25/09/2025
کوردی / Kurdi Latini
یادی ساڵڕۆژی ڕیفراندۆم، ڕۆژی بڕیاری بوێری گەلی کوردستان، ڕۆژی سەرکەوتنی ئیرادەی نەتەوەکەمان، ڕۆژی هیوا و ئومێد، لە سەرکردە و ڕابەر و پێشمەرگە سەرۆک بارزانی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و گەلی نیشتیمانپەروەر و خۆڕاگری کوردستان پیرۆز بێت.
____
Salvegera referandûmê, roja biryara jêhatîbûna gelê Kurdistanê, roja serkeftina wîna netewî, roja hîva û omîd li Serkirde, Rêber û pêşmerge Serok Barzanî, malbetên serfiraz yên şehîdan, pêşmergeyên qehreman û gelê nîştimanperwer û berxwedêr yê Kurdistanê pîroz be.
17/09/2025
خاتوو رێزان حمەساڵح لەگەڵ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بە دواداچوون کۆبووەوە.
بەڕێز خاتوو رێزان حمەساڵح قادر ئاغا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتالیا، لە شاری هەولێر لەگەڵ بەڕێز، د.عبدالحکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بە دواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا باس هەوڵەکان بۆ بەهێزتر کردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتاڵیا لە رێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرا و ئاماژەش بە پێویستی هاوکاری و یارەمەتی دانی بەردەوامی کوردستانیانی دانیشتووی ئیتاڵیا و کارکردن بۆ بەهاناوەچوون و یارمەتی دانی ئەو کۆچبەرە کوردانەی کە لە رێگەی دەریاوە دەگەنە ئیتاڵیا کرا.
29/07/2025
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا لەگەڵ مەوریتسیۆ گرێگانتی کۆبووەوە
رۆژی هەینی ٢٥ی تەممووزی ٢٠٢٥، رێزان حمەساڵح قادرئاغا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیای کرد و لەگەڵ مەوریتسیۆ گرێگانتی، جێگری بەرێوەبەری گشتی و بەرێوەبەری سەرەکی بۆ ناوچەی دەریای ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی کاروباری دەرەوە و هاوکاری نێودەوڵەتی ئیتاڵیا کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە ماوەی سێ مانگە حکومەتی فیدراڵی بە بیانووی بێ مانا، بودجە و مووچە و قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستانی بڕیوە و راشیگەیاند، ئەو گوشارەی حکومەتی فیدراڵی دەیخاتە سەر هەرێمی کوردستان، گوشارێکی سیاسییە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی دا خاتوو رێزان قادر ئاماژەشی بە هەوڵەکان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرد و رایگەیاند، لە ئێستادا لێکتێگەیشتنێک هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە.
بەشێکی دیکەی دیدارەکە تایبەت بوو بە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و پێشکەوتنەکان سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵەکان بەردەوامن و بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و هەوڵ دەدرێت پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کابینەی نوێ پێک بهێنێت.
لەلایەن خۆیەوە مەوریتسیۆ گرێگانتی خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربری و سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ خۆراگرییان و دڵگران بوون بەوەی بەسەریان دا دێت.
لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا کە لە رێگەی خۆیان و باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکەیانەوە هەوڵی جدی دەدەن بۆ نێوەنگیری لە نێوان هەولێر و بەغدا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بە گرنگیشی زانی کە سەردانە فەرمییەکان لەسەر ئاستی باڵا و لەسەر ئاستی حکومەت لە نێوان هەردوولادا بەردەوام بن و هەماهەنگییەکانیش بەردەوام بن.
17/06/2025
وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فۆرمێکی تایبەت بە وەرگرتنی زانیاری بۆ زیاتر کارئاسانی کردن بۆ ئەو هاونیشتمانیانەی کە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە بڵاو کردووەتەوە.
ئەو هاونیشتمانیانەی کە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە دەتوانن زانیارییەکانیان لەو فۆرمەدا رەوانە بکەن بۆ ئەوەی کارئاسانیان بۆ بکرێت لە پێدانی ڤیزای ترانسێت بۆ ئەوەی لە رێگەی دەروازە سنورییەکانەوە بگەرێنەوە هەرێمی کوردستان.
هەروەهادەتوانن لە رێگەی ئەو ژمارە تەلەفۆنانەوە پەیوەندی بکەن بۆ وەگرتنی هەر زانیارییەک کە پێویست بێت.
https://forms.gle/CreBZc5nWayMVUP3A
٠٠٩٦٤٧٥٠٨٠٣٥٦٨٠
٠٠٩٦٤٧٥٠٨٠٣٥٦٨١
10/06/2025
پەیامی سەرەخۆشی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا بۆ کۆچی دوایی بەڕێز کەریم شنگاڵی، وەزیری پێشووی ناوخۆ حکومەتی هەرێم.
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان،
بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە، پێشمەرگە و خەباتگێڕ و کەسایەتی تێکۆشەری کوردستان و وەزیری پێشووتری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، برای بەڕێزمان کاک کەریم شنگالی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
بۆ کۆچی دوایی خوالێخۆش بوو، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خۆم و تەواوی خانەوادە بەڕێزەکەی و هاوڕێ و خزم ودۆستانی دەکەم، لە یەزدانی مەزن داواکارم رۆحی کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بکات و ئارامی و سەبووریش بە ئێمە و خانەوادەکە بەڕێزەکەی ببەخشێت.
کاک کەریم شنگالی، زۆربەی تەمەنی خۆی لە پێشمەرگەیەکایەتی دا بەسەر برد و وەک کادیرێکی زۆر چالاک و سەرکردەیەکی دیاری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی رزگاری خوازی گەلی کوردستاندا لە چەندین شوێنی جیاواز خزمەتی بە گەلەکەی کردووە و لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیدا زۆر بە دڵسۆزانە کارەکانی راپەڕاندووە و بۆ هەزاران کادیری وەک من، مامۆستا و رێنیشاندەر بووە و بۆ هەمیشەش هەڵوێستە جوامێرانەکانی لەیاد ناکەین.
رێزان حمەساڵح قادرئاغا
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا
10/06/2025
بەسپۆنسەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا پێشەنگایەکی وێنەکێشان لە رۆما کرایەوە
رۆژی ٧ی ئایاری ٢٠٢٥، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، پێشەنگایەکی شێوەکاری بەناونیشانی (پردە ئاسۆی نێوان کوردستان، فەرەنسا و ئیتاڵیا) بۆ هەریەک لە ئاریان لەتیف، هونەرمەندی کورد، پاولا ڤێنسیگێرا هونەرمەندی فەرەنسی و پینۆ ماجۆلیکا، هونەرمەندی ئیتاڵی کرایەوە.
پێشەنگاکە بە سپۆنسەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، ئەوەش بە ئامانجی ناساندنی زیاتری کلتوور و هونەری کوردستان بە وڵاتانی دەرەوە و هاوکاری کردنی هونەرمەندانی کوردستان.
لە پێشەنگاکەدا هونەرمەندە کوردەکە بە ژمارەیەک تابلۆی رەنگاورەنگی سروشتی کوردستان بەشداری کرد، کە بوونە جێگەی سەرنجی سەردانیکەرانی پێشەنگاکە.
هونەرمەند ئاریان لەتیف، دەستخۆشیشی لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ سپۆنسەری کردنی پێشەنگاکە و رایگەیاند‘'لە پێشەنگاکەدا هەواڵمان داوە هەرسێ کلتووری وڵاتانی فەرەنسا، ئیتاڵیا و کوردستان پیشانی خەڵکی بدەین. ''
ڤالێریا فێرانتی، رێکخەری پێشەنگاکەش رایگەیاند''خۆشحاڵین لە یەکێک لە هونەرمەندە کوردەکان لەم پێشەنگایەی ئێمە بەشدارە، ئامادەبوونی بە گرنگ دەزانین لە کوردستانەوە، چونکە کوردستان وڵاتێکی جوانە و ویستمان کلتورەکانی هەرسێ وڵاتی کوردستان، فەرەنسا و ئیتاڵیا لەم پێشەنگایە کۆبکەینەوە.''
لە رۆژی یەکەمی پێشەنگاکەدا شاندێکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا بەشداری پێشەنگاکەیان کرد و دەستخۆشیان لە رێکخەرانی کرد و هیوایان خواست لە داهاتوودا گرنگی زیاتر بە کلتوری کوردستان بدەن.
لەهەمان کاتدا نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەموو پاڵپشتی و کارئاسانییەک کە خزمەت بە هونەری کوردی و کلتوری گەلی کوردستان بکات.
09/06/2025
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا پێشوازی لە هونەرمەندێکی وێنەکێشی کورد دەکات
رۆژی چوارشەممە، ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ هونەرمەندی وێنەکێش (ئاریان لەتیف)، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن خاتوو رێزان حمەساڵح قادرئاغا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیاوە پێشوازی لێکرا.
لە دیدارێکدا ئاریان لەتیف ئامانجی سەردانەکەی بۆ وڵاتی ئیتاڵیا بۆ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان روون کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە بە بانگێشتێکی فەرمی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەشداری لە پێشەنگایەکی وێنەکێشاندا دەکات.
لەلایەن خۆیەوە رێزان حمەساڵح قادرئاغا، بەخێرهاتنی هونەرمەند ئاریان لەتیفی کرد بۆ وڵاتی ئیتاڵیا و دەستی خۆشی لێکرد بۆ بەشداری کردنی لەو پێشەنگایانە و ئاماژەی بەوەشدا ئەو جۆرە پێشەنگایانە کاریگەرییان دەبێت لە ناساندنی کلتور و هونەری کوردی لە دەرەوەی وڵات.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، ئاماژەشی بەوەدا وەک هاوکارییەک نوێنەرایەتی سپۆنسەری پێشەنگاکە دەکات و بە ئامانجی رێزگرتن لە ماندووبوونی هونەرمەندەکە و ناساندنی زیاتری کلتور و هونەری کوردی بە وڵاتی ئیتاڵیا.
لەلایەن خۆشیەوە ئاریان لەتیف سوپاسی نوێنەر و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو هاوکارییە و هیواشی خواست بتوانێت ئەگەر بە ئەندازەیەکی کەمیش بێت خزمەت بە کلتوور و هونەری کوردستان بکات.
06/06/2025
La Rappresentanza del Governo Regionale del Kurdistan in Italia
augura a tutti un felice Eid al-Adha,
ricco di pace, solidarietà e benedizioni.