26/05/2026
پیرۆزبایی بەڕێوەبەری گشتی بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە
بۆ/ سەرجەم بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی بەڕێز لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی و سەرجەم کتێبخانە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرجەم هاوکاران و فەرمانبەرانی دڵسۆزی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و کتێبخانە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دەکەم.
لە خودای گەورە داواکارم ئەم جەژنە بە خێر و خۆشی بۆ ئێوە و خانەوادە بەڕێزەکانتان بگەڕێتەوە، و هێز و توانای زیاترتان پێببەخشێت.
بەهیواین ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و بەرەکەت و تەندروستییەکی باش بۆ هەمووان.
جەژنی هەموو لایەک پیرۆز و کاتەکانتان پڕ لە شادی بێت.
دیاری وەستا عەزیز
بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانە گشتییەکان
٢٦-٥-٢٠٢٦
21/05/2026
ل زاخۆ، خولەکا رەوشەنبیری بۆ پەرەپێدانا کەسایەتیا قوتابیان هاتە ئەنجامدان
زاخۆ - 21ـێ گولانا 2026
ل دەمژمێر 10ـێ سپێدەهیا ئەڤرۆ چارشەمبی، ب هەڤکاری دگەل رێکخراوا "تولیپ" (Tolip)ـا ئەمریکی، رێڤەبەریا پەرتووکخانا گشتی یا زاخۆ، دەست ب ئەنجامدانا خولەکا رەوشەنبیری و پەرەپێدانا کەسایەتیێ کر.
ئەڤ خولە بۆ ماوێ دو رۆژان دێ یا بەردەوام بیت و تێدا گرنگی ب ژمارەکا قوتابیان دهێتە دان، مەرەم ژ ڤێ چالاکیا ناڤهاتی، ئاڤاکرنا کەسایەتیا مرۆڤی یە ژ ئالیێ رەوشەنبیری و شارەزاییێن کار و بازرگانی (Business Management) ڤە.
چالاکیا ناڤهاتی ل هۆلا رەوشەنبیریا سەر ب رێڤەبەریا پەرتووکخانا گشتی یا زاخۆ ڤە دهێتە ئەنجامدان، هەژی گۆتنێ یە کو 18 قوتابیان پشکداری د ڤێ خولێ دا کریە.
16/05/2026
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پرسەنامەیەکی ئاراستەی نووسەر و لێکۆڵەری کورد مومتاز حەیدەری کرد
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی نووسەر و ڕۆشنبیری ناسراوی کورد، مومتاز حەیدەری کرد.
دەقی پرسەنامەکە
بەناوی یەزدانی مەزن
جەنابی مامۆستای گەورە و خۆشەویست کاک مومتاز حەیدەری، بەداخەوە بۆ بیستنی هەواڵی جەرگبڕی کۆچی دوایی کاکە کاروانی کوڕت.
بەو بۆنە خەمناک و چاوەڕوان نەکراوەوە سەرەخۆشیت لێدەکەم، هاوبەشی ئەو خەمە گەورەیەم کە بۆت پێشهاتووە، تۆ پیاوێکی گەورە و دنیادیدە و هۆشیارو ئاگا و هیمەتداریت، ئینشائەڵڵا خوای گەورە سەبوریت ئەدات.
هاوبەش و هەڵگری بەشێک لەو بارە گرانەی خۆت و بنەماڵە تێکۆشەر و کەسوکارە بەڕێزەکەت دەبم.
جێگەی خوا لێخۆشبوو کاک کارونی نەمر فردەوسی بەرین بێت.
سلاو و دروود بۆ ڕەوانی پاکی
حەمەی حەمەسەعید
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان
15ـی ئایاری 2026
12/05/2026
لەژێر ناونیشانی "خەیاڵی منداڵان"، هیوا فاوەندەیشن پێشانگایەکی شێوەکاری لە سلێمانی کردەوە
کتێبخانەی گشتی سلێمانی – گەلەری ئازاد شەوقی
دوای چوار مانگ لە کارکردنی بەردەوام و ئەنجامدانی ١٤ وۆرکۆشۆپی جۆراوجۆر لە بوارەکانی (هونەری شێوەکاری، وێنەکێشان و کاری دەستی)، پڕۆگرامی پەروەردەیی و هونەریی هیوا فاوەندەیشن بە هاوکاری کتێبخانەی گشتیی سلێمانی، پێشانگایەکی تایبەتی بۆ نمایشکردنی بەرهەم و خەیاڵی منداڵان کردەوە.
ووردەکاریی چالاکییەکە:
بەشداربووان: ٢٤٧ منداڵی دەستڕەنگین.
بەرهەمەکان: ٣١٠ تابلۆ و کاری هونەریی دەستی.
ماوەی پڕۆژەکە: ٤ مانگی خایاندووە.
ئەم پێشانگایە گوزارشت لە جیهانی بێگەردی منداڵان و توانا هونەرییەکانیان دەکات. دەرگای گەلەرییەکە ڕۆژانە لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی بۆ ٥:٠٠ی ئێوارە بەڕووی سەردانیکەراندا کراوەیە و نمایشەکە هەتا ڕێکەوتی ٢٦ / ٥ / ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت.
10/05/2026
شەقڵاوە..
پەردە لەسەر پەیکەری چیرۆکنووس ( مەم ) لادرا و کۆبەرهەمەکانی ناسێنرا
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2026.5.10، بە بەشداریی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەسەنتەری قەزایی شەقڵاوە، مەراسیمی لادانی پەردە لەسەر پەیکەری چیرۆكنووس و ئەدیب و ڕۆژنامەنووسی دیار و ناسراوی کورد محەمەد مەولوود ( مەم ) سازکرا.
لە مەراسیمەکەدا، دیاری وەستا عەزیز بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانە گشتییەکان و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵای حزبی و حکومی و نووسەران و ڕۆشنبیران ئامادەی بوون، هاوکات لەگەڵ پەردەلادان لەسەر پەیکەرەکەی، پەرتووکی کۆبەرهەمەکانی ئەو نووسەرە ناسێنرا و بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرا.
پارێزگاری هەولێر لە گوتەیەکدا، دەستخۆشی لە ئەنجامدەرانی ئەم پڕۆژە فەرهەنگییە کرد.
جێی ئاماژەیە، چیرۆکنووس محەمەد مەولوود ( مەم ) ئەدیب و ڕۆژنامەنووسێکی دیار و ناسراوی کوردە، لە ساڵی 1927 لە شەقڵاوە لەدایکبووە و لە ساڵی 1987 كۆچی دوایی كردووە هەر لەوێش نێژراوە. سەرەتا بە شیعر دەستی پێکردووە، بەڵام دواتر وەک چیرۆکنووسێکی پێشەنگ دەرکەوت و لە ساڵی 1951 یەکەم چیرۆکی بەناوی "برسێتی بەهێزترە" بڵاوکردەوە. مەم ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە دامەزراندنی لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد و سەرنووسەری گۆڤاری هەولێر بووە. دروشمی ژیانی ڕاستگۆیی و مرۆڤدۆستی بووە، ئێستاش کتێبخانە تایبەتەکەی لە مۆزەخانەی پەروەردەیی هەولێر وەک میراتێکی گرنگ پارێزراوە. دروستكردنی ئەو پەیكەرەش بۆی لە زێدی خۆی لە سەنتەری قەزایی شەقڵاوە وەک وەفایەکە بۆ کار و چالاکییە ئەدەبییەکانی.
07/05/2026
سەردانی بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانە گشتییەکان بۆ کتێبخانەی گشتی چوارتا
پێنجشەممە - ٦ ی ئایاری ٢٠٢٦
بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان، دیاری وەستا عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانە گشتییەکان، سەردانی کتێبخانەی گشتی چوارتای کرد.
بەڕێوەبەری گشتی سەرجەم بەشە جیاوازەکانی کتێبخانەکەی بەسەرکردەوەو لەنزیکەوە چاودێری کاروباری کارگێڕی، پرۆسەی پۆلێنکردنی کتێبەکان و ڕێکخستنی سەرچاوە زانستییەکانی کرد.
پاشان کۆمەڵێک ڕێنمایی و پێشنیاری پێویستی بە مەبەستی باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان ئاراستەی بەرپرس و ستافی کتێبخانەکە کرد.
ئەم بەسەرکردنەوەیە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ پەرەپێدانی کتێبخانەکان و خزمەتکردنی زیاتری خوێنەران لە ناوچەکەدا.
07/05/2026
د. سامیە شاکر چاوشلی، نووسەر و شاعیر کۆچی دوایی کرد
هەولێر، چوارشەممە (6ـی ئایاری 2026)
د. سامیە شاکر چاوشلی، مامۆستای زانکۆ، شاعیر و نووسەر دوای تەمەنێک لە خزمەتکردن بە بوارەکانی ئەدەب و ڕۆشنبیری و بواری ئەکادیمی، لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.
د. سامیە نموونەیەکی باڵای تێکۆشان و بوێری و سەرمەشقبوون بوو. بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئەڵمانی 7 کتێبی بەچاپ گەیاندووە.
لە نووسیندا نازناوی "مەشخەڵ"ی هەبوو. لە 1979دا بە هۆی فشارەکانی بەعسەوە ڕووی کردووەتە ئەڵمانیا. بەو هۆیەوە ماڵەکەی لە گەڕەکی شۆڕش لە هەولێر دەستی بەسەردا گیراوە.
لە دەرەوەی وڵات توانیویەتی دکتۆرا لە بواری کۆمەڵناسی بەدەستبهێنێت.
لە 2024دا دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان بڕیاری دا خانووەکەی بکاتە ناوەندێکی ڕۆشنبیری تایبەت بە ژنان.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەو هۆیەوە سەرەخۆشی و پرسەنامە ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکار و سەرجەم نووسەر و ڕۆشنبیرانی کورد دەکات.
ئەو لە ڕێگەی خزمەتەکانییەوە ناوی بۆ هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوە. گیانی شاد و یاد و یادگاری هەمیشە نەمر بن.
07/05/2026
🎨 بانگهێشتنامەی پێشانگای هونەریی منداڵان
دەستێکی بچووک، خەیاڵێکی گەورە
خۆشحاڵین بانگهێشتتان بکەین بۆ ئامادەبوون لە پێشانگایەکی هونەریی تایبەت، کە بەرهەمی زنجیرە وۆرکشۆپی پەروەردەیی و هونەریی هیوا فاوەندەیشنە بۆ منداڵان.
وەرن تا پێکەوە بینەری خەیاڵە ڕەنگینەکانی دەستە بچووکەکان بین.
زانیارییەکانی کات و شوێن:
شەممە، ٩ـی ٥ـی ٢٠٢٦
کات: ٣:٠٠ ی پاشنیوەڕۆ
شوێن: گەلەری ئازاد شەوقی، کتێبخانەی گشتیی سلێمانی
06/05/2026
پرسەنامەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکان
بۆ بەڕێزان: بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو دکتۆرە سامیە شاکر چاوشلی
بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی شاعیر و نووسەر و تێکۆشەری پێشکەوتنخوازی شاری هەولێر و مامۆستای زانکۆ، دکتۆرە (سامیە شاکر چاوشلی) ناسراو بە (مەشخەڵ)-مان پێ گەیشت، کە دوای تەمەنێک لە خزمەتکردن بە بوارەکانی ئەدەب و ڕۆشنبیری و خەباتی نیشتمانی، لە شاری لایپزیگی وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.
دکتۆرە سامیە، نموونەی ژنە تێکۆشەر و قەڵەمێکی بوێر بوو کە هەمیشە لەپێناو ئازادی و بەرەوپێشبردنی مەعریفەدا هەوڵی دەدا. کۆچی دوایی ئەو، لەدەستدانی ئەدیب و ڕۆشنبیرێکی دیاری کوردستانە.
سەرەخۆشی لە سەرجەم نووسەران و ڕۆشنبیران و بنەماڵە بەڕێزەکەیان دەکەین، لە خودای گەورە داواکارین گیانی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری و دڵنەوایی بە هەموو لایەک ببەخشێت.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکان
٦ی ئایاری ٢٠٢٦
05/05/2026
سەردانێکی فەرمی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هونەر و ڕۆشنبیری هەولێر
هەولێر - ٥-٥-٢٠٢٦
بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە کارگێڕی و ڕۆشنبیرییەکان و پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەیدا ،دیاری وەستا عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانە گشتییەکان، بە هاوڕێیەتی ناز فەلەکەدین کاکەیی، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی هەولێر، سەردانی سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی هونەر و ڕۆشنبیری هەولێریان کردو پێشوازی گەرمیان لێکرا.
لە دیدارەکەدا وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون لە سیروان عوسمان، هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا و لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، گفتوگۆیەکی چڕ کرا سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی.
جەختکرایەوە لە سەر گرنگی هەماهەنگی نێوان ناوەندە هونەری و ئەدەبییەکان و کتێبخانەکان بۆ خزمەتکردنی زیاتری ڕەوتی ڕۆشنبیری لە شاری هەولێر و هەرێمی کوردستان.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەو پلان و بەرنامانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان کە خزمەت بە کایەی مەعریفی و هونەری دەکەن.