Zagros Fatah زاگرۆس فەتاح

Zagros Fatah زاگرۆس فەتاح

Share

ئەندامی مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان

Photos from ‎Zagros Fatah زاگرۆس فەتاح‎'s post 22/04/2026

ساڵیادی ڕۆژنامەگەری كوردی پیرۆز بێت..

بەبۆنەی ١٢٨ هەمین ساڵیادی پەخش و وەشاندنی یەكەمین ژمارەی ڕۆژنامەی كوردستان بەزمانی كوردی لەلایەن میقداد مەدحەت بەدر خانەوە پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەنوسانی كوردستان دەكەم، دەستی ڕێزیش بە سنگەوە دەگرم بۆ هەمو ئەو نوسەرو ڕۆژنامە نوسانەی لەماوەی ئەم ١٢٨ ساڵەدا لەناوخۆی كوردستان و دەرەوەدا بە ماندو بوون و زەحمەتیەكی زۆرەوە خزمەتی ووشەی كوردی و ڕۆژنامەگەری كوردی و لەڕێی ئەویشەوە خزمەتی كورد و كوردستانیان كردوە.

دەستپێکی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان وەکو خەباتێکی نەتەوەیی و ڕۆشنبیری بۆ نەتەوەی کورد هەژمار دەکرێت، دەرچوونی ئەم ڕۆژنامەیە بو بە سەرەتاو دەستپێکی خەباتی بەرفراوانی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دەرەوەی كوردستان، گەیاندنی دەنگی ڕەواو ناساندنی کورد بوو بە جیهان.

لەکوردستانیش بووە هەوێنی بەرزکردنەوەی گیانی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری لەناو دڵ و دەروونی هەموو تاکێکی کورددا.

پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لەسالی ١٩٤٦ تا بەئەمڕۆ، لەسۆنگەی بڕوابوون بە كاریگەری ڕۆژنامە لە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری سیاسی و نەتەوەیی و فەرهەنگیی تاكی كورد و خزمەتگەیاندن بە دۆز و خەباتە ڕەواكەی گرنگی پێداوە، لەپاڵ ئەوەشدا گرنگی بە ئازادی كاری ڕۆژنامەگەری و نوسین و بیری ئازاد داوە لە پێناو گەشە سەندن و خزمەتكردن بە كوردستاندا، دەیان و سەدان نوسەرو ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنوسی گەورە و خاوەن قەڵەمی كاریگەریشی لەخۆی كۆكردۆتەوە و خزمەتی كردون تا ئەوانیش خزمەتی فەرهەنگی كوردی و دۆزی ڕەوای میللەتەكەیان بكەن، چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار و بلاوكراوەی جۆراو جۆریشی لە سەردەم و بارودۆخە جیاوازەكاندا بە قەبارە و تیراژ و ناوەرۆكی جیاوازەوە بڵاو كردۆتەوە، هەموو ئەمانەش كاریگەری زۆریان هەبوە لەسەر هۆشیار كردنەوەی تاكی كورد.

بۆیە ڕۆژنامەنوسان و هەمو ئەو كرێكارو كارمەندانەشی لە چاپخانەكان و ئەو بوارەدا كاریان كردوەو ماندو بوون جێی ستایش و ڕێزو تەقدیرن.

هەر لەم یادەشدا و هاوكات بەبۆنەی ١٢٨ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستانەوە پیرۆزبایی لە نەقیب و ئەندامانیان دەكەم، هیوادارم لەچوارچێوەی یاساكانی كاری ڕۆژنامەوانیدا بەردەوام بن لە داكۆكیكردن لە ڕۆژنامەنوسان و ئازادی كاری ڕۆژنامەگەری و مافی ڕۆژنامەنوسان، هەوڵی تەواویش بدەن بۆ پابەند كردنی ڕۆژنامەو دەزگا میدیاییەكان و ڕۆژنامەنوسان بەبنەما یاسایی و ئیتیكیەكانی كاری میدیایی و ڕۆژنامەوانی لە كوردستاندا.

زاگرۆس فەتاح
٢٢ـی نیسانی ٢٠٢٦

Photos from ‎Zagros Fatah زاگرۆس فەتاح‎'s post 14/04/2026

ئەنفال برینێكی كراوەی ساڕێژ نەبوە لە نێوان كورد و بەغداد دا...

ئەمڕۆ (٣٨) ساڵ بەسەر شاڵاوی بەدناوی ئەنفالدا تێپەڕ دەبێت، شاڵاوێك كە تێیدا ڕژێمی بەعسی شۆڤێنی عێراق زیاتر لە (١٨٢) هەزار مرۆڤی بێ تاوان و سڤیلی گوند و شارۆچكەكانی كوردستانی لە پڕۆسەیەكی سەربازی بێ ڕەحمانەدا ئەنفال كرد، ئەو مرۆڤانە زۆربەی زۆریان پیر و منداڵ و ئافرەت و كچ و كوڕی گەنجی سڤیل و دوور لە چەك و سیاسەت بوون، تاوانیان تەنها كورد بوون بوو.

لەگەڵ ئەنفالكردنی ئەو هەزاران مرۆڤەدا زیاتر لە (٤٥٠٠) گوند و شارۆچكەی كوردستانیش تەختی زەوی كران، ئەمەش بەئامانجی ئەوەبوو كە وەك هەنگاوی یەكەم بەشێكی زۆری كوردستان لە كورد دابماڵێت، هەنگاوی دواتریش بە هێنانی خێڵ و ماڵی عەرەب شوێنەكان سەرلەنوێ ئاوەدان بكاتەوەو عەرەب نشینیان بكات، بەمەش سیاسەتێكی كوشندەی سڕینەوەی كورد لە ناوچە سنووریەكانی كوردستانەوە دەست پێ بكات بەئاراستەی ناوەوە تا لە كۆتاییدا لەگەڵ پرۆسەی بەعەرەب كردنی كەركوك و ناوچە سنوریەكان لەگەڵ عەرەب لەیەك بدات، بەڵام خۆشبەختانە ڕاپەڕینی ئاداری (١٩٩١) ئەو پیلان و پلانە كوشندەیەی لە گۆڕنان.

لەم یادەدا سەری ڕێزو نەوازش بۆ قوربانیانی بێ تاوانی ئەنفال دادەنەوێنین، ئەوەش بیری خەڵكی كوردستان بەگشتی و ئەو خەلكانە بەتایبەتی دەهێنینەوە كە دڵیان بەبەغدا خۆشەو وەلائیان بۆی هەیە، هێشتا لە بەغدا عەقڵیەتی بەعس زیندوەو لە مێشكی بەشێكی زۆری سیاسی و دەسەڵاتداران دا جێگیرە، ئامادە نەبوون بۆ قەرەبو كردنەوەی كەس و كاری ئەنفالكراوان و ئاوەدانكردنەوەی گوند و شارۆچكە وێرانكراوەكان، گەمارۆی ئابوری خستنە سەر كوردستان، بڕین و یاریكردن بە موچەو قووتی خەڵكی كوردستان، پەنجە ڕاوەشاندن و هەڕەشە كردن لە كوردستان، بەكارتۆنیكردن و بێ بەهاو بێ دەسەڵاتكردنی زۆربەی پۆستە سیادیەكانی كورد لەبەغدا بەڵگەی ئەو ڕاستیەن.

بەڵام ئەوەی كە دەبێت بەغدا بەباشی لێی تێبگات ئەوەیە هەتا یەك كوردی شەرەفمەند وكوردستانی بمێنێت دەستبەرداری ماف و ئازادیەكان نابین، بەخۆشی بێت یان بە ناخۆشی بێت، بەئاشتی بێت یان بەجەنگ ئەوەی بەدەستمان هێناوە دەیپارێزین، ئەوەشی بە خیانەت و ملكەچی خەڵكانێك و بەهێزی سەربازیی ناوخۆ و ناوچەیی لەدەستمان دەرهێنراوە دەیگەڕێنینەوە، مافی خۆمان لە بن دەستی كەسدا ناهێڵینەوە، ئەمڕۆ بێت یان سبەی.

بژی كورد
بژی كوردستان
بژی پێشمەرگە و پارێزەرانی كوردستان

زاگرۆس فەتاح
14ـی نیسانی 2026

Photos from ‎Zagros Fatah زاگرۆس فەتاح‎'s post 07/04/2026

لە گوندی زەرگەزەوی بەشدار بوین لە پرسەو خەم و ئازاری خانەوادە و كەس و كاری هەردو شەهیدانی دەستی غەدر ( موسا ئەنوەر و موژدە ئەسعەد )..

خودا سەبوری كەس و كاریان بدات، ئارامی بە دڵی بچكۆلەی هەردو جگەرگۆشە غەدر لێكراوەكەیان بدات.

شەهیدانمان خوێنیان بە فیڕۆ ناچێت، چرای ڕێگای ئازادی و ڕزگاری یەكجارەكی ئەم گەلە ستەم دیدەیەن.

زاگرۆس فەتاح
7ـی نیسانی 2026

07/04/2026

پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

شەوی ڕابردوو دیسان هێرشی ناڕەوا كرایە سەر هەرێمی كوردستان و بەداخەوە لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتیی بێ تاوان لە گوندی زەرگەزەویی سەر بە پارێزگای هەولێر بەهۆی درۆنی ئێرانیەوە شەهید كران. ئەوە ئەوپەڕی تاوانكاری و زوڵمە، هاووڵاتیانی بێ تاوانی كوردستان بەوشێوەیە و بە بێ هیچ پاساوێك دەكرێنە ئامانجی ڕقێكی كوێرانە.

شەهید بوونی ئەو دوو هاووڵاتیە بێ گوناحە دڵی هەموومانی پڕ ژان و خەم كرد، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری ئەو دوو شەهیدە دەكەم. خودای مەزن بە بەهەشتی بەرینیان شاد بكات.

شەهیدکردنی هاووڵاتیانی سڤیلی هەرێمی كوردستان هیچ شەهامەت و سەربەرزییەکی تێدا نیە. ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو هێرش و پەلامار و درۆنەکان بەهێزترە و هەرگیز ناشکێت. گەلی کوردستان پشتی بە خودا و ڕەوایەتیی دۆزەکەی قایمە.

مسعود بارزانی
7ی نیسانی 2026

28/03/2026

ڕاگەیاندراوێک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

بەتوندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزاری ئەو هێرشە تیرۆریستییە ترسنۆکانەیە دەکەین، کە کرایە سەر ماڵی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک.

ئەم بە ئامانجگرتنەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان و هەوڵ و هەنگاوەکانی بەڕێزیانە بۆ ئاشتی و پێکەوەیی لە پێناو دەربازکردنی هەریمی کوردستان و عێڕاق لەو گرژی و ئاڵۆزیانەی ناوچەکە و هەوڵێکی نەزۆکیشن بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ڕاکێشانی بۆ نێو ململانێ.

لێرەدا دووپاتی دەکەینەوە هەرێمی کوردستان لەم جەنگ و ململانێیانەی، کە لە ناوچەکەدا هەیە بێلایەنە و نایەوێت ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکان. هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئاشتی و سەقامگیریی سیاسی بووە و پێویستە هەموو لایەک ڕێز لەو بێلایەنییە بگرن.

داوا لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن و کارى جدى بکەن بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشە بێ پاساوانەی دەکرێنە سەر پێگە فەرمی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە بە ئامانجگرتنی سەرکردایەتیی سیاسی و ئاسایشی هاووڵاتییانی کوردستان هێڵی سوورە.

ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ پێکەوەژیان و گەشەپێدان زۆر لەوە بەهێزترە بەم جۆرە فشارە شەڕانگێزیانە تێکبدرێت.

مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٨ـی ئاداری ٢٠٢٦

24/03/2026

بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بەو ھێرشەی ئەمڕۆ کرایە سەر بارەگاکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان

زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە ناڕەوا و بێ پاساوە دەکەین، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ـی ئاداری ٢٠٢٦، کرایە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە بە داخەوە بوو بەهۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی دڵسۆز، هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەردەبڕین و هیوای زوو چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

هەرێمی کوردستان هیچ کات نەبۆتە بەشێک لە ململانێ و گرژییەکان و هانی هەموو لایەنەکانی داوە بۆ گرتنە بەری ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ و بەردەوامیش جەختمان لەسەر سیاسەتی ئاشتخوازانەی کوردستان کردۆتەوە، بەڵام بەداخەوە هەر لەسەرەتای هەڵگیرسانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە چەندین هێرشی ناڕەوا و دوژمنکارانە کراونەتە سەر هەرێمەکەمان کە دواترینیان هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆبوو بە مووشەکی ئێرانی، بە نیگەرانییەکی قوڵەوە لەو پەرەسەندنانە دەڕوانین و چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدراڵ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەیە کە هەچی زووە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان دابنێن و بە ئەرکی دەستووری خۆیان هەڵسن بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لەو دەستدرێژیانە و سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان.

هاوکات داوامان لە سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکانە کە بە یەکگوتاری و هاوهەڵوێستی دژی ئەو پەرەسەندنانە بوەستینەوە و پەیام و هەڵوێستی نیشتمانیانەمان بەرامبەر ئەو پێشێلکاری و غەدرانە نیشان بدەین کە دەرحەق بە هاووڵاتیان و هەرێمەکەمان دەکرێن.

مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٤ـی ئاداری ٢٠٢٦

24/03/2026

دەست دڕێژی كردنە سەر هەرێمی كوردستان و شەهید كردنی هاوڵاتیانی بێ تاوان و پێشمەرگەو ئەندامانی هێزەكانی ناخۆ كارێكی بێ پاساوەو غەدر و خیانەتە لە دۆستایەتی و دراوسێیەتی، چونكە هەرێمی كوردستان بێلایەنی خۆی لەم جەنگە ڕاگەیاندوەو هەموو هەوڵێكیشی داوە كە ئەم جەنگە كۆتایی پێ بێت، بە ڕێگای چارەسەری سیاسی و دبلۆماسی كێشەكان چارەسەر بكرێن، تا خوێنی زیاتر نەڕژێت و ژێرخانی ژیانی و ژیاری و ئابوری و شارستانی هیچ یەك لە وڵاتانی ناوچەكەلەوە زیاتر وێران نەبێت، بەڵام بەداخەوە بەردەوام بە درۆن و موشەك و بەڕێگای دوژمنكارانە وەڵامی بێ لایەنی و ئاشتیخوازی هەرێم دەدرێتەوە.

درود بۆ گیانی بەختكردوی شەهیدانی ئەمڕۆی هێزی پێشمەرگەو هەمو شەهیدانی كوردستان، نزای شیفاو چاك بونەوەش بۆ برینداران دەكەین ..

خوێنی شەهیدانمان گڕی چرای ئازادی و سەرفرازی گەشتر و ڕوناك تر دەكات.

زاگرۆس فەتاح
26ـی ئاداری 2026

24/03/2026

پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكەم کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە موشەکی ئێرانی كرایە سەر بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. بە داخێكی زۆرەوە لە ئەنجامدا ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان شەهید و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون. پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادەی شەهیدانی ئەو پەلامارە ناڕەوایە دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازم.

ئەو پەلامارە دوژمنكارانەیە و، هیچ پاساوێك هەڵناگرێت. ئەوە بۆ جاری چەندەمە ئەم جۆرە هێرشانە بە بێ گوێدانە بنەماكانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی بەرانبەر هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت. ئەوە لە حاڵێكدایە كە هەرێمی كوردستان بەشێک نەبووە لەم شەڕەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە و هیچكات هەڕەشە نەبووە بۆ سەر دراوسێکان.

پێشمەرگە ئازیزترین و بەنرخترین سەرمایەی گەلەکەمانە.

مسعود بارزانی
24ی ئاداری 2026

Photos from ‎Zagros Fatah زاگرۆس فەتاح‎'s post 19/03/2026

بەناوی خودای مەزن و میهرەبان

بەبۆنەی هاتنەوەی هەردو جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز و جەژنی نەورۆزی نەتەوەیی، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرۆك مەسعود بارزانی و خانەوادە و كەس و كاری شكۆمەندی شەهیدان و پێشمەرگە و ئاسایش پارێزە قارەمانەكان و كادر و ئەندامانی پارتی و مسوڵمانانی كوردستان و جیهان دەكەم، ئەگەرچی هاتنەوەی ئەم دوو جەژنە پیرۆزە لە كات و بارودۆخێكی خراپی كوردستان و ناوچەكەدایە بەهۆی شەڕو كوشتارەوە بەڵام لە خودای گەورە داواكارین كە كوردستان و گەلەكەمان لەم ئاگری شەڕە وێرانكارە بپارێزێت و ئاشتی و ئارامی باڵ بكێشێت بەسەر هەمو لایەكدا.

زاگرۆس فەتاح
30ـی ڕەمەزانی 1447ـی كۆچی
19ی ئاداری 2026ی زایینی

Photos from ‎Zagros Fatah زاگرۆس فەتاح‎'s post 16/03/2026

بارەگای مەكتەبی سیاسی

بەپێوە وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاك و بێتاوانی شەهیدانی كیمیا بارانی هەڵەبجە .

زاگرۆس فەتاح
16ـی ئاداری 2026

16/03/2026

ئەمڕۆ ٣٨ هەمین ساڵیادی كیمیایی بارانكردنی شارە خۆشەویست و كورد پەروەرەكەی هەڵەبجەیە كە بوە هۆی شەهید بونی زیاتر لە پێنج هەزار مرۆڤی بێ تاوان بە ژن و منداڵ و پیر و گەنجەوە و برینداربوونی هەزارانی دیكە كە تا ئێستاش برینی بەشێكی زۆریان ساڕێژ نەبوەو ئازاریان نەشكاوە، ڕژێمی داگیركەری بەعس بە كیمیایی باران كردنی هەڵەبجە ئەو ڕاستیەی سەلماند كە بۆ ئەوان جیاوازی نیە لە نێوان پێشمەرگە و هاوڵاتی سڤیل و ژن و منداڵ، لە چاوی ئەوانەوە هەموان دوژمنن، مادام كوردن، دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان هەموویان بەدرێژایی مێژوو ئەم ڕاستیەیان بە كردار سەلماندوە، بەڵام ئەوەی جێی داخ و نیگەرانیە ئەوەیە كە هێشتاش خەڵكانێكی زۆر هەن كوردن و ئەو ڕاستیە ناسەلمێنن، هەمیشە پاساوی جۆراو جۆری بۆ دەهێننەوە.

هەتا كورد یەك دڵ و یەك هێز و یەك ئیرادە نەبێت، ناو ماڵی خۆی لە خیانەت و خۆ فرۆشی و هاوسۆزی بۆ داگیركەران پاك نەكاتەوە، گیانی كوردایەتی و كوردستان ویستی تۆخ نەكاتەوە، هەمیشە لەبەردەم مەترسی دوبارە بوونەوەی ئەم جۆرە جینۆساید و كوشتنی بەكۆمەڵ و زوڵمە گەوەرەیەدا دەبێت.

هەڵەبجە زامێكە تا كوردێك مابێت ساڕێژ نابێت، تا كوردێك مابێت لە بیر ناكرێت و بە هەزاران شێوە یاد دەكرێتەوە.
بە خزمەتكردن و ئاوەدانكردنەوەی زیاتر و جوانكردنی ئەو شارە شەهیدە و دەوروبەری گیانی شەهیدەكان و دڵی برینداران و ماڵ لێ شێواوان و زیانمەندانی شارەكە ئاسودە دەكرێت.

درود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی هەڵەبجە ، شیفاو چاك بونەوە بۆ برینداران دەخوازین.

دوژمنان و داگیر كەران یەك لەدوای یەك مەحف دەبنەوەو نامێننن، بەڵام هەڵەبجە و كوردستان و كورد هەرماون و هەر دەشمێنن..

زاگرۆس فەتاح
16ـی ئاداری 2026

14/03/2026

ئەمڕۆ ١٢٣ هەمین ساڵڕۆژی لەدایك بوونی سەركردە و ڕابەری نەتەوەیی و نیشتیمانی بارزانی نەمرە...

لەدایك بوونی هەندێك لە مرۆڤەكان ڕوداوێكی ئاسایی نیە چونكە ئەو مرۆڤانە بەشێوەیەكی ئاسایی و وەك مرۆڤانی دیكەی ئاسایی ناژین، بەڵكو گۆڕانكاری گەورە بەرپا دەكەن، كاریگەری گەورە دروست دەكەن، ڕۆڵی گرنگ دەبینن.

هەندێك لەو مرۆڤانە وەرچەرخانی مێژویی لە ژیانی میللەتاندا دروست دەكەن، ئەگەر چی هەندێك لەوانە بە دیوە خراپەكەیدا مێژو دەگۆڕن و گۆڕانكاری لە ژیانی میللەتاندا دروست دەكەن، هەرئەمەشە وایكردوە كە یادی لەدایك بوونی ئەوانە وەك ڕۆژێكی شوم و یادێكی نەفرەت لێكراو بكرێتەوە، بەڵام ئەو مرۆڤانەی كە بۆ ئازادی میللەتەكەیان لەدایك دەبن و هەموو ژیانی خۆیان دەكەنە قوربانی ئازادی و ڕزگاری میللەتەكەیان ئەوانە ئەو مرۆڤانەن كە خودا وەك خەڵاتێكی بەنرخ دەیبەخشێت بەو گەلە بن دەست و زوڵم لێكراوانە تا ببنە ڕێبەرو پێشەوا بۆ ئازادی و ڕزگار بونیان، بۆیە یادی لەدایك بونی ئەم جۆرە مرۆڤە مەزنانە بە شكۆو و ڕێزەوە دەكرێتەوە.

بارزانی نەمر ئەو مرۆڤ و سەركردە مەزنەیە كە خودا بەم گەلە زوڵم لێكراوەی بەخشیوە تا لە گرنگتریین قۆناغە مێژوییەكاندا سەركردایەتی شۆڕش و خەباتە ئازادیخوازانەكەی بكات.

بارزانی بە تواناو لێهاتویی و ئیرادەو بڕوایەكی بەتینەوە دەیان ساڵی ژیانی خۆی كردە سوتەمەنی شۆڕش و خەباتی سیاسی و چەكداری لە پێناوی گەلەكەیدا، ئەو بۆ چركەیەك لە خەبات سارد نەبوەوە، لە ناخۆشترین بارودۆخدا نائومێد نەبو، نەیهێشت شۆڕش و خەباتەكەی لە بنەما ئەخلاقی و مرۆییەكان لابدات، هەر ئەمەش خاڵی جیاكەرەوەو گەشی خەباتی ئەو سەركردە مەزنەیە لەگەڵ سەركردەكانی دیكەی جیهاندا.

یادی لەدایك بوونی ئەم سەركردەو ڕابەرە مەزنەی گەلەكەمان هەمیشە بەخێر و پڕ شكۆ بێت و ڕێبازەكەی هەمیشە بەردەوام و پڕ ڕێبوار بێت.

زاگرۆس فەتاح
١٤ـی ئاداری ٢٠٢٦

Want your business to be the top-listed Government Service in Irbil?

Click here to claim your Sponsored Listing.

Location

Website

Address


60 Meter Road
Irbil
44001