24/03/2026
ئێمە لە مەرگ دەترسێنن؟
گەر ترساباین، عاشقانە نەوە دوای نەوە، خۆمان "وەپێش مەرگ" نەدەخست، مێژوومان بە خوێن نەدەنەخشا.
دڵنیابن؛ ئەوەی هەرگیز پێتان ناکرێ، سڕینەوەی ئازادییە لە رۆحمانا،
خۆشەویستی کوردستانە لە دڵمانا...
جێگەی شەهیدانی نوێی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەهەشت بێت؛ خوای گەورە سەبووری بە کەس و کار و ئازیزانیان و هەموومان بدات و کوردستانی خۆشەویستمان بپارێزێت.
20/03/2026
نەورۆز و ژیانی کوردەواری
لە کۆنترین ساتەکانى مێژووەوە، خەونى نالەبار و فاڵى شووم بۆ ئەم نەتەوەیە دەبینرێن و دەگیرێنەوە؛ لە کوشت و کوشتار و سەرکوتەوە بگرە، تا ئەنفال و جینۆساید، تا خنکاندن و سێدارە، تا کاولکردن و راگواستن، تا ناشیرینکردن و شێواندن، ئەوان ویستوویانە خەون و فاڵى خۆیان وەڕاست بگێڕن؛ بەڵام هەمیشە، ئەوە هەستانەوە و راچەنین، هەناسەى پاک و هاوارى ئازادى، ئاوەدانى و سەقامگیرى، جوانى و رازاوەیى بوون، کە ئەو خەون و فاڵانەیان بەتاڵکردووەتەوە؛ ئەمە فەلسەفەى نەورۆزە، کە لە هەست و نەستى کۆن و نوێى کورددا، رێڕەوى مێژوومانى نەخشاندووە و دەنەخشێنێ و لە هەموو هەنگاوێکماندا، هیوا و دنیایەکى نوێمان بۆ دەخوڵقێنێ.
نەورۆزتان پیرۆز و ژیانتان هەمیشە بەهارى و پڕ لە نوێگەرى و شکۆ بێت...
19/03/2026
خۆشەویستان و ئازیزان
لە ناخى دڵمەوە، جەژنى پیرۆزى رەمەزان، جەژنى پاداشتى خواپەرستى و دڵسپاردن بە خواى گەورە، جەژنی پاکبوونەوە و تاقیکردنەوەی رۆح و جەستە، لە ئێوەی ئازیز پیرۆز دەکەم. لە یەزدانى مەزن دەپاڕێمەوە، لەم تاقیکردنەوە گەورەیەى ئەم مانگە پیرۆزە دەرچووبین و پاداشتى خێر و چاکە، ئارامى و خۆشەویستى، دانبەخۆداگرى و هیوا، بڕژێنێ بەسەر هەموو ئێوەى ئازیز و بنەماڵە سەربەرزەکانتان و سەرجەم خەڵکى خۆشەویستی کوردستان.
با لە بەرەبەرى ئەم جەژنە پیرۆزەدا و لەناو گەرمەى ئەم شەڕ و ناخۆشییەدا، هەموومان بە دڵێکى پاکەوە و بە خۆشەویستیى بەرامبەر بە یەکترى و بە یەکگرتووییەوە، ئاواتەکانمان بکەینە یەک و بۆ سەربەرزیى و پارێزراویى کوردستان و گەلە ئازیزەکەمان لە هەر شوێنێکى ئەم دنیایەدا هەیە، نزا بکەین.. خواى گەورە کوردستانمان بپارێزێ...
هەمیشە لە جەژن و شادیدا بن..
16/03/2026
هەڵەبجە؛
زایەڵەی ژیانەوەیە لەناو تارمایی مەرگدا
پێش ۳٨ ساڵ، خێڵی جەور و جەفا کوشت و بڕ، مەرگیان بەسەردا باراندین، نەیانزانی سەرەنجامی ئێمە ژیانەوەیە و ژیانەوە....
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
14/03/2026
۱۲۳ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، لەدایک بوو؛ ژینی بەخشی بە کوردستان و، بۆ هەمیشە بە نەمریی لەناو دڵی کوردستاندا مایەوە: "بارزانی نەمر"
05/03/2026
راپەڕینى کوردستان؛
وێستگەیەک بەرەو ئارامى و هەڵکشان
یادى راپەڕینى گەلى کوردستان لە ٥ى ئازارى ١٩٩١، تەنیا بۆنەیەک نییە بۆ ئێمە، بەڵکو خاڵێکى وەرچەرخانى مێژووییە، کە پێویستە لە هەموو چرکەساتێکى هزر و کردەوەماندا وەبیر
بهێنرێتەوە. ئێمە لە راپەڕینەوە، سەرەڕاى هەموو کێشە و کەموکورتیی و ئاڵنگارییەکان، سەرەڕاى هەموو بەربەست و هەڕەشەکان، هەروا بەرەو سەر هەڵدەکشیێن و رۆژ لە دواى رۆژ، ژیانمان، خەون و خەیاڵ و چاوەڕوانی و حەز و خولیامان بەرزتر دەبێتەوە؛ ئەمە لە ژیانى ژێردەستەییدا مەحاڵە، چونکە ژیانى ژێردەستەیى، تەنیا رێ بە لانیکەمى ئارەزوو و خەونەکانى ژیان دەدات. بەمجۆرە دەردەکەوێ کە راپەڕین چەندە رووداوێکى گرنگ و گەورەى مێژووییە لە ژیانماندا.
ئێستاش لەم ساتە دژوارانەى کە تێیانداین، ئەوەندە بەسە کە بزانین، کورد نەتەوەى پشوودرێژیى و تێکۆشان و راسانە؛ دەبێ بزانین نەتەوەیەک کە سەختترین ساتەکانى ژیانى لە سەردەمى دڕندەترین دیکتاتۆرى سەردەم، واتە سەدام حسێن، بە راپەڕین تیپەڕاندبێ، ئەم هەلومەرجەش تێدەپەڕێنێ؛ بە دڵنیاییەوە ئاسۆى ژیان و شکۆى کورد، لە هەر کات و ساتێکى ترى مێژوو، روونترە.. تەنیا کەمێک پشوودرێژى، پێداگرى و یەکگرتوویى پێویستە.
سڵاو بۆ ئەو ئیرادەیەى کە راپەڕینى گەلى کوردستانى بەدیهێنا.. سڵاو لە گیانى پاکى شەهیدانى راپەڕین و سەرجەم شەهیدانى کوردستان
21/02/2026
بیرى ئازادیخوازى و خۆشەویستى کوردستان، لە مێشکماندا بە کوردى خەمڵیوە؛
با لە رۆژى جیهانى زمانى دایکدا، رێز لە زمانى کوردى بگرین و پەرەى پێبدەین.
17/02/2026
مانگی پیرۆزی رەمەزان؛
مانگی دڵ سپاردن بە خوای گەورە
هاتنەوەی مانگی پیرۆزی رەمەزان،
مانگی تاقیکردنەوە و راهێنانی رۆح و جەستە، مانگی ئیرادە و سەبر و چاکە پیرۆزبێت..
27/01/2026
جوانییەک لەوپەڕی شکۆمەندیدا
"خەونى کورد، هیچکات سیس نابێت و ناژاکێت؛ رەگ و ریشەى لە قووڵایى نەست و خەیاڵ و ئیرادەى نەوەکاندایە"
تێبینی: ئەمە وێنەی ماناداری بەشداری جگەرگۆشەیەکی نازداری ئەم نیشتمانەیە، لە یەکێک لە رێپێوانە جەماوەرییەکانی ئەم رۆژانە..
21/01/2026
با لەناخى خۆمانەوە بەدواى سەرکەوتندا بگەڕێین
(کورد و کوردستان)
باوەڕ ناکەم لەم چەند رۆژەى رابردوودا کەسمان خەو و ژیانێکى ئاساییمان هەبووبێ؛ نوقمى ساتێکى تراژیدیى و پڕ لە دڵەڕاوکێین، هاوشێوەى زۆر قۆناغى دیکەى مێژویى، بەڵام گرنگە بزانین ئەمە هەموو مەسەلەکە نییە؛ هەندێکجار تراژیدیا و تاریکییەکان، دەبنە هەلێک بۆ تاقیکردنەوە و پێوانەکردنەوەى ویژدان و رۆحمان؛ دەبنە سەرچاوەى ئومێد و رووناکاییەکى نوێ و دواجار دەبنە مزگێنییەک بۆ زیندوێتى گیانێکى هاوبەش. دەرکەوتنى ئەو گیانى یەکڕیزییەى رۆڵەکانى کورد لەم رۆژانەدا، پێمان دەڵێ، ئێمە لە دۆخێکى تراژیدیدا نین و شایستە نییە خەم و نائومێدی لەباوەش بگرین، تەنیا ئەوەندەیە پێویستە زیاتر بگەڕێینەوە بۆ ناخى خۆمان و ناو خۆمان، ناخێک کە سەرەتا و کۆتاییەکەى لە دەستى خۆماندایە و دەتوانین مێژووى بەوشێوەیە پێ ئاراستە بکەین، کە دەمانەوێ. بەمجۆرە هێز و تواناکانمان هەڵدەسەنگێنین و پێکەوە هەنگاوەکان دەنێین. ئەوکاتە خەڵکى دیکەش هاوهەنگاومان دەبن.
کورد و کوردستان لە زۆر قۆناغدا هەوڵدراوە بسڕدرێنەوە، بەڵام دواجار ئەوەى کە ماوەتەوە هەر کورد بووە و کوردستان..