندنی سازانی پرسەکانیان چارەسەر دەکەن!
07/04/2026
ترامپ ڕەزامەندی خۆی ڕاگەیاند بۆ ئاگربەستی گشتی بۆ ماوەی دوو ھەفتە و ئێرانیش بە ڕەزامەندی موجتەبا خامەنەئی ڕەزامەندی بۆ ئاگربەستی گشتی ڕاگەیاند.
07/04/2026
کەمتر لە چوار کاتژمێر ماوە بۆ بەسەرچوونی مۆڵەتی تەفرو تووناکردنی ڕژێمی ئێران. بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە دۆناڵد ترامپ بە ئەرێنی وڵامی داواکەی سەرۆك وەزیرانی پاکستان بداتەوە بەوەی کە مۆڵەتەکەی بۆ ماوەی دوو ھەفتە ڕابگیرێت لە بەرامبەر کردنەوەی تەنگەی ھورمز لەلایەن ئێرانەوە بۆ ماوەی دوو ھەفتە.
لەو باوەڕەدا ھەم کە ترامپ ئەو داوایەی پاکستان بۆ ماوەی ھەفتەیەك جێبەجێ بکات.
06/04/2026
شەق ئەزانێ قۆناغ لەکوێیە!
پەیامێك بۆ ئەو لایەنانەی کە چەکی ترامپی ئەمریکایان وەرگرت و لەسەری کڕیان کەوت!!
06/04/2026
ئەم سەرکونسوڵەی ڕژێمی پەت و سێدارەی ئێران زۆر بێ شەرم و بێ ئابڕووانە و دوور لە پرۆتۆکۆلی دیپلۆماسیی ھەڕەشە لە ھاوڵاتیان و خاکی ھەرێمی کوردستان دەکات.
ئەرکی فەرمانگەی پەیوەندییە دەرەکیەکانی ھەرێم و وەزارەتی دەرەوەی عێراقە دەستبەجێ بە کەسێکی نەخوازراو ناوزەدی بکەن و لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەریبکەن. ئەگینا، لەوانەیە لەو زماندرێژیانەی ئەمڕۆکەی خراپترمان پێبکات.
ھەروەھا، داوا لە ڕۆشنبیران و چالاکوانانی مەدەنی و میدیاکارانی بێلایەن دەکەم فشار بخەنە سەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ وەدەرنانی ئەم بەدفەساڵ و بەدڕەوشتە بێزراوە لە خاکەکەمان.
30/03/2026
79ھەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکردنی پێشەوای نەمر قازی محەمەد و هاوڕێکانی گڕی بەرخۆدانمان شکۆدارتر بکات.
شەهیدکردنی پێشەوا قازی محەمەدی سەرۆک کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد، کە لە ڕۆژی 1947/3/30دا لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد لەلایەن ڕژێمی ڕەزا شای گۆڕبەگۆڕی ئـێران حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا جێ بەجێ کرا، وانەیەکی کەم وێنەی قوربانیدانە لەپێناو سەربەخۆیی کوردستان دژ بە جەور و ستەمکاری داگیرکاری دوژمنانی کورد لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەماندا.
ھیوادارم لەم بارودۆخە مەترسیدارەی کە ناوچەکەمانی گرتۆتەوە، لایەنە سیاسییە کاریگەرەکانی کورد لە کوردستاندا بەرپرسیارانە و لەخۆبوردانە خەون و ئاواتەکانی پێشەوای نەمرمان قازی مەحەمەد و ھاوڕێکانی بھێننەدی و بە کوردبوونێکی بێخەوش یەکێتی ڕیزەکانی نەتەوەکەمان تۆکمەتر بکەن بۆ ڕووبەڕووی مەترسییەکان و ئەو دەرفەتانە بقۆزنەوە کە دەبنە مایەی کۆتاییھێنان بە ستەمکاریەکانی کۆماری پەت و سێدارەی ئێران و کلکەکانیان لە عێراق و فاشیستە دڕندەکانی تورکیا و تێرۆرکارانی شام.
ڕۆحی بەرزەفڕی پێشەوا قازی مەحەمەد و تێکڕای شەهیدانی کورد و کوردستان شاد بێت و ناو و یادیان ھەر بمێنێت بۆ هەمیشە..
24/03/2026
أنتم يا شهدائنا الأبرار من قوات پيشمەرگتنا الأبطال لقد نلتم العُلا بأرواحكم الزكيّة وشيّدتم الأخدود الأزلية على سفوح جبالنا الشامخة في كوردستان الحبيبة التي هي مهد النضال والحرية.
هنيئاً لكم الشهادة والخزي والعار لكل الأعداء والحاقدون على أمتنا الكوردية الأبية.
18/03/2026
نە ئیسرائیلیم، نە ئێرانیم
نە ئەمریکیم، نە شیعیم
کوردێکی یارسانیم دژی
حوکمی شا و ئاخوندیم
11/03/2026
بەداخ و کەسەرێکی ناخھەژێنەوە ئەمشەو ھاوڕێ و ھەڤاڵی تێکۆشەر مامۆستا ساڵح موسلم گیانی پاکی سپاردە خاکی دەرگای ڕەحمەتی ئێزدانی دلۆڤان.
بەم بۆنە خەمناکەوە سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خێزان و بنەماڵە و دۆست و ھەڤاڵانی بەڕێزیان دەکەم و ڕوحی بەرزەفڕی شاد و جەستەی ماندوونەناسی ئارام بێت.
28/02/2026
لەم ڕۆژی ئاگربارانەی ناوچەکەماندا، ھاوڕێی ئازیز و بیرمەند و شاعیری ناوداری کورد مامۆستا ڕەفیق سابیری خۆشەویستیمان بەجێیھێشتین و گەڕایەوە دوا مەنزڵگای خۆی. روحی شاد و جەستەی ماندوونەناسی ئارام بێت.