Dr. Hemin Hawrami

Dr. Hemin Hawrami

Share

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان- خولی پێنجەم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پ.د.ک

24/03/2026

پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكەم کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە موشەکی ئێرانی كرایە سەر بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. بە داخێكی زۆرەوە لە ئەنجامدا ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان شەهید و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون. پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادەی شەهیدانی ئەو پەلامارە ناڕەوایە دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازم.

ئەو پەلامارە دوژمنكارانەیە و، هیچ پاساوێك هەڵناگرێت. ئەوە بۆ جاری چەندەمە ئەم جۆرە هێرشانە بە بێ گوێدانە بنەماكانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی بەرانبەر هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت. ئەوە لە حاڵێكدایە كە هەرێمی كوردستان بەشێک نەبووە لەم شەڕەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە و هیچكات هەڕەشە نەبووە بۆ سەر دراوسێکان.

پێشمەرگە ئازیزترین و بەنرخترین سەرمایەی گەلەکەمانە.

مسعود بارزانی
24ی ئاداری 2026

20/03/2026

جەژنی رەمەزان و جەژنی نەورۆزتان پیرۆز بێت

بە بۆنەی ھاتنەوەی جەژنی رەمەزان و ھاوکات جەژنی نەورۆزەوە، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی تەواوی خەلکی کوردستان دەکەم. ئەمساڵ لە کاتێکدا ھەردوو جەژن دەکرێت کە ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە قۆناغێکی زۆر ھەستیاردا تێپەڕ دەبێت. ناوچەکە گیرۆدەی شەڕێکە کە نە شەڕی ئێمەیە و نە بەشێکین لێی. وێڕای سەختییەکان، گەلەکەمان بەسەربەرزی و سەرفرازی و سەرکەوتووییەوە ئەم قۆناغەش تێدەپەرێنێت لەسایەی شەونخوونی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان و تێکۆشەرانی رێگای ئازادی و سەروەری و ئاوەدانیی کوردستان. گەلەکەمان بە ئیرادەو ئومێدەوە قۆناغی سەختتری بڕیوەو پاشەکشەی لە رەوایی دۆزەکەی نەکردوە و وەک چیاکانی کوردستان لە مەیدانی بەردەوامی بەرگری و ئاوەدانی و پێشکەوتن بەسەر بڵندی ماوەتەوە و دەمێنێتەوە.

12/03/2026

ناوەڕۆكی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆك بارزانی و نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا

ڕۆژی پێنجشەممە 12ی ئاداری 2026 پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و بەڕێز تۆم باراك نوێنەری سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا ئەنجام درا.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بەڕێز تۆم باراك سڵاو و ڕێزی سەرۆک ترامپی بە سەرۆک بارزانی گەیاند و سوپاسی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی کرد کە هەمیشە بە سەرکردایەتییەکی حەکیمانە ئیدارەی سیاسەت و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەی کردووە، و ڕایگەیاند کە ئەمەریکا هەمیشە وەک هاوپەیمان و دۆست سەیری هەرێمی کوردستان دەکات و بەردەوام دەبن لەسەر هەماهەنگیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان. هەروەها بەڕێز نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ئەمەریکا هەرێمی کوردستان و عێراق پێگەیەکی گرنگی ناوچەکەن و ئەوان هاوکار دەبن کە لەم دۆخە ئاڵۆزەی ئێستای ناوچەکە کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق چارەسەر بکرێن بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت لە هەموو بوارەکاندا.

بە هەمان شێوە، سەرۆک مەسعود بارزانی سوپاسی سەرۆک ترامپی کرد و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆی دەربڕی و سوپاسی بەڕێز تۆم باراکی کرد بۆ رۆڵە کاریگەرەکەی.
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە خوازیاری سەقامگیری و ئارامییە بۆ تەواوی ناوچەکە و گەلی کوردستان هەمیشە باوەڕی بە دیموکراسیەت و پێکەوەژیان و گفتوگۆ هەیە و ڕایگەیاند کە ئێمە هەمیشە بەشێک بووین لە چارەسەر و هەرگیز بەشێک نەبوون و نابین لە هیچ کێشە و ئاڵۆزییەک.

هەروەها سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەو هێرش و پەلامارە ناڕەوایانە دا کە لەلایەن هەندێ هێزی بەدەر لە یاسا دەکرێنە هەرێمی کوردستان.
هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە هەرێمی کوردستان و عێراق بەدوور بگیرێن لەم شەڕە و پارێزراو بن.

Photos from Dr. Hemin Hawrami's post 10/03/2026

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی دەكات

ڕۆژی سێشەممە 10ی ئاداری 2026 سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز مامۆستا سەلاحەددین بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كرد.

لە دیدارەكەدا مامۆستا سەلاحەددین بەهائەدین وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی ناوچەكە جەختی لەوە كردەوە كە سەرەڕای بوونی جیاوازیی بۆچوونی سیاسیی نێوان لایەنەكان، دۆخەكە وا دەخوازێ كە دەبێ ڕاگۆڕینەوە و هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان هێزە سیاسیەكان لەسەر بابەتە هەستیارەكان هەبێت و سوپاسی ڕۆڵی سەرۆك بارزانیشی كرد بۆ ئەو پەرۆشی و بەدەنگەوەهاتن و هەوڵە بەردەوامەكانی بۆ پاراستنی گەلی كورد لە ڕۆژئاوا و هەروەها ئەو ڕۆڵە كاریگەرەی لە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیادا بینیویەتی.

هەر لەو دیدارەدا پەیوەست بە دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لەو شەڕە و هەمیشە خوازیاری گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەی كێشەكانە. هەورەها باسی لەوەش كرد كە ئەولەویەتمان پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی كوردستانە و هەرێمی كوردستانیش لەپێناو نەهێشتنی كێشەكان و پاراستنی سەقامگیری ئامادەیە لە هەر ڕۆڵێكی ئاشتیخوازانەدا بەشدار بێ كە لێی بخوازرێ. لە بەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆك بارزانی نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی هەندێ گرووپ لە پەراوێزی ئەم شەڕە ناوچەییەدا و لەژێر بیانووی بێ بنەما پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدەن و ڕاشیگەیاند داوا لە حكوومەتی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگی كراوە كە سنوورێك بۆ ڕەفتاری ئەم گرووپە لە یاسا دەرچووانە دابنرێت.

پەیوەست بە پڕۆسەی ناوخۆی هەرێم، سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە لەبەر بەرژەوەندییە باڵاكان و هەستیاریی قۆناغەكە پێویستە لایەنە سیاسییەكان هەماهەنگی و گفتوگۆی زیاتریان هەبێت و گرنگە هەموو لایەك دەستوبرد بكەن بۆ كاراكردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەتێكی بنكەفراوانی نیشتیمانی كە تێیدا هەموو لایەك شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتی. هەروەها بۆ بابەتی پێكهێنانی ئەنجوومەنی سیاسیش بە پێویستی زانی هەموو پارتە سیاسیەكان تێیدا بەشدار بن بەڵام ئەو ئەنجوومەنە نەبێتە ئەلتەرناتیڤی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان.

Photos from Dr. Hemin Hawrami's post 09/03/2026

سەرۆک بارزانی بەشداری لە پرسەی شەهید وڵات تاهیر دەکات

ڕۆژی یەکشەممە 8ی ئاداری 2026، لە شاری هەولێر سەرۆک مەسعود بارزانی بەشداری لە پرسەی شەهید وڵات تاهیر کرد. سەرۆک بارزانی پرسە و سەرخۆشیی خۆی گەیاندە خانەوادەی و کەسوکاری شەهید وڵات و هاوخەمی خۆی پێ ڕاگەیاندن. شەهید وڵات تاهیر لە ئەنجامی هێرشی دڕۆنیی ئێوارەی دوێنێ بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەکان شەهید بوو.

08/03/2026

پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە بۆ ڕای گشتی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە درێژاییی مێژوو گەلی كوردستان هیچ كات لەگەڵ شەڕدا نەبووە و هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێكەوەژیان بووە، ئەگەر شەڕیشی بەسەردا سەپێندرا بێت، ئەوە بەرگریی لە خۆی و مافەكانی كردووە. ئەوە بنەمایەكی نەگۆڕە و لە بڕوایەکی پتەو و فەرهەنگی دەوڵەمەندی ئاشتیخوازی و پێکەوەژیانی گەلی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت.

جێگەی داخێكی زۆرە ئێستا شەڕ و گرژییەكی زۆر لە ناوچەكەماندا هەیە، ئێستا و پێشتریش هەردەم هیوامان ئەوە بووە كە هەرچی گرفت و كێشە هەیە لە ڕێگەی ئاشتیانەوە چارەسەر بكرێت، چونكە هەمیشە شەڕ مایەی كاولكاری و ماڵوێرانییه‌.

لەو میانەدا جێگەی سەرسوڕمانێكی زۆرە هەندێ گرووپ و لایەن لەژێر ناوی موقاوەمە و بە بیانوو و دروشمی بێ بنەما؛ ڕێگە بە خۆیان دەدەن پەلاماری شوێنی سڤیل و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و بنكە و بارەگاكانی پێشمەرگە دەدەن. ئەمە شەڕفرۆشتن و دەستدرێژییەكی ئاشكرایە بۆ سەر مافی هاووڵاتیان و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

لێرەدا دەبێ هەموو لایەك باش بزانن که‌ دانبەخۆداگرتنیش سنووری هەیە. پێشمەرگە هەرگیز زوڵم و زۆری لە هیچ لایەنێك قبووڵ نەكردووە، ناكرێ و نابێ ئەو شەڕفرۆشتنە و تێكدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی هاووڵاتیان لەلایەن ئەو گرووپانەوه‌ بەردەوام بێت. بۆ ئەو مەبەستە داوا لە حكوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی دەكەین كە بە جددی بێنە سەر هێڵ و سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن، چونكە بەردەوامبوونی ئەو شەڕپێفرۆشتنە دەرئەنجامی خراپی لێ دەكەوێتەوە.

وێڕای دەربڕینی هاوخەمیم بۆ خانەوادە و كەسوكاری ئەو ئازیزانەی لە ئەنجامی ئەو پەلامارە ناڕەوایانەدا شەهید بوونە، خەڵكی خۆشەویستی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە كە بە هەموو توانایەك بەردەوام دەبین بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان لە شەڕ و نەهامەتی دوور بێت و ئارامی و ئاسایش و ژیانی خەڵك پارێزراو بێت و سەركەوتن هەر بۆ گەلی كوردستان دەبێت.

مسعود بارزانی
8ی ئاداری 2026

05/03/2026

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی سی و پێنجەمین ساڵیادی دەستپێكی ڕاپەڕینی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و خەڵكی خۆشەویستی كوردستان و هەموو ئەو نیشتیمانپەروەر و تێكۆشەر و ئازادیخوازانە دەكەم كە ڕۆڵیان لە بەدیهاتنی ئەو دەستكەوتە بەهادارەی گەلەكەماندا هەبووە.

ڕاپەڕین بەرهەم و درێژكراوەی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی جەماوەر و هێزە خەباتگێڕەكانی كوردستان بوو. ئەو ڕووداوە پڕ لە شانازییە بۆ تاك تاكی كوردستانیان لە ئێستا و داهاتوودا هەڵگری پەیامی خۆبەدەستەوەنەدان و ئازادیخوازی و ئیرادەی ژیانی سەربەرزانەیە.

ئێستا ناوچەكەمان بە بارودۆخێكی زۆر ئاڵۆز و هەستیاردا تێدەپەڕێت و هیوادارین كە هەرچی كێشە و ناكۆكی لە ناوچەكەدا هەیە بە ڕێگەی ئاشتیانە بگاتە ئەنجام و چارەسەری. ئێمەش ئەوەی لە دەستمان بێت دەیكەین بۆ ئەوەی كوردستان لە شەڕ و نەهامەتی و ناخۆشی دوور بێت و پارێزراو بێت.

لەو یادە پیرۆزەدا سڵاو بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كورد و كوردستان دەنێرین.

مسعود بارزانی
5ـی ئاداری 2026

Photos from Dr. Hemin Hawrami's post 03/03/2026

پێشوازی لە کونسولی گشتی هۆڵەندا

رۆژی سێشەمە ۳ ی ۳ ی ۲٠۲٦ لە پیرمام پێشوازیمان لە بەڕێز ئەدریان ئایسڵستاین کونسولی گشتی هۆلەندا لە هەریمی کوردستان کرد.
دوایین هەڵوێست و بۆچوونی پارتی دیموکراتی کوردستانمان لە سەر پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ئەم دواییانە بۆ شیکردنەوە

Photos from Dr. Hemin Hawrami's post 02/03/2026

پێشوازی لە کونسولی گشتی چین

رۆژی دوو شەمە ۲ ی ۳ ی ۲٠۲٦ لە پیرمام پێشوازیمان لە بەڕێز تان لیو جون کونسولی گشتی ولاتی چین کرد.
لەسەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد

Photos from Dr. Hemin Hawrami's post 01/03/2026

پێشوازی لە شاندێکی کونسولگەری بەریتانیا

رۆژی یەکشەمە ۱ ی ۳ ی ۲٠۲٦ لە پیرمام، پێشوازیمان لە شاندێکی کونسولگەری گشتی بەریتانیا کرد کە پێکهاتبوون لە فیۆنا باتێرس جیگری کونسول و جولیا هاوارد بەرپرسی کاروباری سیاسی کونسولگەری بەریتانیا.

لە دانیشتنەکەدا، بە وردی بیروڕامان لەسسر دوایین ێشهاتەکانی ناوچەکە و دۆخی سیاسی و ئەمنی ئاڵوگۆڕ کرد.
دووپاتمان کردەوە کە بۆ هەرێمی کوردستان خاڵی هەرە لە پێشینە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و پاراستنی هاوڵاتییانی هەرێم و هێنانە دی هەرچی زیاتری مافە دەستورییەکان و دووربوون لەهەر جۆرە ململانێیەکی سەربازی و نەبوونە بەشێک لە شەڕ و ئاڵۆزییەکان ، چونکە شەڕ و ململانێی سەربازی تاکە چارەسەر نیەو ریگای دیالۆگ و گفتوگۆ و چارەسەری دیپلۆماسی رێگایەکی گونجاوترە

Photos from Dr. Hemin Hawrami's post 24/02/2026

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا دەكات

ڕۆژی دووشەممە 23ی شوباتی 2026 لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز تۆم باراك نوێنەری سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا كرد.

لە دیدارەكەدا كە بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەی بوو، بەڕێز تۆم باراك وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی، پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی شەڕ و توندوتیژی و هەروەها هەوڵدان بۆ هێوركردنەوەی پێشهاتەكانی ئەم دواییەی سووریا و سەرگرتنی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات. ئاماژەشی بەوە دا كە بۆ كێشە و گرفتەكانی عێراقیش سوود لە حیكمەت و ڕێنوێنیی سەرۆك بارزانی وەربگیرێت. هەروها بەڕێز تۆم باراك جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی خوازیاری ئەوەیە عێراق خاوەنی سەروەریی خۆی بێت و لەو چوارچێوەیەشدا گرنگە ئەمەریكا پەیوەندی و شەراكەتی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەبێت.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر مێژوو و خەباتی گەلی كوردستان و ئەو تاوان و جینوسایدەی بەرانبەر گەلی كوردستان كراوە و هێمای بەوەدا كە گەلی كوردستان هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێكەوەژیان بووە و ویستویەتی كێشەكان دوور لە توندوتیژی چارەسەر بكرێن. لەبارەی عێراقیش سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە پابەندبوون بە دەستوور و بنەماكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی وا دەكات كە عێراق گەشە بكات و بەرەو پێشەوە بچێت و بەرژەوەندیی گەلانی عێراقیش هەر لەوە دایە دەستوور جێبەجێ بكرێت و عێراق خاوەنی بڕیار و سەروەریی خۆی بێت و لەگەڵ سەرجەم دراوسێكاندا بەرژەوەندیی هاوبەشی هەبێت و شەراكەتی نێوان ئەمەریكا و عێراقیش ڕەچاو بكرێت. سەرۆك بارزانی دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی داهاتووی عێراق پابەندی جێبەجێكردنی دەستوور و بنەماكانی فیدڕاڵیزم بێت و هەروەها لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان یاسا بۆ ئەوە بابەتانە دەربچێت كە هێشتا چارەسەر نەكراون و بۆ داهاتووی گەلانی عێراق گرنگ و پڕبایەخن وەك یاسای نەوت و گاز و ماددەی 140 و ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە جێبەجێبوونی بنەماكانی فیدڕاڵیزم لە دەوڵەتی عێراق.

لەبارەی بابەتی سەرۆككۆماریش سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو مادام ئەو پۆستە پشكی گەلی كوردستانە پێویستە میكانیزمێكی شاییستە بۆ دیاریكردنی بەربژێری سەرۆككۆمار هەبێت كە دەرخەری ئیرادەی خەڵكی كوردستان بێت. سەبارەت بە بابەتی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پێویستیی پابەندبوون بە بەرژەوەندییەكانی عێراق ڕاشیگەیاند كە چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن كە كێ بەربژێری پۆستی سەرۆكوەزیران بێت و بەلای ئێمەشەوە گرنگە كە سەرۆكوەزیران پابەندی دەستوور و بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بێت.

پڕۆسەی ناوخۆی هەرێم و بارودۆخی ناوچەكە تەوەری تری ئەو دیدارە بوون و سەرۆك بارزانی هیوای خواست كە كێشەكانی ناوچەكە بە ئاشتی چارەسەر بكرێت و ناوچەكە دوور بێت لە شەڕ و توندوتیژی.

Photos from Dr. Hemin Hawrami's post 22/02/2026

سەردانی مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان

رۆژی یەکشەمە ٢٢ ی ٢ ی ٢٠٢٦ لەگەل ھەڤاڵانمان لە بەشی رێکخستنی مەکتەبی سیاسی پارتیمان، سەردانی مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستانمان کرد.

لە دیدارێکدا لەگەڵ بەڕێز سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەت ، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان بۆ یادی ٧٣ ی ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان و نۆژەنکردنەوەی بارەگاکەیان ئاراستە کردن.

بۆ ئێمە، ئەم رێکخراوە لانکەی یەکەمی کارو خەباتی رێکخراوەییمان بووەو بە شانازییەوە ساڵانێك كادری ئەم رێکخراوە بووین .
لە بارەی کاری رێکخراوەیی و ھەماھەنگی نێوانمان بۆ ھەرچی زیاتر تۆکمەتر کردنی توانای رێکخراوەیی و کارامەیی پێویست بۆ کادرەکانیان لە ئاستە جیاجیاکان و پێداویستی ئەم قۆناغە لە کارکردن لە ناو ھەردوو توێژی قوتابیان و لاوان و برەودان بە پەیوەندییەکانیان لەگەل رێکخراوە جیھانییەکان ، بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد و ھیوای سەرکەوتنی بەردەوام بۆ سەرجەم ھەڤاڵانیان لە لق و ناوچەکانیان خواست

Want your business to be the top-listed Government Service in Irbil?

Click here to claim your Sponsored Listing.

Location

Address


Kurdistan Region
Irbil