12/03/2026
ڕاگەیەندراوێك لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە
بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنی و هەستیارەی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئەركی هەموو دەزگەكانی ڕاگەیاندن و لایەنە پەیوەندیدارەكان و سەرجەم هاووڵاتییانە كە بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بكەن و خۆیان لە هەرجۆرە ڕەفتارێك یان بڵاوكردنەوەی زانیاری و نهێنییەك بپارێزن كە خزمەتی نەیارانی كوردستان دەكات و زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دەگەیەنێت.
هەر بۆ ئەو مەبەستە فەرمان بە دژەتیرۆری كوردستان كراوە كە هەر دەزگەیەكی ڕاگەیاندن بە بڵاوكردنەوەی زانیاری و نهێنییەكان و پۆششدانی ناپرۆفیشناڵانەی هەواڵەكانی شەڕ و پەلامارەكانی دوژمن، زیان لە ئاسایشی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بدات، دەستبەجێ ئەو دەزگەیە لەلایەن دژەتیرۆری كوردستانەوە ڕووبەڕووی لێپیچینەوە دەبێت و بەپێی یاسا ڕێکاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر، هەروەها هەر بەرپرسێكیش بەهۆی لێدوانەكانی ببێتە هۆی ئاشكرابوونی زانیاریی هەستیار و لێدوانەكانی خزمەتی دوژمن بكات و زیان لە ئاسایشی هەرێم بدات، بەپێی یاسا لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
13ی ئاداری 2026
29/04/2025
ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە
دوێنێ و ئەمڕۆ بەیانی گرووپێکی تیرۆریستی، لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە درۆن بنکەکانی هێزی پێشمەرگەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە بریندار بوون.
بارودۆخی بریندارەکان باشە و پێشمەرگەکان ئامادەن بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەرپەرچی هەرجۆرە پیلان و هێرشێکی ناحەزان بدەنەوە.
لە کاتێکدا کە پرۆسەی ئاشتی لە باکوور و کۆنفرانسی یەکێتیی لایەنە کوردستانییەکان لە ڕۆژئاوا و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم خەریکە بە ئەنجام دەگات، هەندێ لایەن و گرووپ هەوڵ دەدەن پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری لە دەڤەرەکەدا پەک بخەن.
ئێمە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە، هۆشداری دەدەینە هەموو ئەو گرووپ و لایەنانەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.
هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئامادەن بۆ کاردانەوەی گونجاو بەرامبەر بە هەر هێرشێکی تێکدەرانە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
29ی نیسانی 2025
01/04/2025
ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە
لە ڕۆژی 1ی 4ی 2025، لە کاتێکدا کە خەلکی پارێزگای دهۆک لە ڕێوڕەسمەکانی جەژنی ڕەمەزان و جەژنی ئەکیتۆ بوون، کەسێکی هەڵگری بیروباوەڕی تیرۆریستیی سەر بە داعش بە ئامێرێکی تیژەوە لە ناوبازاڕ هێرشی کردە سەر هاووڵاتییان و دوو کەسی بریندار کرد. دەستبەجێ هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دهۆک کەسی هێرشبەریان دەستگیر کرد کە خەڵکی سووریایە.
لێکۆڵینەوە لە سەر بابەتەکە بەردەوامە و لە دوای کۆتاییهاتنی، دەرەنجامەکان بۆ هاووڵاتییان و ڕایگشتی ڕادەگەیەنین.
14/03/2025
ڕوونکردنەوەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە
دوای چەندین ساڵ بەدواداچوون و بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و دواتر لەگەڵ هێزەکانی فیدراڵی عێراقی، جێگری خەلیفەی داعش و بەرپرسی داعش لە عێراق و سووریا بە ناوی عەبدوڵڵا مەکی موسڵیح رفیعی ناسراو بە ئەبوو خەدیجە لە چالاکییەکدا کوژرا.
ئەم کردارەش دەرخەری ڕژدی ئێمەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا.
بەڵام بەداخەوە لە ڕاگەیەندراوی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵدا هیچ ئاماژەیەک بە ڕۆڵی سەرەکیی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نەدراوە. ئەم نادیدەگرتنەش ئاماژەیەکی باش نییە بۆ ئاسۆی هاوکاریی دامودەزگانی هەرێم و فیدراڵ.
دامودەزگاکانی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی کاریگەریان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لەم
ناوچەیەدا هەبووە و هەرواش بە کارایی لەم ئەرکەی بەردەوام دەبێت و باشترە حکومەتی فیدراڵیش زەمینەیەکی لەبارتری هاوکاری و هاوئاهەنگی برەخسێنێت لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی سەرانسەری عێراق.
08/09/2024
ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێهزاد خوسرەوی، ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی بە ناوی ئاسایشی سلێمانی و بە فەرمانی سەرۆکی یەکێتی ڕادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەم کارە نییە.
ماوەیەکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامودەزگا حکومییەکانی سلێمانی بە بڕیاری حیزب بەڕێوە دەبات، دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بەرپرسیار نین لە هەڵسوکەت و ڕەفتارە نایاساییەکانی سەرۆکی یەکێتی و دامودەزگاکانیان.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
8ی ئەیلوولی 2024