13/12/2017
بیرۆکەى ئەم پڕۆژەیە
حکومەتی ئەلیکترۆنی بە شێوەیەکی گشتی یەکێکە لە ئامرازە هەرە گرنگ و پێشکەوتووەکانی پێشکەش کردنی خزمەتگوزاریی ئەلیکترۆنی بۆ هاووڵاتیان لە سەردەمی پێشکەوتووی ئەمڕۆدا، ئەو وڵاتانەى ئەم سیستەمە پەیڕەو دەکەن خزمەتێکی گەورە پێشکەش بەهاووڵاتیانیان دەکەن کە هۆکارێکە بۆ ئەکتیڤکردنی تەکنەلۆژیای زانیارییەکان و پەیوەندییەکان بۆ هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی وشیار و پڕزانیاری کە تێیدا خزمەتگوزرای ئەلیکترۆنی پارێزراو (آمنة) وبەشێوەیەکی کارا و گونجاو و شەفافانەتر بۆ گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگە پێشکەش دەکرێت بە کەمترین کات و کەمترین تێچووی دارایی و توانستەکی لە رادابەدەر، هەروەها پردێکە بۆ برەودان بە پەیوەندیی لەگەڵ هاووڵاتیان و ئەو فەرمانگە حکومییانەى سوودی لێ دەبینن ، بەڕێوەبردنی ئەلیکترۆنی پرۆسەیەکە بۆ دووبارە داڕشتنەوەى خزمەتگوزراییەکان و پەیوەندییەکان بە چالاککردنی تەکنەلۆژیای زانیاری بۆ بەکارهێنانی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنی ، لەم روانگەوەوە وەزارەتی ناوخۆ بیرۆکەى بە ئەلیکترۆنی کردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەستنەوەى ئەلیکترۆنیانەى دام و دەزگاکانی خۆی بە کارێکی گرنگ و هەنووکەیی دەزانێت ، بێگومان دەبێتە هۆکاری پێشکەش کردنی باشترین و خێراترین و شەفافترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان و حکومەتی هەرێم کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەى رۆتین و گەندەڵی لە بەڕێوەبردنی کاروبارە کارگێڕییەکان.
لەم سۆنگەیەوە لە ناوەڕاستی ساڵی 2016 ، ئەم پرۆژەیە لەلایەن دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئامادەکرا و خرایەبەردەم بەڕێز وەزیری ناوخۆ بەمەبەستی بە ئەلیکترۆنی کردن و بەستەوەى دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و دامودەزگاکانی لە رێگەى تۆڕێکەوە و لە رێگای دامەزراندنی (3) سەنتەری تایبەت بە خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنی لە هەر سێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک)، لەلایەن بەڕێز وەزیری ناوخۆوە گرنگییەکی رادەبەدەر بەم پرۆژەیە درا و هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ دۆزینەوەى سپۆنسەر بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە بەهۆی نالەباری دۆخی دارایی و ئەو قەیرانە داراییەی کە ماوەیەکە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە بەو هۆیەوە تەرخانکردن و پارەدار (تمویل) کردن زۆر کەم بووتەوە.
دوای هەوڵی بەردەوامی جەنابی وەزیری ناوخۆ لەگەڵ رێکخراوی (UNDP) توانرا رێککەوتنێکی بەرایی بکرێت بۆ پاڵپشتی کردنی ئەم پرۆژەیە و دانوستاندن و کۆبوونەوە بۆ ئەم مەبەستە لە نێوان هەردوولادا دەستیپێکرد بۆ ئامادەکردنی پرۆپۆزەڵی پرۆژەکە، بۆ ئەم مەبەستە لە دیوانی وەزارەت لیژنەیەکی تایبەت پێکهێندرا بۆ دیراسەکردنی چەندین مۆدێلی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە رێگای حکومەتی ئەلیکترۆنی لە وڵاتانی جیهان و پاش توێژینەوەو تاوتوێکردنی گشت مۆدێلەکان، بەباش زاندرا کە شاندێکی وەزارەت سەردانی وڵاتی ئازەربایجان بکات بۆ ئاشنابوون و لە نزیکەوە ئاگادار بوون لەم پرۆژەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ( Aasan Xidmat- ئاسان خدمەت) لەم وڵاتە کە یەکێکە لە سیستەمە هەرە پێشکەوتوو و بەناوبانگەکانی نـاوچەکە لەم بوارەدا و هەروەها پەرەپێدانی پەیوەنییەکان لەگەڵ وڵاتــــانی ناوچەکەدا پتەوتر دەکـــات (South-South Cooperation) ئەوەبوو لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2016 تا رێککەوتی 2017/8/1 سێ جار شاندی وەزارەتی ناوخۆ سەردانی وڵاتی ئازەربایجانی کرد و چەندین دیدارو کۆبوونەوە ئەنجامدرا لەگەڵ بەرپرسانی دەزگای (ئاسان خدمەت) و هەروەها لەو ماوەیەدا شاندێکی وڵاتی ئازەربایجان سەردانی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆیان کرد بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بە سیستەمی کارپێکراوی بەڕێوەبردن لە وەزارەتی ناوخۆ و هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی جێبەجێکردن و گونجاندنی سیستەمی حکومەتی ئەلیکترۆنی.
بۆ ئەم مەبەستە رێکخراوی (UNDP) بە سوپاسەوە بڕی (200000 $) دوو سەد هەزار دۆلاری ئەمریکی تەرخانکرد بۆ ئەنجامدانی ئامادەکارییەکان و رێکخستنی پرۆپۆزەڵی ئەم پرۆژەیە. بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی تایبەت بە پێداویستییە تةكنيكييەکانی ئەم پرۆژەیە (دەقی راپۆرتەکە لەم پێگە ئەلیکترۆنییە داندراوە) وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستێکی راوێژکاری لەگەڵ کۆمپانیای (Sinam) ئیمزا کرد. جێگای باسە ، وەزارەتی ناوخۆ گەشبینە بە سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیە بە هاوکاری رێکخراوی (UNDP) ووڵاتە کۆمەکبەخشەکان (Donor countries) ورێکخراوە نێودەوڵیەتییە پسپۆرییەکانی ئەم بوارەو بێ گومان بە پشتگیری راستەوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی کە هەردەم پاڵپشتی کاری نوێگەرییە بۆ بەرەوپێشبردنی بواری بەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستان

13/12/2017
13/12/2017
13/12/2017
13/12/2017
13/12/2017
13/12/2017
13/12/2017
13/12/2017
13/12/2017