25/05/2026
پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ۲۰۲٦/٥/٢٥ لە مەراسیمێکی بەرفراوان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە لێپرسراوانی حزبی و حکومی و کەس و کاری شەهیدان و قوربانیان و منداڵانی وونبوی کارەساتی هەڵەبجە، بەڕێز (هێمن مام ڕەش) یاریدەدەری بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە نوێنەرایەتی وەزارەت لەشاری هەڵەبجە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی وونبوان، بەشداری مەراسیمێکی کرد کە تیایدا پەردە لەسەر پەیکەری تایبەت بە منداڵە وونبووەکان لادرا.
هەر لەو مەراسیمەدا وەک ڕێزگرتن و وفاداری بۆ کەیسی منداڵە وونبووەکانی هەڵەبجە بە هاوڕێیەتی بەڕێز کامەران مستەفا بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی پارێزگای هەڵەبجە تاجەگوڵینەی وەزارەتیان لە بەردەم پەیکەرەکەدانا، دواتر لهۆڵی مۆنۆمێنتی یادگاری هەڵەبجە ڕێوڕەسمێکی ووتار خوێندنەوە و چەند چالاکیەکی ئەدەبی تایبەت بە ڕۆژی وونبوان بەڕێوەچوو، کە هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی پارێزگای هەڵەبجە و ڕێکخراوی لاهای بۆ پرسی جینۆساید بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ونبووان ڕێکیان خستبوو.
17/05/2026
٣٨هەمین ساڵیادی کیمیابارانی گوندی (وەرێ) بەرز ڕاگیرا
ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێکەوتی ١٧ی ئایاری ٢٠٢٦، کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی، بە ئامادەبوونی بەرێز(ڕێبوار ئەحمەد عوسمان) بەرێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی ڕاپەرین و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و حزبی و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان ، ٣٨هەمین ساڵیادی تاوانی دڕندانەی کیمیابارانی گوندی (وەرێ) بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی ڕاپەڕین، بە یاوەری بەڕێز بەڕێوەبەری شەهیدانی قەڵادزێ تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفایان لەسەر مەزاری بێگەردی شەهیدانی گوندی وەرێ دانا.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، لە ١٧ی ئایاری ١٩٨٨دا، لە کاتێکدا خەڵکی تێکۆشەری گوندی 'وەرێ' (سەر بە ناحیەی بێتواتە لە قەزای ڕانیە) سەرگەرمی خۆئامادەکردن بوون بۆ پێشوازیکردن لە جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، ڕژێمی بەعسی فاشیست لە ڕێگەی فڕۆکە مەرگچێنەکانییەوە، بە چەکی کیمیایی هێرشی دڕندانەی کردە سەر گوندەکە. لەو تاوانەدا ٣٨ هاووڵاتی سڤیلی گوندەکە شەهید بوون، دەیانی تر بریندار بوون و دانیشتووانەکەشی بە تەواوی ڕاگوێز و ماڵوێران کران.
درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی گوندی وەرێ و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.
14/05/2026
حەجاج لە سێدارە دەدرێت
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ۲۰۲٦/٥/١٤ بەئامادەبوونی وفدێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان: پارێزەر ئەیاد کاکەیی و زێرەڤان مجید بەڕێوەبەری یاسایی و ئارام نوری بەڕێوەبەری گۆڕەبەکۆمەڵەکان و تاڤگە حەمە ساڵح بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە کۆیە و هێمن مام ڕەش یاریدەدەری بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەجیاوازەکانی کورد لە پەرلەمانی عیراق و رزگاربوانی زیندانکراوانی نوگرەسەلمان و کەس وکاری ئەنفالکراوان و قوربانیان و ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی بواری جینۆساید، لەهۆڵی ژمارە 3 ی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغداد/ڕەسافە، لە ڕێوشوێنێکی ئەمنی تونوتۆڵدا دووەمین دانیشتنی دادگایی کردنی جەلادەکەی زیندانی نوگرەسەلمان تاوانبار (عەجاج احمد حردان العبیدی) بەسەرۆکایەتی دادوەر (سعد خزعل جاسم الٲمی) و دەستەی دادوەری و ئامادەبوونی خودی تاوانبارەکە و پارێزەرانی هەردوولا بەڕێوەچوو.
دوای دووسەعات و نیو گفتوگۆ و تەئکیدردنەوە لە راستی و دروستی ناوەڕۆکی زانیاریەکانی سکاڵاکاران و گوێگرتن لە سەرنج و پەڕاوەکانی پارێزەرانی هەردوولا، دادوەر دەرفەتی بە تاوانبار (عەجاج احمد حردان العبیدی) دا بەرگری لەخۆی بکات، بەڵام تاوانبار نکۆڵی دەکرد کە هیچ کاتێک لە نوگرەسەلمان بوبێت و رەتی دەکردەوە ئەو تاوانانەی ئەنجام دابێت.
دواتر دادوەر بە پشتبەستن بە دانپیادانانەکانی خودی تاوانبار لەکاتی لێکۆڵینەوە و نیشاندانی ڤیدیۆی (کشف الدلالە) کە لە نوگرەسەلمان باسی لە رووداوەکان کردووە، هەروەها دژبەیەکی قسە و زانیاریەکانی پێشووی تاوانبار و پەڕاوی پارێزەرەکەی تەواوی تاوانەکانی بەسەردا ساغکرایەوە.
دوای پشوویەکی کورت و مداوەلەی دەستەی دادوەری، سەرۆکی دەستەی دادوەران بە پشتبەستن بت یاسای سزادانی عیراقی بڕیاڕی خنکاندن تامردن(شنقا حتی الموت)ی بەسەردا سەپاند.
بەبیستنی ئەم ووشانە ناو هۆڵی دادگا خرۆشا و گریان و فرمێسکی شادی و چەپڵە ڕێزانی سکاڵاکاران و کەس وکاری قوربانیان و ئامادەبووان تێکەڵ بە یەکتربوون.
بەمەش بەشێک لە ئازار و مەینەتیەکانی کەس و کاری ئەنفالکراوان و قوربانیانی ئەنفال و بەتایبەتیش قوربانیانی زیندانەشوومەکەی نوگرەسەلمان ساڕێژبوو.
13/05/2026
بەرێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان پێشوازیکرد لە سەرۆکی کونسوڵی کۆماری چین
کاتژمێر ٩:٠٠ـی سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٢ـی ئایاری ٢٠٢٦، بەرێز جبار عمر صالح بەرێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی/گەرمیان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و حزبی پێشوازیکرد لە سەرۆکی کونسوڵی کۆماری چین لە هەرێمی کوردستان لە سەر مەزاری پیرۆزی ئەنفالکراوان لە گوندی دێبنە کە تیایدا ژمارەیەکە لە کەس وکاری سەربەرزی شەهیدانی جینۆساید و هەندێک لەڕێخراوەکانی بواری جینۆساید ئامادەیبوون و پاشان تاجەگوڵینەی بەڕێزیان لەسەر گڵکۆی شەهیدانی ئەنفالکراوان داندرا .
06/05/2026
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی بەشداریکرد لە ۳٨ـەمین ساڵیادی ئەنفالی شێخ بزێنی
کاتژمێر ١١:٠٠ـی پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ چوارشەممە رێکەوتی ٦ـی ئایاری ٢٠٢٦، بەڕێز ادیب لەتیف بەرێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی و شاندێکی یاوەری بەشداریکرد لە یادی ۳٨ساڵەی ئەنفالی شێخ بزێنی.
رژێمی بەعسی ڕوخاو بەبێ رەچاوکردن و پاراستنی بەها مڕۆڤایەتییەکان بە ناوی الانفال بە شێوەیەکی زۆر بێڕەحمانە کەوتە وێزەی گەلەکەمان و بە ۸ قۆناغ هەزاران ژن و مناڵ و پیر و گەنجی راپێچی زیندانی مەرگ کرد بە هاوکاری و پشتوانی وڵاتەزلهێزەکان لە م پرۆسەیەدا چەندین پێشێلکاری دژی مڕۆڤایەتی ئەنجامدرا کە لەوانە قڕ کردنی گەلی کورد و لە ناوبردن و شەهید کردنی هەزاران رۆڵەی ئەم نیشتمانە و خاپور کردنی زیاتر لە ٤٥٠٠ شاروشارۆچکەو گوند، ئەم کارە نامڕۆڤانەیە تەنها بەچەند ناوچەیەک و شوێنێک نەوەستا ولە قۆناغی چواری ئەنفالی گەلی کوردستان ناوچەی قەڵاسێوکە و شێخ بزێنی و ناوشوان بەر ئەوشاڵاوە دڕندانە کەوتن کە زیاتر لە ۲٥٠٠ مڕۆڤی بێتاوان بەرەو بیابانەکانی جنوب (نوگرە سەلمان)راپێچکران و زیندەبەچاڵیان کردن.
ئەمرۆش بۆ بەرز راگرتنی ئەو یادە پر خەم و ئازارە مەراسمێکی پر شکۆیان لە ناوچەی شیخ بزینی بۆ رێکخرا بە بۆنەی ساڵرۆژی ئەو مەرگەساتە بە مەبەستی ناساندنی خەم و ئازارە کان و روداوەکان بە نەوەکانی داهاتوو وبەئاگابون لە مێژووی گەلەکەیان .
لە کۆتایی مەڕاسیمەکەدا شاندی بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی تاجەگوڵینەی رێز و وەفایان لە سەر دیوار بەندی ئەنفالی ناوچەی شێخ بزێنی دانا.
27/04/2026
رۆژی یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، لە مەڕاسیمێکی شایستەدا یادی شەهیدانی بۆردومانی "پردی گەڵاڵە" کرایەوە.
پەنجا و دوو ساڵ بەسەر کارەساتی بۆردومانی پردی گەڵاڵە تێدەپەڕێت کە لەلایەن رژێمی بەعسەوە ئەنجامدراوە، لەم یادە خەمناکەدا مەراسیمێک بەڕێوەچوو بۆ بەرز ڕاگرتنی رۆحی شەهیدان و بریندارەکانی کارەساتەکە،
مەڕاسیمەکە بە ئامادەبوونی بەڕێزان کەریم کاوە کەریم بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکومی و لایەنە سیاسییەکان و مامۆستایانی ئایینی و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و خەڵکی ناوچەکە بەڕێوەچوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، بەڕێز کەریم کاوە کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، پەیامی بەڕێوەبەرایەتییەکەی خوێندەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ڕژێمی پێشووی بەعس چەکی قەدەغەکراوی دژی هاووڵاتییان و خەڵکی سڤیل بەکار هێناوە و تاوانەکە "کۆمەڵکوژی" بووە؛ هەروەها ڕایگەیاند کە بە هەماهەنگی لەگەڵ قائیمقامی چۆمان، پلانی دروستکردنی مۆنیۆمێنتێکی شایستە بۆ شەهیدان دانراوە.
بەڕێوەبەری گشتی لە درێژەی وتارەکەیدا ڕوونیکردەوە: "ئێمە وەک وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە خەمی خزمەتکردنی باشتری کەسوکاری شەهیدانداین و هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەم مەبەستە خستووەتە گەڕ." جەختیشی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە فشار خستنە سەر حکومەتی عێراق، تا لە چوارچێوەی ماددەی 132ـی دەستووردا، قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە و کار بۆ بوژاندنەوەی ناوچە کارەساتبارەکان بکات.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، تاجەگوڵینەی وەفا لەلایەن ئامادەبووانەوە لەسەر مۆنیومێنتی شەهیدانی پردی گەڵاڵە دانرا.
27/04/2026
بەرێز وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان پێشوازیکرد لە ژمارەیەک بەرکەوتوانى چەکى کیمیاوى
کاتژمێر ١١:٠٠ى پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى ٢٧ـى نیسانى ٢٠٢٦ بەرێز ( عبدالله حاجی محمود ) وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە ئامادەبوونى بەرێزان بریکارى وەزارەت و بەرێوەبەرى گشتى خزمەتگوزارى کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و بەرێوەبەرى بەرێوەبەرایەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى کۆیە لە دیوانى وەزارەت پێشوازیکرد لە وەفدێکى ناحیەى بالیسان کە پێکهاتبوو لە بەرێز بەرێوەبەرى ناحیەى بالیسان و ژمارەیەک لە بەرکەوتوانى چەکى کیمیاوى سنورى دۆلى خۆشناوەتى .
ئەم کۆبوونەوەیە تایبەت بوو بە کۆمەڵێک داواکارى بەرکەوتوانى چەکى کیمیاوى بەمەبەستى بەدواداچوون بۆ کاروبارەکانیان و خزمەتکردنى زیاترى بەرکەوتوانى چەکى کیمیاوى و کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان لە لاى خۆیەوە بەرێز وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان پشتیوانى و پشتگیری خۆى نیشاندا تایبەت بە داواکارییەکانیان .
24/04/2026
بەرێز بەرێوەبەری گشتی خزمەتگوزارری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەشداریکرد لە یادی ٥۲هەمین ساڵیادی کارەساتی ڕاپەڕین و قەڵادزێ
کاتژمێر ١٠:٠٠ـی سەر لەبەیانی ئەمرۆ هەینی رێکەوتی ٢٤-ی نیسانی ٢٠٢٦ ، بەرێز ( احمد مام رەسول )بەرێوەبەری گشتی خزمەتگوزاری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە نوێنەرایەتی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە ئامادەبوونی بەرێزان(ڕێبوار احمد عسمان )بەڕێوەبەری گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی ڕاپەڕین و (ابراهیم محى الدین مراد )بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی قەڵادزێ و ژمارەیەک لە بەرێوەبەران و فەرمانبەران بەشداربوون لەو مەراسیمە پرشكۆیەدا كەشانازی كردنە بەشەهیدان.
لەو مەراسیمەدا تاجەگوڵینەی ڕێزو وەفاداندرا لەسەر گڵکۆی شەهیدان لە قەبرستانی قەلازێ .